ئایینەکان چی دەڵێن لەسەر لەباربردنی منداڵ؟

4 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حهسهن

یاسای ماف و ئەرکی نەخۆش کەهەفتەی پێشوو لەپارلەمانی کوردستان پەسەند کرا، کاردانەوەی لێکەوتۆتەوە بەوپێیەی باسی پرسی لەباربردنی منداڵ دەکات لەیەک ماددەدا، لەکاتێکیدا باسی حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی تیادا نەکراوە.

 ماددەی حەوتەمی یاساکە کەتایبەت بوو بە لەباربردنی منداڵ زۆرترین گفتوگۆی لەسەر کرا، کەتێیدا هاتووە «ئافرەتی دووگیانی تووشبوو بەنەخۆشییەکی ترسناک کەمەترسیی راستەقینە لەسەر ژیانی دروستبکات، دەکرێت دوای رەزامەندیی نەخۆش و هاوژینەکەی و بەبڕیاری لیژنەیەکی پسپۆڕ کە لە پێنج پزیشک کەمتر نەبێت، بەپشکنینێک کە لەکەرتی گشتی کردبێتی، کۆرپەکەی لەبارببرێت، جگە لەم حاڵەتە لەباربردنی منداڵ بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە».

لەباربردنی منداڵ لەڕوانگەی ئاینی ئیسلامەوە

لهشهریعهتى ئیسلامدا تاماوهى (120) رۆژ واته چوار مانگ دهتوانرێت لهحاڵهتى پێویستدا کهمهترسى لهسهر ژیانى دایکهکه ههیه دهتوانرێت منداڵهکه لهبارببرێت.

پرۆفیسۆر حهسهن موفتى، سهرۆکى ئهنجومهنى باڵاى فتواى ههرێمى کوردستان، به‌‌ وت «لهکاتێکدا منداڵهکه نهخۆشییهکى مهترسیدارى ههبێت، دهتوانرێت ئهو منداڵه لهبارببرێت، یاخود مهترسى لهسهر ژیانى دایکهکه ههبێت، که لهو کاتهدا ژیانى دایکهکه لهپێشتره، چونکه ژیانێکى دیاریکراوى ههیه، بهپێى یاساى ههڵبژاردن کهمترین زیانە، بۆیه تهنیا لهو دوو حاڵهتهدا منداڵ لهباربردن دروسته«.

ئەمەش لەکاتێکدایە کەمنداڵەکە لەخوار تەمەنی (120) رۆژ بێت، چونکە ئاینی ئیسلام دەڵێت کۆرپەلە پێش ئەوە گیانی بەبەردا نەکراوە.

پرۆفیسۆر حهسهن موفتى وتی»لهدواى چوار مانگ واته لهدواى (120) رۆژ روح دهکرێت بهبهریدا وهک ههر مرۆڤێکى تر ههژمار دهکرێت، بۆیه حوکمهکهى وهک کوشتنى پیاوێک یان مرۆڤێکى گهورهیهو هیچ جیاوازیى نیه، بۆیه بهقهتڵ ههژمار دهکرێت».

سەبارەت بەدروستبونى منداڵ بهههر رێگایهک بێت لهدهرهوهى پرۆسهى هاوسهرگیرى، وتی «لهئاینى ئیسلامدا منداڵ ههر پارێزراوهو ناکرێت بهتاوانى باوک و دایکهکه سزابدرێت و بکوژرێت، واته نهفسێک بهشێوازێکى شهرعى بێته دنیاوه هیچ جیاوازى نیه لهگهڵ نهفسێکى دیکه، بۆیه دروست نیه ئهوانه لهبارببرێت بهو بیانووهوه، چونکه ئهو تاوانى نیه«.

لە ئاینی مەسیحیدا رێگەپێدراو نییە

لهئاینى مهسیحیهتدا منداڵ لهیهکهم رۆژى دروستبوونیهوه لهسکى دایکیدا کوشتنى تاوانهو بهقهتڵ ههژماردهکرێت.

قهشه ئهیمهن عهزیز، قەشەی کهنیسهى مار یوسف لهسلێمانى، لهلێدوانێکدا به‌‌ وت «منداڵ لهو رۆژهوهى دروست دهبێت لهسکى دایکیدا کوشتى بهقهتڵ ، ههژمار دهکرێت چونکه روح لهبهرهو تهنیا کردهوهى نیه، بۆیه ناکرێت لهبارببرێت».

جهختى لهوهشکردهوه «ئێمه بڕوامان وایه تهنیا لهحاڵهتى زۆر دهگمهندا نەبێت کهمهترسى گیانلهدهستدان لهسهر ژیانى دایکهکه ههبێت و به پشتبهستن بهپزیشکى پسپۆرو دیاریکردنی دواجار بڕیار دهدرێت کهئهو منداڵه لهبارببرێت، بهدهر لهوه هیچ رێگهیهکى دیکه نیه بۆ لهباربردنى ئهو منداڵه که روح لهبهرهو ژیانى پێبهخشراوه«.

سەبارەت بەدرستبوونی منداڵ لە رێگەی ناشەرعییەوە، وتی «لهئایینی مهسیحیهت، ههموو گوناهێک لیخۆشبوونى ههیه، بۆیه ناکرێت کۆرپهله یان دایکهکه بکوژرێت، بۆیه وهک تاوانێکى گهوره ههژمار دهکرێت».

لەئاینی کاکەییدا منداڵ لەباربردن تاوانە

لهئاینى کاکهیدا منداڵ دواى ئهوهى روح دهکرێت بهبهریدا لهسکى دایکیدا لهباربردنى تاوانه بۆ دایکهکه و ئهو کهسهى هاوکارى لهباربردنهکه دهکات بەتاوانبار هەژمار دەکرێت.

رهجهب عاسى کاکهیى، لهلێدوانێکدا به‌‌ وت «ههر منداڵێک که روح کرا بهگیانیدا ئهوه بهمرۆڤێک ههژماردهکرێت و تاوانه گهر بکوژرێت بهههر هۆکارێک بێت، واته تاوانه بۆ دایکهکه و ئهو کهسهش که کارهکه دهکات، بۆیه لهبیروباوهڕى ئێمهدا روح زۆر گرنگهو ناتوانرێت ئهو کۆرپهلهیه لهبارببرێت».

رهجهب کاکهیى، لهبارهى بیروڕاى کاکهییهکانهوه وتیشى «مافى مرۆڤ گرنگترین شته لاى ئێمه، بۆیه گهر ههر شتێک رووبدات لهنێوان دوو کهسدا رێگهچاره گرنگه نهک کوشتن و تاوانکردن، بۆیه لاى کاکهییهکان دروستبونى منداڵ لهدهرهوهى پرۆسهى هاوسهرگیرى تهنیا هاوسهرگیریکردن چارهسهرى بارودۆخهکه دهکات نهک کوشتنى روحێک».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار