پێنج خانمە یاریزانی ئێرانی لە ئوسترالیا هەڵاتوون، ترەمپ داوای مافی پەنابەری بۆ تیپەکە دەکات

2 كاتژمێر لەمەوپێش



ماڵپەڕى زە ئەتلەتیک بڵاویکردەوە، پێنج یاریزانى هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانى ئێران لە شوێنى مانەوەیان هەڵاتوون و لە خانوویەکى سەلامەتدا چاودێری دەکرێن کە لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی ئوسترالیاوە چاودێری دەکرێت، لەلایەکی دیکەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای مافی پەنابەری بۆ تەواوی تیپەکە کردووە تاوەکو نەگەڕێندرێنەوە بۆ ئێران.

سەرچاوە ئاگادارەکان لە ڕووداوەکە بە ماڵپەڕى زە ئەتلەتیکیان ڕاگەیاندووە، پۆلیس ئێوارەی دووشەممە 9ى ئادارى 2026 هاوکاری پێنج یاریزانەکەی کردوە بۆ ئەوەی هۆتێلەکە بەجێبهێڵن، کاتێک ئەو پێنج خانمە یاریزانە لە ئێوارە خوانی تیمەکەیان ئامادەنەبوون بۆیان دەرکەوتووە هەڵاتوون.

دوابەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تەلەفزیۆنی فەرمى دەوڵەتی ئێران هەڵبژاردەی نەتەوەیی خانمانى ئێرانی بە "خیانەتکار لە کاتی جەنگدا" ناوبردو هەڕەشەی لێکردوون لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ وڵاتەکەیان سزاى تووند دەدرێن، بەهۆی ئەوەی ئامادە نەبوون سروودی نیشتمانی لە یاریی یەکەمی جامی ئاسیادا بڵێنەوە، جگەلەوەش لە سۆشیاڵ میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڕەشەی کوشتن و لە سێدارەدان لە یاریزانانی هەڵبژاردەکە دەکرێت، ئەمەش تیپەکەی رووبەڕووی بەربەستێکی زۆر کردووەتەوە لەگەڕانەوەیان بۆ ئێران.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا لە هەژماری خۆی لە ترۆس سۆشیاڵ دەڵێت " ئوسترالیا هەڵەیەکی مرۆیی گەورە دەکات بەوەی رێگە دەدات هەڵبژاردەی نیشتمانیی تۆپی پێی خانمانی ئێران بە زۆر بگەڕێندرێنەوە بۆ ئێران، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە لەوێ دەکوژرێن."

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نووسیوویەتی "ئەوە مەکە جەنابی سەرۆک وەزیران، مافی پەنابەرییان پێ ببەخشە. ئەگەر ئێوە وەریان نەگرن، ویلایەتە یەکگرتووەکان وەریان دەگرێت، سوپاس بۆ گرنگیدانتان بەم بابەتە."

دوای ماڵئاواییکردنی هەڵبژاردەکە لە جامی ئاسیا، تاوەکو ئێستا تیپی تۆپی پێی خانمانی ئێران نەگەڕاوەنەتەوە وڵاتەکەیان و لە ئوسترالیا ماونەتەوە، تەنانەت ناتوانن لەو هۆتێلەش بێنە دەرەوە کە تێیدا دەمێننەوە، بەتایبەت کە ئەو کەسانەی هاوسۆزییان بۆ سوپای پاسدارانی ئێران هەیە چاودێریی تووندی تیپەکە دەکەن، بەمشێوەیە تیپەکە بەتەواوی لە جیهانی دەرەوە دابڕاوە و تەنانەت چاودێریی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیشیان دەکرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار