یەكێتی و پارتی چۆن پاساو بۆ 31 ی ئاب دەهێننەوە؟

4 مانگ لەمەوپێش



ئامادەکردنی هاوڵاتی نیوز

28 ساڵ بەسەر ڕووداوی 31ـی ئابی 1996 تێدەپەڕێت، تاوەكو ئێستا لەو ساڵیادەدا پارتی و یەكێتی بە شێوازی جیاواز قسەی لەسەر دەكەن.

چی ڕووی دا: 21ی ئاب بۆ پارسەنگیی هێز و توانای ڕووبەڕووبوونەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان داوا لە سوپای پاسدارانی ئێران دەكات هاوكاریی بكەن لە شەڕی دژ بە پارتی دیموكراتی كوردستان. هێزەكانی یەكێتی بە پشتیوانیی هەزاران پاسدار هەولێر و چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی دەگرن. 10 ڕۆژ دوای داواكەی یەكێتی لە ئێران، واتە لە 31ی ئاب لەسەر داوای پارتی، سوپای عێراق بەشداری كرد دژ لە گرتنی هەولێر .


بەشداریی سوپای عێراق بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەوكاتیان، دژی دەستوەردانی ئێران بووە لە شەڕەكەدا. پارتیش پێیوایە ڕووداوەكە ئەنجامی شەڕێكی سەپێنراو و ڕاكێشانی ھێزی بێگانە بوو، كە یەكێتی بۆ نەھێشتنی پارتی دایڕشتبوو، لەكاتێكدا ئێستا یەكێتی ڕووداوەكە بەخیانەت ناودەبات و دەڵێت پارتی پلانی لەناوبردنی یەكێتی داناوە.

لە درێژەی شەڕی ناوخۆی نێوان یەكێتی و پارتی، كە لە ساڵی 1994 دەستیپێكرد و تاوەكو 1998 بە نێوەندگیریی ئەمریكا ڕێكەوتننامەی ئاشتیی واشنتن لە نێوان هەردوولا كۆتایی هات، ڕووداوەكانی 31ـی ئاب لە دیارترینی ئەو ڕووداوانە بوو، كە تاوەكو ئێستاش لە ساڵیادی ئەو ڕۆژەدا دێتەوە بەرباس و مشتومڕی نێوان پارتی و یەكێتی و لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەر هەڵبژاردنێكیش بە چڕی هێرشی میدیایی دەكەنە سەر یەكتر، ئەویش لە ڕێگەی دەیان میدیای ڕەسمی و سێبەر كە هەر بۆ ئەو شەڕە دروستیان كردوون.

هەڵوێستی ئەمریكا
لەگەڵ سەر‌هەڵدانی شەڕی ناوخۆ هەموو هەوڵێكی ئەمریكا بۆ ئەوە بوو هەرچی زووە یەكێتی و پارتی بگەڕێنێتەوە بۆ مێزی گفتوگۆ، واشنتن پێیوابوو دەبێت هەرێمی كوردستان بە سەقامگیری و بەهێز بمێنێتەوە، لەكۆتاییشدا هەوڵەكانی سەریگرت و لە واشنتنەوە ئاشتەوایی ڕاگەیێنرا و كۆتایی بە شەڕ هات.

31ـی ئاب لە بەڵگەنامەكانی ئەمریكادا
بەشێك لە بەرپرسانی ئەمریكا پێیانوایە یەكێتی بە هاوكاریی ئێران پێشڕەوییەكانی دژ بە پارتی كردووە و سوپای پاسداران هاتوونەتە خاكی هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەمەش پارتی داوای لە عێراق كردووە دەستوەردان بكات.


هاتنی سوپای ئەوكاتی عێراق هەرچەندە بەزاندنی هێڵی 36ـی هەرێمی كوردستان بوو، كە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە دانرابوو، بەڵام ئەمریكا كاردانەوەی نەبوو بەرامبەر بەو هێرشە، تەنانەت بەهیچ شێوەیەك لە سنووری هەولێر بەرپەرچی سوپای عێراقی نەدایەوە. پارتی پێی وایە "ئەمە دەرخەری ئەوەیە ئەمریكا ئەو هەنگاوەی پارتی بە جۆرێك لە پێویستی زانیوە، بۆیە هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو".

"سەدام وەڵامی‌ ئێرانی‌ دایەوه"‌

لەسەر ڕووداوەكەی 31ـی ئاب جۆن ئێدوارد پۆرتێر، ئەندامی‌ ئەنجوومەنی‌ نوێنەرانی‌ ئەمریكا لە گفتوگۆیەكدا به ‌سەرۆكی‌ ئەو كاتی ئەنجوومەنەكە ڕادەگەیەنێت: "نوێنەرانی‌ وەزارەتی‌ دەرەوە ئاگاداری‌ ئەوە نەبوون، كە ئێران سنووری عێراقی‌ بەزاندووە و هێرشی‌ كردووەتە سەر بنكەكانی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران لە باكووری‌ عێراق". دەشڵێت: "پاش هێرشەكەی‌ ئێران، واشنتن هیچ هەڵوێستێكی‌ نەبووە و ئەم هێرشەی‌ شەرمەزار نەكردووە. عێراقیش وەك دەستدرێژی‌ بۆ سەر خاكی‌ وڵاتەكەی‌ سەیری‌ ئەم هێرشەی‌ ئێرانی‌ كردووه.

بارزانی لە كتێبەكەیدا چۆن باسی 31 ی ئاب دەكات

لە بەرگی پێنجەمی كتێبەكەی بە ناوی (بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد)، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دەنووسێت: "بەرەبەیانیی 17ی ئابی 1996 ھێرشە بەربڵاو و فراوانەكەی یەكێتی لە ھەموو میحوەر و بەرەكانی شەڕ دەستیپێكرد، شەڕی ئەمجارە زۆر جیاوازبوو لەگەڵ شەڕی قۆناغەكانی پێشتر. بۆردوومانە چڕ و تووندەكەی تۆپخانە و كاتیۆشا كاری یەكێتی نەبوو، چاك دەمانزانی و دیاربوو كە ئەمە تۆپخانەی ئێرانە و زیانێكی زۆری بە هێزەكانمان گەیاند. دوای ئەوەی دەركەوت كە ئێران ڕاستەوخۆ ھاتووەتە ناو شەڕەكەوە، سەدام، مانع عەبد ڕەشید، بەڕێوەبەری موخابەراتی ناردە كوردستان و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی پارتی دژی دەستوەردانەكانی ئێران، منیش داوام لێ كرد، ژمارەیەك تۆپی 130ملم و كاتیۆشای 107 و 122ملم بە میلاك و ستافەكەیانەوە بنێرن بۆمان، دواتر وەڵامیان ناردەوە كە ئامادەین یارمەتیتان بدەین و ھەولێر ڕزگار بكەین".

سەرۆك بارزانی دەشڵێت: "31ی ئاب كردەوە و بەرنامەیەكی پێشوەختە نەبوو، بەڵكو كاردانەوەی ئەو شەڕ و كاولكارییە بوو، كە یەكێتی بە ھاوكاری و یارمەتی و حزووری ڕاستەوخۆی ئێران لەدژی پارتی دەیكرد، ئەنجامی پڕۆسەیەكی ناهەق و شەڕێكی سەپێنراو و ڕاكێشانی ھێزی بێگانە بوو كە یەكێتی بۆ نەھێشتنی پارتی بەپێی پلانێكی تۆكمە و بەرفراوان دەستی پێ كردبوو": سەرۆك بارزانی قاعیدەیەكی فیقھی لەبارەی ڕووداوەكە هێناوەتەوە و دەڵێت: (دفع اڵافسد بالفاسد)؛ واتە لابردنی خراپتر بوو بە خراپ.

نامەكەی جەلال تاڵەبانی بۆ ئێران
بەپێی چەند سەرچاوەیەك پێش ئەوەی پارتی داوا لە سوپای عێراق بكات و لە ڕۆژی 21ـی ئاب، جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نامەیەك بۆ محەممەد عەلی جەعفەری، فەرماندەی ئەوكاتەی سوپای پاسدارانی ئێران دەنێرێت و داوای لێدەكات بە زووترین كات هێز بۆ ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی بنێرن، دوای ئەوەش لەسەر داواكاریی و ڕێخوشكردنی یەكێتی، سوپای پاسدارانی ئێران بە هێزی زیاترەوە هاتنە قووڵایی خاكی كوردستان.

دوای تێپەڕبوونی 40 ڕۆژ بەسەر ڕووداوەكانی 31ی ئاب و لە ڕۆژی 10-10-1996، یەكێتی بە هاوكاری هێزەكانی ئێران، هێرشی پێچەوانەی دەستپێكرد و توانی سنووری پارێزگای سلێمانی و تاوەكو كۆیە بگەڕێنێتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی.


تێبینی .. بۆ ئەم ڕاپۆرتە سوود لە میدیای پارتی و یەکێتی و چەند بەڵگەنامەیەک وەرگیراوە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار