ترەمپ جەنگی دژی ئێران ڕاگەیاند: چەکەکانتان دابنێن

15 كاتژمێر لەمەوپێش



دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی گەورەی لە ناوخۆی ئێران ڕاگەیاند و ئامانجی هێرشەکەش بۆ لەناوبردنی "هەڕەشە دەستبەجێکان" و پاراستنی گەلی ئەمریکا دەگەڕێنێتەوە.

ئەم ڕاگەیاندنەی ترەمپ لە کاتێکدایە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆردوومانی چڕیان بۆ سەر تاران دەستپێکردووە. 

 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند: پێش ماوەیەکی کەم، سوپای ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی گەورەی لە ناو خاکی ئێران دەستپێکرد؛ ئامانجمان پاراستنی گەلی ئەمریکایە لە ڕێگەی لەناوبردنی ئەو هەڕەشە دەستبەجێیانەی لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە دروست دەبن.

 ئێمە مووشەکەکانی ئێران تێکدەشکێنین، پیشەسازیی مووشەکییان لەگەڵ زەوی تەخت دەکەین و هێزی دەریاییەکەشیان بەتەواوی لەناو دەبەین.

ترەمپ دەشڵێت: ئەوان گرووپێکی دڕندەی کەسانی زۆر توند و خراپن، چالاکییە هەڕەشەئامێزەکانیان مەترسیی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئەمریکا، سەربازەکانمان، بنکەکانمان لە دەرەوەی وڵات و هاوپەیمانەکانمان لە سەرانسەری جیهان.

 ئەم ڕژێمە تیرۆریستە نابێت هەرگیز ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دووبارەی دەکەمەوە: هەرگیز ڕێگە نادەین چەکی ئەتۆمییان دەستبکەوێت.

ترەمپ لەبارەی ئێرانەوە: مووشەکەکانیان تێکدەشکێنین و پیشەسازیی مووشەکییان لەگەڵ زەوی تەخت دەکەین؛ هەمووی بەتەواوی لەناودەبرێت و دەسڕێتەوە.

ترەمپ لەبارەی هێرشەکان بۆ سەر ئێران: ڕەنگە قوربانیمان هەبێت، ئەوە لە جەنگدا زۆر ڕوودەدات، بەڵام ئێمە ئەمە لە پێناو ئایندەدا ئەوە دەکەین.

ترەمپ هۆشداریی کۆتایی دەداتە هێزە چەکدارەکانی ئێران: پەیامم بۆ ئەندامانی سوپای پاسداران، هێزە چەکدارەکان و پۆلیس ئەوەیە؛ یان دەبێت چەکەکانتان دابنێن و پارێزبەندیی تەواوتان هەبێت، یان ڕووبەڕووی مردنی مسۆگەر ببنەوە.

ترەمپ پەیامێک ئاڕاستەی گەلی ئێران دەکات: کاتێک کارەکانمان تەواو دەکەین، دەست بەسەر حکومەتەکەتاندا بگرن، چونکە ئەو کاتە دەسەڵات هی خۆتان دەبێت. ئەمە ڕەنگە تەنها دەرفەتتان بێت بۆ چەندین نەوەی داهاتوو.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار