کۆمپانیا نەوتییەکانی عێراق کارمەندەکانیان دەگوازنەوە کوەیت
کاتژمێرێک لەمەوپێش
دوو سەرچاوەی عێراقی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاند، چەندین کۆمپانیای بیانی نەوت لەوانە هالیبێرتۆن، کی بی ئاڕ و شلومبێرگەر دەستیان کردووە بە گواستنەوەی کارمەندانی بیانیی خۆیان لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق بۆ کوەیت لە رێگەی دەروازەی سنووری سەفوانەوە.
لە لایەکی دیکەوە، دامەزراوە دارایی و راوێژکارییەکان هۆشداریی توندیان داوە، لەبارەی لێکەوتە چاوەڕوانکراوەکانی بەردەوامبوونی جەنگ لە دژی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر دابینکردنی وزەی جیهانی، ئەو دامەزراوانە ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی ئەگەری داخستنی گەرووی هورمزەوە، مەترسیی وەستانی بەشێکی زۆری بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت هەیە.
ئەم هەنگاوەی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کاتێکدایە کە مەترسییەکانی فراوانبوونی بازنەی ململانێکان لە ناوچەکەدا روو لە زیادبوونە، سوپای ئەمریکا لە چەند رۆژی ڕابردوودا بە شێوەیەکی لەناکاو مانۆڕێکی گەورەی سەربازیی هەڵوەشاندەوە کە بڕیار بوو بۆ یەکەیەکی تایبەتی هێزە پەڕەشوتەوانەکان ئەنجام بدرێت، ئەم بڕیارەش بووەتە هۆی دروستبوونی گومان و پێشبینی لە ناوخۆی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا سەبارەت بە ئەگەری رەوانەکردنی هێزی پیادە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لەگەڵ فراوانبوونی ئاستی رووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ ئێران.
رۆژانە بڕی نزیکەی %20ـی نەوتی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕێت. بەگوێرەی خەمڵاندنەکان، داخستنی ئەم گەرووە بۆ ماوەی حەوت رۆژ، نزیکەی 140 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهان کەم دەبێتەوە.
