مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست دابەش دەکرێت
2 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی مامۆستایانی گرێبەست و بەشێک لە فەرمانبەرانی هەمیشەیی و گرێبەست، دەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ڕایگەیاندووە، ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە، ڕێککەوتی 3 و 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، مووچەی مانگی ئەیلوولی مامۆستایانی گرێبەست لە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دابەش دەکرێت.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەر لەو دوو ڕۆژەدا، مووچەی هەردوو مانگی ئازار و ئەیلوولی ساڵی 2025 بۆ سەرجەم ئەو فەرمانبەرانە خەرج دەکرێت کە لە دوای ڕێکەوتی 1ـی تەممووزی 2024ـەوە بە شێوەی گرێبەست یان هەمیشەیی لەسەر میلاکی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم دامەزراون.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەم بڕیارە تەنها ئەو فەرمانبەرانە دەگرێتەوە کە شایستە داراییەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە.
