چارەسەری دوو دەوڵەت چییە؛ فەڵەستین دەبێتە دەوڵەت؟

2 مانگ لەمەوپێش



هەوراز حوسێن

هاوڵاتی وارشۆ

وادیارە شەڕەکەی حەماس دەکرێت لە کۆتاییدا ئەنجامێکی باش بۆ فەڵەستینییەکان و خاکی فەڵەستین بێنێتە بەرهەم. ئەوەش لەبەر ئەوەی وردە وردە تەواوی جیهان لەوە تێدەگەن، بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایش لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین، پێویستە فەڵەستین ببێتە دەوڵەت.

لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، بزوتنەوەی حەماس پەلاماری بۆ سەر ئیسرائیل برد؛ لەو هێرشەدا حەماس 1,139 کەسی کوشت کە 695یان هاوڵاتی سڤیلی ئیسرائیلی بوون و 36 کەس لەوانە منداڵبوون. 71 کەسیان هاوڵاتی بیانی بوون و 373 کەسیشیان پۆلیس و ئاسایش بوون.

هەر لەو پەلامارەدا 24 هاوڵاتی و پۆلیس لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران، ئەمە جگە لەوەی رووبەرێکی لە ئیسرائیلیش کۆنترۆڵکرد. هەر دوای ئەوە ئیسرائیل بانگەوازی جەنگی لەگەڵ حەماسدا راگەیاند کە تا ئێستا بەردەوامە و ئامانجەکەشی لەناوبردنی تەواوەتی حەماسە لە غەززە. لە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززەدا کە وەک خۆی دەڵێت، ئامانجی لەناوبردنی حەماسە، تاوەکو نوسینی ئەم راپۆرتە 35 هەزار و 647 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و لانیکەم 79 هەزار و 852 کەسیش برینداربوون.

جەنگەکە کاردانەوەی جۆراوجۆری نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە و تا رادەیەک وەک هەمیشە زەوی کردووە بە دوو جەمسەری دژیەکەوە. ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی دیکەی رۆژئاوا تا ئەمڕۆ رەوایەتی بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەدەن و بە "شەڕ لە دژی تیرۆر" ناوی دەبەن؛ بەشێکیان بێ لایەنیان هەڵبژاردووە و هەرچی دەمێنێتەوە ئێستا سەرکۆنەی ئیسرائیل دەکەن بەوەی لە غەززە "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و رەشەکوژی" دەکات.

"ئاڕاستەی گفتووگۆ دیپلۆماسییەکان رووەو کوێ؟" کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەوە تێگەیشتووە، ئەگەر ئاگری شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەززە کۆتایی نەیەت، بەدەر لەو کارەساتە مرۆییەی دوای خۆی جێیدەهێڵێت، پریشک دەهاوێژێت بۆ رووبەرێکی گەورەتری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دواتریش بۆ جیهان.

هەروەک هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەربازی و ستراتیجییەکانی یەکدی لە دەرەوەی خاکی خۆیان و دواتریش هێرشی راستەوخۆ بۆ سەر یەکدی؛ ئێران لە 13 و 14ی نیسانی ئەمساڵ و ئیسرائیل لە 19ی هەمان مانگ. ئەمە جگە لە مەترسی پەلکێشبوونی لوبنان لە شەڕەکەدا بەهۆی هێرشە جار بە جارەکانی حیزبوڵا و سوپای ئیسرائیل بۆ سەر یەکدی. هەربۆیە دەنگی دروشمی "چارەسەری دوو دەوڵەت" لە کۆبوونەوە فەرمی و لوتکەکانی جیهاندا خەریکە زیاتر بەرزدەبێتەوە.

چارەسەری دوو دەوڵەت بریتییە لە پێشنیازێکی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی 1947، کە چارەسەری کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیلی بەوە دەکرد، دوو دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر ئەو خاکەی ئێستا هەردووکیانی تێدان دروستبکرێت. هەروەها مزگەوتی ئەقسا و رووبەرێکی دیاریکراوی چواردەوری کە لەلای موسڵمان و جووەکان بە پیرۆز دادەنرێت، بە سەربەخۆیی لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە چاودێری بکرێت.

جگە لەوەش، ئێستا وڵاتان لە هەوڵی ئەوەدان لە گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسی نێودوڵەتیدا ماف و دەسەڵاتی زیاتر بدەنە فەڵەستین. 10ی ئاداری 2024، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگی لەسەر پرۆژەیاسایەک بۆ پێدانی ماف و بەرژەوەندی زیاتر بە فەڵەستین و کردنی بە ئەندامی هەمیشەیی لە نەتەوەیەکگرتووەکان. لە 193 ئەندام، 143 ئەندامیان دەنگیان لە بەرژەوەندی پرۆژەیاساکەدا. هەروەها ئەمڕۆ ئیسپانیا، نەرویج و ئێرلەندا بڕیاریاندا 28ی ئەم مانگە دان بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا بنێن و بە روونی جەختیان لەوە کردەوە، چارەسەری دوو دەوڵەت دەبێت جێبەجێبکرێت و داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی رژد رووەو ئەو مەبەستە بنێن.

لەلایەکی دیکەوە، یەکێتی ئەوروپا و گرووپی حەوت کە ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسای تێدا ئەندامن بە فەرمی داوای دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستینیان کردووە. ئەمریکا دەڵێت، لەگەڵ چارەسەری دوو دەوڵەتدایە، بەڵام تەنیا بەو مەرجەی ئیسرائیل و فەڵەستین بەیەکەوە لەسەری بگەنە رێککەوتن؛ ئەوەش لای زۆرێک "ئەستەمە".

هەر ئەمڕۆ، دیمتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، ئەوان یەکێکن لە هەرە پاڵپشتە گەورەکانی جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت و ئاماژەی بەوەشکردووە کە پێش رووخانی یەکێتی سۆڤیەت، یەکێتییەکە دانی بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. لەلایەکی دیکەوە، وانگ وێنبین، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە رۆژنامەڤانانی راگەیاندووە، چین پاڵپشتی تەواوەتی خەڵکی فەڵەستین دەکات لە بەدەستهێنانی ماف و سەربەخۆییان. هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە چین بە رژدی پاڵپشتی چارەسەری دوو دەوڵەت دەکات و لە پێشووتریشدا پەکین هەر زوو دانی بە سەربەخۆیی دەوڵەتی فەڵەستیندا ناوە. تێڕوانینی ئێستای عەرەب، ئیسرائیل و فەڵەستین بۆ پێشنیازە بەساڵاچووەکە هەرچی وڵاتانی عەرەبییە هەرچەندە لە رابردوودا دوو جار لەگەڵ ئیسرائیلدا بۆ دژوەستانەوەی چارەسەری دوو دەوڵەت چوونەتە جەنگەوە، لە دواین لوتکەیاندا داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کۆنفرانسێکی ئاشتی لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاری بە بەریەککەوتنەکانی فەڵەستین، بەتایبەت حەماس و ئیسرائیل بهێنن. مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لە ئەیلوولی ساڵی رابردوودا و لە کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیدا پاڵپشتیی لە چارەسەری دوو دەوڵەت کرد، هەروەک داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کاری لەسەر بکەن و دەکرێت، "ئەمە کۆتا هەل بێت بۆ پەیڕەوکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت".

هەرچی حەماس و ئیسرائیلە بیروڕای پەڕگیر و تێکدەرانەیان بۆ بابەتی چارەسەری دوو دەوڵەت هەیە. حەماس لە 2017دا پاڵپشتی خۆی بۆ پێشنیازەکە خستەڕوو، بەو مەرجەی سنوورەکان بگەڕێنەوە پێش ساڵی 1967. لەلایەکی دیکەوە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە میدیای ئەمریکی گوتووە، بە دەوڵەتبوونی فەڵەستین گەورەترین خزمەتە بە "گرووپی تیرۆرستی حەماس". پێشنیازێک کە بە دوایدا دوو جەنگ هاتووە، ئێستا دەبێتە هەوێنی ئاشتی؟ دوای ئەوەی لە ساڵی 1914 ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی لەناوچوو، لە ساڵی 1918دا بەریتانیا کۆنترۆڵی نزیکەی نیوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد کە بەشێک لەو رووبەرە ئەو خاکەیە ئێستا فەڵەستین و ئیسرائیلی لەسەرن. لەو کاتەدا دانیشتووانی فەڵەستین بریتیبوون لە موسڵمان، کریستیان و جووەکان کە زۆرینە موسڵمان بوون. لە ساڵی 1936، شۆڕشی عەرەب لە دژی بەریتانییەکان روویدا، ئەوەش لەبەر مەترسی زۆربوونی دانیشتووانی جوو لە فەڵەستین. دواتر بەریتانیا بڕیاریدا چارەسەری دوو دەوڵەت بهێنێتە ئاراوە کە لەو کاتەدا 80٪ی رووبەری ئەو خاکە بۆ فەڵەستینییەکان و 20٪ی بۆ جووەکان دانرا، بەڵام فەڵەستینییەکان ئەو چارەسەرەیان رەتکردەوە.

