پێشنیارێک سەبارەت بە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە لە بەسرە
2 كاتژمێر لەمەوپێش
عوسمان عەسکەری
بۆ/ بەڕێز بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان
بابەت/ پێشنیارێک سەبارەت بە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە لە پارێزگای بەسرە.
سڵاو و ڕێز..
هەرچەندە بەختی ئەوەم نەبووە لە نزیکەوە ئامادەی فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە بم، بەڵام لە ڕێگەی شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە، سەرسام بووم بە بینینی ئەو دیمەنە جوانانە. فێستیڤاڵ لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کە ڕەگەکەی بۆ سەردەمی میسری و یۆنانییە کۆنەکان دەگەڕێتەوە، بۆنەیەکی ئاهەنگگێڕان و جەژن بوو بۆ خوداوەندەکان، بەڵام بزوێنەرێکی گرنگی ئابووری و کۆمەڵایەتیش بووە بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان.
جوانیی فێستیڤاڵی هەڵەبجە لەوەدایە کە تەنیا سەکۆیەک نییە بۆ بەبازاڕکردنی بەروبوومی جووتیاران، بەڵکو تابلۆیەکی زیندووی فەرهەنگییشە، تێکەڵەیەکە لە جلوبەرگی ڕەسەن، کاری دەستکرد و هونەری کوردی. ئەم چالاکییە دوو ئامانجی گەورە دەپێکێت.. یەکەم، بوژانەوەی ژێرخانی ئابووریی جووتیاران. دووەم، نیشاندانی ناسنامەی ڕاستەقینەی فەرهەنگیی کورد.
گواستنەوەی ئەم فێستیڤاڵە بۆ پارێزگای بەسرە، دەرفەتێکی زێڕینە بۆ "دیپلۆماسییەتی فەرهەنگی". نیشاندانی جیاوازییە جوانەکانی نێوان کلتووری کوردی و عەرەبی بە نەوەی نوێی بەسرە، تۆوی لێبوردەیی و یەکترقبوڵکردن لە ناخی منداڵاندا دەچێنێت، کە ئەنجامە ئەرێنییەکانی لە ساڵانی داهاتوودا، لە پەیوەندیی نێوان هەردوو گەلدا دەردەکەون.
بەسرە و هەڵەبجە تەنیا لە بازرگانیدا هاوبەش نین، بەڵکو خاوەنی "برینێکی هاوبەشیش"ن. ئەگەر هەڵەبجە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ بووە قوربانیی گەورەترین تاوانی کیمیایی بە دەستی ڕژێمی بەعس و نوێنەرایەتی یەکێک لە تاریکترین ئەڵقەکانی تاوانەکانی سەدەی بیستەم دەکات، کە گەورەترین هێرشی کیمیاییە بۆ سەر دانیشتووانی سڤیل لە مێژوودا، ئەوا بەسرەش چەقی جەنگێکی وێرانکەر و ستەمێکی مەزهەبیی قورس و سیمبۆڵی قوربانیدانی ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ کە بە هۆیەوە ڕووبەڕووی جینۆسایدێکی ژینگەیی گەورە و ووشککردنی زۆربەی زۆنگاوەکانی پارێزگاکە بوونەوە.
لە ناو ئەم مێژووە پڕ لە ئازارەدا، مۆدێلێکی جوانی مرۆڤایەتی لە بەسرەوە سەری هەڵداوە، ئەویش خانمە سیاسەتمەدار "عبير السهلاني"یە. عەبیر، کە کچی بەسرەیە و ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپایە، بووەتە دەنگێکی بوێر و داکۆکیکارێکی سەرسەختی مافەکانی گەلی کورد، بەتایبەت لە کاتی هێرشەکانی جۆلانی بۆ سەر ڕۆژاڤا. ئەو بە هەستێکی مرۆڤدۆستانەی باڵاوە بەرگری لە دۆزی ئێمە کرد.
وەک پێشمەرگەیەکی دێرین، پێشنیار دەکەم ئەم فێستیڤاڵە لە بەسرە وەک وەفایەک بۆ ئەم خانمە و بۆ گەلی بەسرە، ڕەهەندێکی مرۆیی و سوپاسگوزاری وەربگرێت. ئەگەر بکرێت فێستیڤاڵەکە (یان بەشێکی تایبەتی لێی) بە ناوی "عبير السهلاني"یەوە بێت. ئەگەر لە ڕووی پرۆتۆکۆلیەوە نەگوونجا، گرنگە بەشێک لە کچانی ناو فێستیڤاڵەکە، سوخمەی کوردی بپۆشن کە ناوی ئەم خانمە قارەمانەی لەسەر نەخشێنرابێت و لە مێدیاکانەوە بایەخیان بدرێتێ.
گەلی کورد بە وەفاداری ناسراوە. ئەم هەنگاوە دەبێتە پەیامێکی ڕوون کە ئێمە هەرگیز ئەو دەستانە لەبیر ناکەین کە لە کاتی تەنگانەدا بۆ پشتیوانیمان درێژ کراون.
لەگەڵ ڕێز و پێزانیندا..
پ.م دێرین و سینەماکار
عوسمان عەسکەری
