ئەو ترلیۆنان دۆلارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سووتاند

کاتژمێرێک لەمەوپێش



"دەنگی تەقینەوەیەک یان چرپەی لەرەی گەڵای دارێک؟" 
ئەمە ئەو پرسیارە جەوهەریەیە دەبوو دەیان ساڵ لەمەوبەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەڵام بدرایەتەوە. کاتێک سەیری نەخشەی ناوچەکە دەکەیت، دووکەڵ و خۆڵبارین و پاشماوەی جەنگەکان دیمەنی زاڵن، بەڵام لە پشت ئەم پەردە تاریکەوە، ژمارەکان راستییەکی پڕ لە حەسرەت دەگێڕنەوە.

بەگوێرەی ئامارەکان، تەنها ئەمریکا زیاتر لە هەشت تریلیۆن دۆلاری لە جەنگەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خەرجکردووە، ئەمەش سەرباری ئەو زیانە زۆرانەی بەهۆی جەنگەکانەوە بەر ناوچەکە کەوتوون و قەبارەیان بە تریلیۆنان دۆلاری دیکە دەخەمڵێنرێت.

ئەو پارەیە تەنها ژمارەی ناو بانکەکان نییە؛
 بەڵکو خەرجی ئەو "دارستانە" بوو کە هەرگیز دروستنەکرا 
 ئەو "رووبارە" دەستکردانە بوو کە بیابانەکانیان تێر ئاو نەکرد
 ئەو "نەوەیە" بوو کە لەبری کتێب، چەکیان گرتە دەست

خەیاڵ بکە، ئەگەر "بەڵێ"مان بۆ ژیان و ئاشتی بکردایە، چی روویدەدا؟ 
ئەگەر تێچووی تەنها یەک ساڵی کڕینی چەک لە ناوچەکەدا بۆ ئاشتی تەرخان بکرایە:
 دەمانتوانی ئاوی دەریاکان شیرین بکەین، بیابانەکان بکەینە گەورەترین کێڵگەی کشتوکاڵی جیهان و چەمکی "بێکاری" لە فەرهەنگی ناوچەکەدا دەسڕایەوە، هەروەها رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بری هاوردەکردنی گەنم دەبووە "سه‌به‌ته‌ى خۆراکی جیهان".

ئەی ئێستا چی بکرێت؟ ئایا درەنگ؟
ئێستا لە ناوه‌ندى بیابانەکاندا، ململانێیەکی نوێ دەستی پێکردووە، بەڵام ئەمجارەیان به‌رامبه‌ر سروشت نەک له‌نێوان مرۆڤ، له‌پێناو مرۆڤ نه‌ك له‌ دژى.

 پڕۆژە مەزنەکانی وەک "سعودیەی سەوز" و شارە ژینگەیییەکانی ئیمارات، ئاماژەن بۆ ئەوەی کە تێگەیشتنێکی نوێ لەدایکبووە: "ئاشتی نەک هەر پیرۆزە، بەڵکو زۆر لە جەنگ هەرزانتریشە".

رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە. جیهان خەریکە لە تینوێتیدا دەخنکێت و خاکەکەمان خەریکە دەبێتە سووتماک. کاتی ئەوە هاتووە تێبگەین کە: "بۆنی گوڵاڵەسوورەیەک لە دەشتی شارەزوور ، زۆر بەهێزتر و مانادارترە لە بۆنی بارووت و دەنگی هەزاران مووشەک".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار