هه‌ده‌په‌ کار بۆ ده‌ستورى نوێ ده‌کات

له‌پاڵ هه‌وڵه‌کانى بۆ زیندوکردنه‌وه‌ى پڕۆسه‌ى ئاشتى هه‌ده‌په‌ جموجۆڵى به‌ ئاڕاسته‌ى هه‌موارى ده‌ستور ده‌ستپێکردووه‌

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

پارتى دیموکراتى گه‌لان (هه‌ده‌په‌) هه‌وڵه‌کانى ده‌ستپێکردووه‌ به‌ ئاڕاسته‌ى هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌ستورى بنه‌ڕه‌تى تورکیا، تا له‌و رێگه‌یه‌وه‌ سیسته‌مێکى دیموکراتى بنیات بنرێت که‌ مافه‌کانى کوردى تێدا پارێزراو بێت.

هه‌وڵه‌که‌ى هه‌ده‌په‌ دواى به‌رده‌وامیدانى تورکیا دێت به‌ ئۆپراسیۆنى سه‌ربازى و ده‌ستگیرکردنى به‌رپرس و ئه‌ندامانى ئه‌و پارته‌ کوردییه‌، به‌چه‌ندین تۆمه‌تى جیاجیا له‌ناویاندا بوونى په‌یوه‌ندییان به‌ په‌که‌که‌وه‌.

هه‌ده‌په‌ ده‌یه‌وێت له‌ڕێگه‌ى هه‌موارى ده‌ستورییه‌وه‌ رێگرى سه‌ره‌کى له‌و کارانه‌ى ده‌وڵه‌ت بکات، بۆ ئه‌وه‌ش داواى له‌ پارته‌ هاوپه‌یمانه‌کانى کردووه‌ پێکه‌وه‌ به‌و ئاڕاسته‌یه‌ کاربکه‌ن.

حه‌سه‌ن ئۆزگه‌نوش په‌رله‌مانتارى هه‌ده‌په‌ به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند، ده‌یانه‌وێت ده‌ستورى تورکیا هه‌مواربکرێته‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌ک گره‌نتى سیسته‌مێکى دیموکراتى بکرێت و مافى کورد و هه‌موو پێکهاته‌کان پارێزراوبێت.

وتیشى «ده‌ستورى ئێستاى تورکیا نادیموکراتییه‌، ماف و ئازادییه‌کانى تێدا به‌پێی پێویست نه‌پارێزراوه‌، داوامان له‌پارته‌کانى دیکه‌ کردووه‌ پێکه‌وه‌ هه‌وڵ بۆ ئه‌و ئامانجه‌ بده‌ین و ده‌ستور هه‌مواربکرێته‌وه‌«.

ده‌ستورى تورکیا ساڵى 2017 له‌ ریفراندۆمێکى گشتیدا هه‌موارکرایه‌وه‌ و سیسته‌مه‌که‌ له‌په‌رله‌مانییه‌وه‌ بۆ سه‌رۆکایه‌تى گۆڕدرا، ئه‌وکات هه‌ده‌په‌ و جه‌هه‌په‌ به‌نه‌خێر دژى ئه‌و هه‌مواره‌ ده‌نگیاندا و جه‌ختیان کرده‌وه‌ که‌ ئه‌و ده‌ستوره‌ نوێیه‌ سیسته‌مێکى «دیکتاتۆرى» ده‌هێنێته‌ کایه‌وه‌ و رۆڵى په‌رله‌مان سنوردار ده‌کات.

به‌پێی هه‌مواره‌که‌، زۆربه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌کان له‌لاى سه‌رۆک کۆمار کۆکراونه‌ته‌وه‌ و له‌ژێر ده‌ستى په‌رله‌مان ده‌رهێنراون، ماوه‌ى خولى سه‌رۆکایه‌تیش له‌ چوار ساڵه‌وه‌ کراوه‌ به‌ پێنج ساڵ.

کورد به‌توندى دژى زیادکردنى ده‌سه‌ڵاته‌کانى سه‌رۆک کۆمار وه‌ستایه‌وه‌و به‌ هه‌وڵێک بۆ بنیاتنانى سیسته‌مێکى دیکتاتۆرى ناویبرد، به‌ڵام پارتى دادو گه‌شه‌پێدانى ده‌سه‌ڵاتدار له‌ تورکیا زیادکردنى ده‌سه‌ڵاته‌کانى سه‌رۆکى به‌هه‌وڵی به‌هێزکردنى پڕۆسه‌ى دیموکراسی ناوبرد.

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش هاوسه‌رۆکى پێشووى هه‌ده‌په‌ ناوه‌ڕاستى ئه‌م مانگه‌ به‌میدیاکانى تورکیاى راگه‌یاندبوو، هه‌ده‌په‌ زه‌مینه‌ خۆشده‌کات بۆ هه‌مواری ده‌ستووری تورکیا بۆئه‌وه‌ی مافی کورد به‌پێی ماده‌ یاساییه‌کان له‌خۆبگرێت و له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ بگرێت.

ده‌میرتاش که‌ له‌ساڵى 2016ه‌وه‌ له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ خراوه‌ته‌ زیندانه‌وه‌ باسى له‌وه‌شکردووه‌، بۆ چارەسەری کێشەی کورد، هەدەپە کار بۆ کاراکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری دەکات و بێ هه‌ده‌په‌ش تورکیایه‌کی دیموکرات بنیادنانرێت.

هه‌ده‌په‌ له‌دوو هه‌فته‌ى رابردوودا کۆنفرانسێکى گشتى به‌ست و تێیدا جه‌ختیکرده‌وه‌، لەگەڵ ئەوەی به‌ قۆناغێکی سەخت و فشارێکى گران تێپەڕبوون، بەڵام لەهەر ڕەوشێکی سیاسیدا ڕۆڵی دیموکراسی خۆیان گێڕاوەو ئەمەش لە هەڵبژاردنی کۆتایی خۆجێی بەچاو بینراوە کە لەسیاسەتی تورکیادا هەدەپە نوێنەرێکی دیموکراتیە.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌، لەسەر پرسی دیموکراتی بون و چارەسەری پرسی کورد لەبەرپرسیارێتی سیاسی و مێژویی پێویستە هەموو لایەنەکان هەڵوێستیان نیشان بدەن.

عابد ئیکه‌ نوێنه‌رى هه‌ده‌په‌ له‌ هه‌رێمى کوردستان به‌ ‌هاوڵاتى راگه‌یاند، کارى ئێستاى ئه‌وان له‌سه‌ر دوو پرسه‌، یه‌که‌میان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پڕۆسه‌ى ئاشتى که‌ تورکیا ناچاره‌ ئه‌وه‌ بکات، دووه‌میشیان پرسی کارکردنه‌ بۆ ده‌ستورى نوێی تورکیا.

جه‌ختیشیکرده‌وه‌، پێویسته‌ پارته‌کان پێکه‌وه‌ هه‌وڵبده‌ن بۆ داڕشتنى ده‌ستورى نوێ، تا له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ چاره‌سه‌رى کێشه‌کان بکرێت و سیسته‌مێکى دیموکراسی له‌تورکیا مسۆگه‌ر بکرێت.

له‌دواى هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌کانى تورکیا که‌تێیدا ئه‌که‌په‌ دوو گه‌وره‌ شارى له‌ده‌ستدا، هه‌ده‌په‌ هه‌وڵه‌کانى چڕترکردوه‌ته‌وه‌ بۆ زیندوکردنه‌وه‌ى پڕۆسه‌ى ئاشتى چاره‌سه‌رى پرسی کورد، که‌ له‌ساڵى 2015ه‌وه‌ دواى دوو ساڵ له‌ ده‌ستپێکردنى شکستى هێنا.

هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌وڵانه‌دا عه‌بدوڵا ئۆجالان رێبه‌رى زیندانیکراوى په‌که‌که‌ له‌ دورگه‌ى ئیمراڵى، به‌م دواییانه‌ له‌چه‌ند په‌یامێکیدا جه‌ختى له‌سه‌ر چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ى کێشه‌ى کورد کردووه‌ته‌وه‌ و ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ بۆ وه‌ستانى شه‌ڕى چه‌کدارى په‌که‌که‌ و تورکیا ئه‌گه‌ر ئه‌نقه‌ره‌ هانگاوى پێویست بگرێته‌ به‌ر.

ئۆجالان 12ى ئه‌م مانگه‌ لە دیدارێکیدا لەگەڵ مەمەد ئۆجالانی برای جەختی لە چارەسەری پرسی کورد بەشێوازی ئاشتیانە و یەکێتی نەتەوەیی کورد کرده‌وه‌و و وتویەتی «بۆ ئاشتی ئامادەین و پێویستە لە بری شەڕ ئاشتی بەرقەرار بێت».

ئاماژه‌ى به‌وه‌شکردووه‌، «بۆ چارەسەری کێشەی کورد ئێمە رۆڵ و ئەرکی خۆمان بەجێدەگەیه‌نین، ئەو کێشەیە بە رشتنی خوێنی مرۆڤەکان چارەسەر نابێت، ئێمە هەمیشە بۆ ئاشتی ئامادەین و هەمیشە دژی شەڕین».

تا ئێستا به‌رپرسانى تورکیا هیچ قسه‌یه‌کیان نه‌کردووه‌ له‌سه‌ر هه‌موارى ده‌ستورو گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ پڕۆسه‌ى ئاشتى چاره‌سه‌رى پرسی کورد، له‌جیاتى ئه‌وه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌که‌یان بۆ سه‌ر په‌که‌که‌ چڕترکردووه‌ته‌وه‌، له‌ شاره‌کانى باکورى کوردستانیش درێژه‌ده‌ده‌ن به‌ده‌ستگیرکردنى ئه‌ندام و لایه‌نگرانى هه‌ده‌په‌.

تائێستا دیار نییه‌ هه‌وڵه‌کانى هه‌ده‌په‌ بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ى ده‌ستورى نوێی تورکیا به‌کوێ ده‌گات، دیاریش نییه‌ زۆربه‌ى کۆده‌نگى پارته‌کانى له‌سه‌ر دروستده‌بێت یاخود نا.

ئه‌وه‌ى روونه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌دواى دوباره‌کردنه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانییه‌کانه‌وه‌ له‌ تورکیا، ده‌نگى هه‌ده‌په‌ گه‌وره‌تر بووه‌ له‌ تورکیا، به‌تایبه‌ت که‌ له‌رێگه‌ى ده‌نگه‌کانییه‌وه‌ له‌ ئه‌نقه‌ره‌و ئه‌سته‌نبوڵ شکستى به‌ پارتى ده‌سه‌ڵاتدارى ئه‌و وڵاته‌ هێنا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار