پەیوەندیی گەل و رۆشنبیر و سەرکردایەتی لەکاتی جەنگدا
کاتژمێرێک لەمەوپێش
فارس نەورۆڵی
ئەم جەنگەی ئێستا لەنێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتوەتەوە جەنگێکی دوالیزمی جیۆپۆلۆتیکی یە و، پەیوەندی بە ململانێی ئابوریی سیاسی نێوان چین و ئەمریکاوە هەیە، بۆ ئەوەی رێگا لەگەشەی ئابوری و نفوزی سیاسی چین بگرن. لە تازەترین لێدوانی لیندزی گراهام دا دەڵێ (ئێران و ڤەنزوێلا خاوەنی لە 31%ى یەدەگی نەوتی جیهانن و دەبن بەهاوبەشی ئەمریکا، ئەمە بۆ چینیەکان خەونێکی ناخۆشە) پەیامەکە ڕوونە شەڕ لە نێوان زلهێزەکاندایە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئابوری جیهانی و کۆنترۆڵکردنی دەریایی و وشکانی.
قەیران یان جەنگ کاتێک ڕوودەدات، وڵات دەکەوێتە ڕووبەڕووی دۆخی نائاسایی و گرفتی گەورە. لە وەها دۆخێکدا گرنگی و پەیوەندی نێوان سەرکردە و ڕۆشنبیر و خەڵک بەشێوەیەکی ڕوونتر دەردەکەوێت و بهرپرسیارانەتر جوڵە دەکەن.
ئەرکی ڕۆشنبیر لە کاتی جەنگدا دەتوانرێت لە دوو خاڵی سەرەکیدا کورت بکرێتەوە:
١. خستنەڕووی پێشنیار و بیرۆکەی ستراتیجی لەسەر بنەمای داتا و زانیاری و توێژینەوە بۆ سەرکردایەتی و دامەزراوەکان، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو لەکاتی نائاسایدا.
٢. وشیارکردنەوەی خەڵک و بەرزکردنەوەی ورەی جەماوەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیران.
لەم ڕۆژانەدا، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا ــ بەتایبەتی لەم چرکەساتانەدا ــ ئەمریکا داوای لە کورد کردووە کە لە بەرەی ئەمریکا بن. لە بەرامبەردا ئێران بە ئاشکرا پەیامی داوە بە هەرێمی کوردستان کە ئەگەر ببێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ، وەک دوژمن مامەڵەی لەگەڵ دەکات.
لەو کاتەوە، بەشێک لە میدیاکاران و ڕۆشنبیران بەردەوام وتار و شیکردنەوە لەسەر ئەم دۆخە دەنووسن. زۆربەی ئەم قسەوباسانە تەنها باس لە ترسناکی دۆخەکە دەکەن و داوا لە سەرکردایەتی سیاسی کورد دەکەن وریابن، هاوسەنگی بپارێزن و وەک تەماشاکار بمێنن. لەڕاستی دا زۆربەی شیکردنەوەکان دەچونە چوارچێوەی قسەی گشتی و ئینشائییەوە و پشتیان بەهیچ داتایەک نەبەستبو، لەکاتێکدا ئێمە پێویستمان بەتوێژینەوە و ئەکادیمی بوونە لەسەر ڕوداوەکان، بۆیە ئەو شیکردنەوانە شتێک زیادناکەن بۆ چارەسەری دۆخەکە. ئەم داواکردنە لە سەرکردایەتی سیاسی کورد کە تەماشاکاربن لەکاتێکدایە کە مێژوو پێمان دەڵێ تەماشاکاربوون لە جەنگێکی ئاوادا، لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی دەستبەتاڵی. ئەگەر بەمێژوودا بچینەوە هیچ کات گەلی کورد لەپشتەوە خەنجەری لە هیچ نەتەوەیەکی ناوچەکە نەداوە ئەگەرچی دەیان جار خەنجەر لە کورد دراوە، باوەڕیشم وایە ئێستاش کورد هەمان ئەخلاق لە سیاسەتدا پەیڕەودەکات. لە مێژووی نوێشدا لە پێکهێنانی کابینەی یەکەمی حکومەتی هەرێم تا کابینەی نۆ بەکردار سەلماندویەتی کە هەرێم فاکتەری سەقامگیرییە بۆ دراوسێکان نەک هەڕەشە.
ئێستا، ئەگەرچی ئێمە خۆمان بە تەماشاکار دەزانین، بەڵام درۆنەکان بە جۆرێکی دیکە تەماشای ئێمە دەکەن و بە جۆرێک پێمان دەڵێن: «ئاگرەسورە لە ئێوە دوورنابێت». واتە تەنانەت ئەگەر ئێمە لە دۆخی بەشدارینەکردندا بین، ئەوا شەڕ هەر دەتوانێت بگاتە ئێمە و بمانکات بە بەشێک لەخۆی و بەشداریمان پێبکات . بۆیە دەبێت بزانین کە هەر وەک بەشداریکردن باجی خۆی هەیە، بەشدارینەکردنیش باجی خۆی هەیە؛ چونکە بێ باج هیچ دەسکەوتێک بەدەستنایەت.
لە هەموو ئەگەرەکاندا بۆ لەدەستنەدانی ئارامی دۆخەکە، ڕێگای دیبلۆماسی تەنها چارەسەرە لەئێستادا دەتوانێت بەردەوام بێت و لە لاوازترین حاڵەتدا سیاسەتی خۆ بێبەریکردن بگیرێتەبەر. لە ئاستی جەماوەریی و ڕۆشنبیریدا خەڵک پاڵپشتی دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان و سەرکردایەتی سیاسیدا بین لە ئاستی ڕۆشنبیراندا پێشنیاری سیاسی و واقیعی لەسەر بنەمای داتا بخەنەڕوو، دوور لەحاڵەتی سۆزداری.
ئێستا لە هەلومەرجێکداین، سەرەڕای گلەییەکانمان لە سەرکردەکان، باشتروایە ئەم مەسەلەیە بۆ ئەوان جێبهێڵدرێت و گەل و ڕۆشنبیران پاڵپشتی بکەن، چونکە ئەوان زیاتر دەزانن لە پشتی پەردەی سیاسەتدا چی دەگوزەرێت. بۆیە پێویستە ڕۆشنبیران، میدیا و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لەم قۆناغەدا هاوکاری سەرکردایەتی سیاسی بکەن بۆ بەڕێوەبردنی دۆخی شەڕ و قەیران، چونکە ئەم چرکەساتە دەتوانێت بۆ کورد ببێتە چرکەساتی کەوتن یان سەرکەوتن لە پاش سایکس ـ پیکۆوە.
باوەڕم وایە سەرکردایەتی سیاسی کورد، بەهۆی ئەزموونی زۆری شکست و هاوپەیمانییە فریودەرەکانەوە لەگەڵ هێزە ناوچەیی و جیهانییەکان، وشیاری سیاسییان ئەوەندە گەشەی کردووە کە بتوانن لەم هەلومەرجە نوێیەی مێژوودا پێگە و شوێنی کورد لە سیستمی ئاڵۆزی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا قایم بکەن. دەتوانێت ئەم قەیرانە بە جۆرێک بەڕێوەببات کە ئەگەر سەرکەوتنی تەواو بەدەستنەهێنرێت ئەوا بە کەمترین زیان لێی دەرچین.
ئێستا سەرکردایەتیکردن لەم دۆخەدا تەنها بریتی نییە لە دەرکردنی فەرمان؛ بەڵکو پێویستی بە بیرکردنەوەی خێرا، ئارامیی دەروونی و توانای ڕێنماییکردنی خەڵک و ڕای گشتی هەیە بۆ ئەوەی دۆخی شڵەژان دروست نەبێت.
بە باوەڕی من، لەم قۆناغەدا سەرکردایەتیی کورد بەتایبەتی لەوکاتەوە پیلانگێڕی و هێرش بۆ سەر کوردانی ڕۆژئاوا دەستی پێکرد و، هەروەها لەم جەنگەی نێوان ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل، سەرکردایەتی سیاسی بە ئارامی و وردی هەلومەرجەکەی بەڕێوەبردووە. کەواتە باشە هەموومان ئەوەی لە تواناماندا هەیە جێبەجێ بکەین و ئەرکی خۆمان بگرینەئەستۆ بۆ ئەوەی بتوانین لەم قۆناغەدا دەرباز ببین و سەرکەوتن بەدەست بهێنین.
بێگومان، هاوکاری نێوان گەل، ڕۆشنبیران و سەرکردایەتی هێزێکی گرنگە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە. لە کۆتاییدا، ئەم قۆناغە تەنها تاقیکردنەوەی سەرکردایەتی سیاسی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگەشە. کاتێک جیهان دەگۆڕێت و هاوسەنگی هێز تێکدەچێ، ئەو گەلانە دەتوانن براوە بن کە بتوانن پەیوەندی سیاسی و یەکگرتوویی ناوخۆیان بپارێزن.
بۆ کوردیش، ئەم قۆناغە دەتوانێت ببێتە هۆی زیاتر هۆشیاربوونەوە و یەکگرتوویی نێوان گەل، ڕۆشنبیران و سەرکردایەتی؛ چونکە لە دۆخی ئاوادا، هێزی ڕاستەقینە تەنها لە چەکدا نییە، بەڵکو لە گوتاری یەکگرتوویی و بیرکردنەوەی هاوبەش و ئەرێنیدا دەبینرێت.
