بارودۆخی ئێستای ئێران لە یەکێتی سۆڤێت دەچێت پێش رووخانی
سەرباری جیاوازی ئایدیۆلۆژی، چەندین لێکچوون لە نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤێتی جاراندا هەیە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
لاوانی ئێران ئازادی زیاتریان دەوێ و سەرجەم سیمبولەکانی شۆرشی ئیسلامی ڕەتدەنەوە.
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
بارودۆخی سیاسی و ئابووری کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژ بە رۆژ ڕوو لە داروخانی زیاتر دەکات و ژیان و بژێوی و گوزەرانی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە خراپتر دەبێت و بەرپرسانیش زیاتر ئازادییەکان بەرتەسک دەکەنەوە، سەرباری ناڕەزاییەکانیش تا ئێستا شێوازی حکومڕانی لەو وڵاتە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە.
لەوبارەیەوە شرۆڤە کاری سیاسی "سام شهرودی" لە لێکۆڵێنەوەیەکیدا کە لە پێگەی "ئێران ئنتەرناشیونال" بڵاویکردوەتەوە، بارودۆخی ئێستای کۆماری ئیسلامی ئێران بە بارودۆخی یەکێتی سۆڤێت پێش رووخانی دەچوێنێت و سەرباری جیاوازی ئایدیۆلۆژییان رۆشنایی دەخاتە سەر زۆر خاڵی هاوبەش لەنێوان ئەو دوو دەسەڵاتەدا.
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: رژێمە سەرکوتکارییەکان لەبەرامبەر نارەزایی خەڵکی هەندێ جار دەروازەیەکی بچووک بۆ ئازادییەکان دەکەنەوە، بەڵام هەر زوو دەست بە سەرکوتکاری دەکەنەوە ئەوەش لە پای مەترسی دەرچوونی جڵەوی دۆخەکەیە لە ژێردەستیان، کە سەرئەنجام هەر ئەو هۆکارەش دەسەڵاتەکە دەروخێنێت لە کۆتاییدا.
سەبارەت بە لێکچوونی دەسەڵات لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکێتی سۆڤێتی جاراندا نوسیویەتی ئەو دوو دەسەڵاتە خاڵی هاوبەشیان زۆرە وەک سەرکوتکردنی ئازادی و دەسەڵاتی ناوەندی کە لە یەک دامەزراوەی وەک مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی لە سۆڤێتی جاران و ئەنجومەنی سیانەی دەستور و نوسینگەی رابەری باڵادا لە ئێرانی ئێستادا چڕبووەتەوە، لە شێوازی دەسەڵاتی هەردوولادا هیچ کێبڕکێیەک نییە و ئەو دامەزراوانەش کە بە هەڵبژاردن دیاریدەکرێن دەخرێنە ژێر هەژموونی دامەزراوە جێگیر و نەگۆڕەکان.
لە یەکێتی سۆڤێتی جاران ئۆپۆزسیۆن سەرکوتدەکران لە ژێر ناوی "دوژمنی گەل و شۆرش" و پاراستنی شۆڕش و دەستکەوتەکانیشی کاری لە پێشینەی حکومەت بوو، هاوڵاتیانیش تەنها بژاردەی ملکەچبوونیان لەبەردەمدابوو بە پێچەوانەوە رووبەرووی سزای توند دەبوونەوە، لە ئێرانیش سەرجەم ئۆپۆسزیۆنەکان رووبەرووی سەرکوتکاری و لە ناوبردن دەبنەوە بەپێی ئایدۆلۆژیای ئیسلامی سیاسی.
ئەو شرۆڤەکارە دەرحەق بە ئازادی رۆژنامەگەی لە سایەی هەردوو دەسەڵاتدا نوسیویەتی، دەستەی "گلافلیت" لە یەکێتی سۆڤێتی جاران چاودێری کتێب و رۆژنامەکانی دەکرد، بەڵام لە ئێران ئەو دەزگایەی ئەو ئەرکەی پێسپێردراوە وەزارەتی رۆشنبیری و رێنوێنیە.
هاوشێوەی یەکێتی سۆڤێتیش چۆن لاوان روویان لە رۆشنبیرانی رۆژئاوایی کردبوو لە ڕووی شیوعیبوون و شوێنکەوتنەوە لە ئێرانیش ئەمرۆ سمبولەکانی شۆڕشی ئیسلامی رەتدەکەنەوە و زیاتر روویان لە چۆنێتی ژیان و رۆشنبیری رۆژئاوا کردووە.
رووخانی یەکێتی سۆڤێت، یەکێک بوو لە روداوە هەرە گرنگەکانی سەدەی ڕابردوو، کە دوای ئەو روداوە کۆی سیستمی جیهانی گۆڕا، سەبارەت بەو روداوەش ڤلادیمێر پۆتن رایگەیاندبوو " هەرکەسێک بۆ رووخانی یەکێتی سۆڤێت خەمبار نەبوبێت، ئەوا کەسێکی بێ دڵە، هەرکەسێکیش بیر لە زیندوکردنەوەی یەکێتی سۆڤێت بکاتەوە ئەوا کەسێکی بێ عەقڵە"، رەنگە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەو وتەیەی پۆتن ڕاستبێت و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە قەبارەی ئەو گوشارە نەزانن کە لەلایەن ئەمریکا و رۆژئاواوە خراوەتە سەر دەسەڵاتی ئێران و ئامانجیان ئەوەیە چارەنوسی ئێرانیش هاوشێوەی ئەو دارووخانەبێت کە دووچاری یەکێتی سۆڤێتی جاران بوویەوە.