جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوا لە بەرهەم ساڵح دەکات رێگە لە کوشتنی خۆپیشاندەران بگیرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

مایك پێنس، جێگری سەرۆكی ئەمریكا  شەوی دووشەممە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی ئەنجامدا لەگەڵ سەرۆك بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و داوای لێکرد  داخوازی عێراقییەكانی بۆ چاكسازی و ئاشتی لەبەرچاوبگیرێت و رێگری لە كاری توندوتیژی بكرێت و رێز لە ئیرادە و بژاردەی عێراقیەكان بگیرێت دور لە دەستوەردانی دەرەكی.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، لەو پەیوەندیە تەلەفۆنییەدا باس لە دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەكە كراوە و تاووتوێی پەرەپێدانی پەیوەندیە دوقۆڵیەكانی نێوان هەردو وڵات كرا لە پێناو پێشكەشكردنی هاوكاری هاوبەش.

بەپێی راگەیەندراوەكە "لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا، مایك پێنس پشتیوانی ئەمریكای بۆ سەقامگیری عێراق بۆ سەرۆك بەرهەم دوپاتكردۆتەوە و داوایكردوە كە داخوازی عێراقییەكانی بۆ چاكسازی و ئاشتی لەبەرچاوبگیرێت و رێگری لە كاری توندوتیژی بكرێت و رێز لە ئیرادە و بژاردەی عێراقیەكان بگیرێت دور لە دەستوەردانی دەرەكی.

ئەوەش لەکاتێکدایە بریارە سێشەممە گەورەترین خۆپیشاندان بەرێوەبچێت و قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیب ئەهل حەق رایگەیاند سیشەممە زۆرترین کەس دەکوژرێت.

لای خۆشیەوە، بەرهەم ساڵح دوپاتیكردۆتەوە كە چارەسەرەكانی دۆخی ئێستا وەڵامێك دەبن بۆ داخوازیەكانی گەل دور لە دەستوەردانی دەرەكی و چارەسەرەكان بەڕێگەی ئاشتیانە دەبن و بە رەچاوكردنی ئاسایشی وڵات و رێگری لە خوێنڕشتنی هاوڵاتیان و چەسپاندنی یاسا.

سەرۆك كۆمار بە مافی عێراقییەكانی زانیوە خۆپیشاندانی ئاشتیانە ئەنجام بدەن و وتویەتی "عێراق روبەروی هەر دەستوەردانێكی دەرەكی دەبێتەوە لە ناوخۆی وڵاتەكەیدا، هەروەها دژایەتی خۆی بۆ بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەران و نەڕژانی خوێنی عێراقیەكان دوپاتكردۆتەوە"

راشیگەیاندوە "ئەم خۆپیشاندانانە دەربڕی داخوازییەكانی خەڵكن بۆ ماف و داوا دیموكراتییەكانیان و پاڵپشتی خۆشی بۆ جێبەجێكردنی خواستی خۆپیشاندەران دەربڕیوە،  داواشی لە هێزە ئەمنی و چەكدارەكان كردوە كە پارێزگاری لە گیانی هاوڵاتیان و موڵك و ماڵی گشتی و تایبەتی هاوڵاتیان و دامودەزگا گشتیەكان بكەن."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار