راوێژکاری دارایی سوودانی: دەستکاریی نرخی دۆلار ناکرێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
راوێژکاری دارایی سوودانی دەڵێت، سیاسەتی نەختینەیی ئامانجەکانی بەدیهێناوە لە عێراق و کاری هاوبەش هەیە بۆ پاراستنی نەختینە.
موزهر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "عێراق بەرەوپێشچووە لە پەرەپێدانی میکانیزمەکانی چاکسازیی بانکی و رێکخستنەوەی دامەزراوە بانکییەکان. ئەمەش لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ و خێرا دەستیپێکردووە".
ئەو راوێژکارە دەڵێت، ئەم چاکسازییانە "لەڕێگەی هەردوو کۆمپانیای راوێژکاریی جیهانی، 'ئێرنست ئەند یۆنگ' بۆ چاکسازیی کەرتی بانکیی حکومی و 'ئۆلیڤەر وایمان' بۆ چاکسازیی کەرتی بانکیی تایبەت دەکرێن".
موزهر محەممەد گوتیشی، "دەسەڵاتی جێبەجێکردن رەزامەندی لەسەر رێوشوێنەکانی رێکخستن [ـی بانکەکان] داوە بۆ ئەوەی دەستبەجێ بچنە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێستاش کۆدەنگی و ئاسوودەییەک لەنێو دامەزراوە بانکییەکاندا هەیە سەبارەت بە هەنگاوەکانی چاکسازی، جا چ لەسەر ئاستی باشترکردنی پابەندبوون بێت یان بەهێزکردنی پێوەرەکانی سەرمایە و بەدەستهێنانی گشتگیریی دارایی دیجیتاڵی".
راوێژکارە داراییەکە ئەوەشی باسکرد، سیاسەتی نەختینەیی ئامانجەکانی بەدیهێناوە لە عێراق، کە سەقامگیریی گشتیی نرخەکانە، ئەوەش دەبێت پارێزگاری لێبکرێت.
یەدەگی بیانیی عێراق نزیکەی 100 ملیار دۆلارە. موزهر محەممەد دەڵێت، بانکی ناوەندیی عێراق خاوەنی یەدەگێكی بیانیی بەهێزە کە فرەچەشن کراوە بە دراوی بیانی، زێڕ و ئامرازەکانی وەبەرهێنان و ئێستا ئەو یەدەگە لە باشترین دۆخیدایە. بەتایبەتیش کە زیادبوونی هەڵاوسانی ساڵانە لەنێوان 2.5% بۆ 3%ـە، ئەوەش رێژەیەکی سرووشتییە.
موزهر محەممەد گوتیشی، "جەخت لەوە دەکەینەوە، یەکێک لە کارە لەپێشینەکان پاراستنی ئەم سەقامگیرییە -کە بە یەدەگی بیانیی پێویست پشتیوانی دەکرێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە نرخی فەرمیی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار ناکرێت کە 1320 دینارە بۆ هەر دۆلارێک.