دواتر لە ساڵی 1947، نەتەوەیەکگرتووەکان بڕیاریدا دووبارە چارەسەری دوو دەوڵەتی هێنایە ئاراوە. پێشنیازەکە 56٪ی خاکەکەی بۆ ئیسرائیل و 44٪ی بۆ فەڵەستین یەکلادەکردەوە. ئەم جارە جووەکان چارەسەرەکەیان قبوڵکرد و ئەو هەنگاوە بووە بناخەی دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل لە 15ی ئاداری 1948، بەڵام عەرەب بۆ جاری دووەم رەتیانکردەوە. هەرچی لوبنان، عێراق، ئوردون، میسر و سووریا بۆ رووخاندنی ئەو دەوڵەتە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل، بەڵام ئیسرائیل بردییەوە و رووبەرێکی گەورەتری لەسەر خاکی فەڵەستین کۆنترۆڵکرد و ئوردونیش کەرتی رۆژئاوای فەڵەستینی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە. لە ساڵی 1967، دووبارە ئوردون، میسر، سووریا و لوبنان هێرشیان کردەوە سەر ئیسرائیل و جەنگەکە شەش رۆژی خایاند، بەڵام دووبارە ئیسرائیل بردییەوە و تەواوی خاکەکەی بە غەززە و کەرتی رۆژئاواوە کۆنترۆڵکرد. لە ساڵی 2000، دووبارە فەڵەستین و ئیسرائیل بۆ گفتووگۆی ئاشتی لە ئەمریکا کۆبوونەوە. ئیهود داراک، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئیسرائیل و یاسر عەرەفات بۆ ماوەی 14 رۆژ بە نێوەندگیر بیڵ کڵینتن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا گفتووگۆیان کرد. پێشنیازکرا 94٪ی کەرتی رۆژئاوا و تەواوی غەززە بچێتە ژێر دەسەڵاتی فەڵەستینییەکانەوە و وەک دەوڵەتی فەڵەستین بناسرێت؛ هەروەک رۆژهەڵاتی ئۆرشلیم\قودس ببێتە پایتەختی دەوڵەتی فەڵەستین.

یاسر عەرەفات، سەرۆکی رێکخراوی ئازادکردنی فەڵەستین بە پێشنیازەکە رازی نەبوو و دووبارە شەڕ و پێکدادان لە نێوان فەڵەستینییەکان و ئیسرائیل دەستیپێکردەوە. لە ساڵی 2008، مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین لەگەڵ ئیهود داراک کۆبوونەوە و هەمان پێشنیاز بۆ دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین هاتەوە بەرباس، بەڵام جارێکی دیکە لەلایەن فەڵەستینەوە رەتکرایەوە. لەو کاتەوە چارەنووسی دەوڵەتی فەڵەستین بە نەزانراوی ماوەتەوە. لەو ماوەیەشدا نزیکەی 500 هەزار ئیسرائیلی لە کەرتی رۆژئاوای فەڵەستین جێگیر کراون، کە ئەمەش ئێستا یەکێکە لە بەربەستە گەورەکانی بەردەم دروستبوونی دەوڵەتی فەڵەستین، چونکە بە دروستبوونی فەڵەستین دەبێت تەواوی ئەو نیو ملیۆن کەسە ماڵەکانی خۆیان جێبێڵن و بگەڕێنەوە ناو سنووری ئیسرائیل.

"چارەنووسی چارەسەری دوو دەوڵەت بەرەو کوێ؟"

لە دوای ساڵی 2020 کە رێککەوتننامەی ئەبراهام بە نێوەندگیری ئەمریکا کە ئەوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی بوو، لە نێوان بەحرەین و ئیمارات لەلایەک و ئیسرائیل لەلایەکی دیکە واژۆکرا، وردە وردە نێوانی عەرەب و ئیسرائیل بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت. ئامانجی رێککەوتننامەی ئەبراهام ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبییە. مەغریب و سوودان لە دواتردا بڕیاری بە چوونە ناو رێککەوتنەکەیاندا و ئێستاش سعودیە لە گفتووگۆدایە بۆ چوونە ناو رێککەوتنەکە.

سعودیە کە وەک ناوەندی بڕیاری دەوڵەتانی عەرەب و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیشاندەدات، دەکرێت کاریگەریی گەورە لەسەر جێبەجێکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت جێبهێڵێت. پاڵپشتیی چین، رووسیا، یەکێتی ئەوروپا، نەرمی نواندنی ئەمریکا، پاڵپشتی زۆرینەی نەتەوەیەکگرتووەکان و پاڵپشتی وڵاتانی عەرەبی بۆ ئەو پێشنیازە، دوای 77 ساڵ لە دژایەتیکردنی، دەکرێت ئاسۆیەکی گەش بێت بۆ جێبەجێکردنی لە داهاتوویەکی تا رادەیەک نزیکدا و بە دەوڵەتبوونی فەڵەستین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار