ئایا تره‌مپ شه‌ڕی رووسیا و ئۆكرانیا راده‌گرێت، یان ئاگری شه‌ڕه‌كه‌ زیاتر بڵێسه‌ ده‌سێنێت؟

مه‌رجه‌كانی رووسیا چین بۆ راگرتنی ئه‌وشه‌ڕه‌؟

3 ڕۆژ لەمەوپێش



ئایا هه‌ره‌شه‌كانی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ سه‌پاندنی سزای زیاتر به‌سه‌ر روسیادا، مۆسكۆ ناچار ده‌كات دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ ‌كیێف ده‌ستپێبكات؟ 

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

رۆژی 20ی ئه‌م مانگه‌ دۆناڵد تره‌مپ وه‌ك سه‌رۆكی نوێی ئه‌مریكا سوێندی یاسایی خوارد، له‌ هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌شدا رایگه‌یاندبوو ئه‌گه‌ر ببێته‌وه‌ به‌ سه‌رۆك له‌ ماوه‌ی یه‌ك رۆژدا جه‌نگی رووسیا و ئۆكرانیا راده‌گرێت، به‌ڵام پێده‌چێت راگرتنی جه‌نگه‌كه‌ كارێكی وا ئاسان نه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئیداره‌كه‌ی تره‌مپیش جددی بن له‌ هه‌وڵ و فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر ئه‌و دوو وڵاته تا جه‌نگه‌كه‌ رابگرن‌، ئه‌وا چه‌ندین خولی دانوستانی ده‌وێت، مۆسكۆش مه‌رجی توندی هه‌یه‌ تا به‌ ئاگربه‌ستی هه‌میشه‌یی له‌گه‌ڵ ئۆكۆانیا رازیبێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ تره‌مپ له‌ دوای وه‌رگرتنی جڵه‌وی ده‌سه‌ڵات له‌ ئه‌مریكا، له‌ وه‌ڵامی رۆژنامه‌نووساندا ده‌رحه‌ق به‌ ئه‌گه‌ری سه‌پاندنی سزای زیاتر به‌سه‌ر رووسیادا وتی: "پێده‌چێت". سزای زیاتر بسەپێنێت؛ ئه‌گه‌ر ڤلادیمێر پۆتن رازی نه‌بێت گفتوگۆ بۆ راگرتنی جه‌نگه‌كه‌ بكات.

دوێنێش له‌ تویتیكیدا له‌ پێگه‌ی "تروس سۆشیال" دۆناڵد تره‌مپ راگه‌یاندووه‌، "سزا و باج و پێناسی گومرگی نوێ به‌سه‌ر رووسیا و چه‌ند وڵاتێكی دیکەدا ده‌سه‌پێنن ئه‌گه‌ر نه‌گه‌نه‌ رێكه‌وتنێك بۆ كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگی ئۆكرانیا له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا".

هه‌ر له‌و تویته‌یدا تره‌مپ ده‌ڵێت: "به‌بێ رێكه‌وتن هیچ رێگه‌یه‌كی ترمان له‌به‌رده‌مدا نابێت‌ جگه‌ له‌سه‌پاندنی سزای زیاتر به‌سه‌ر رووسیادا" و ده‌شڵێت:" ئه‌و جه‌نگه‌ بێ واتایه‌ ڕاگرن كه‌ بارودۆخه‌كه‌ به‌ره‌وخراپتر ده‌بات".

رۆژی 24 شوباتی 2022 به‌ هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر خاكی ئۆكرانیا جه‌نگ له‌ نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ ده‌ستیپێكرد و له‌ ئێستادا رووسیا نزیكه‌ی %20ی خاكی ئۆكرانیای داگیركردووه‌.

بۆ ده‌ستپێكردنی گفتوگۆی راگرتنی جه‌نگه‌كه‌ش، به‌رپرسانی رووسیا چه‌ندین جار رایانگه‌یاندووه‌، ئاماده‌ن دانوستان له‌گه‌ڵ ئۆكرانیا ده‌ستپێبكه‌ن به‌مه‌رجێك كیێف ده‌ست له‌و خاكه‌ هه‌ڵگرێت كه‌ ئێستا له‌لایه‌ن سوپای رووسیاوه‌ كۆنترۆڵكراوه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌رداربوونی بۆ بوون به‌ ئه‌ندام له‌ هاوپه‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ)، تا ئێستاش به‌رپرسانی ئۆكۆانیا هه‌ردوو مه‌رجه‌كه‌ی روسیایان ره‌تكردوه‌ته‌وه‌.

لێدوانه‌كه‌ی تره‌مپیش بۆ سه‌پاندنی سزای زیاتر به‌سه‌ر رووسیادا ئه‌گه‌ر جه‌نگه‌كه‌ رانه‌گرێت به‌و جۆره‌ لێكده‌درێته‌وه‌ كه‌ جدی نه‌بێت له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ راگرتنی جه‌نگ و تا ئیستاش كۆی ئه‌و سزایانه‌ی به‌سه‌ر رووسیادا سه‌پێندراون كاریگه‌ریی ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر ئابوری مۆسكۆ نه‌بووه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ زیانی زیاتری بۆ سه‌ر ئابوری وڵاتانی ئه‌وروپا هه‌بووه‌.

جه‌نگی ئۆكرانیا و ماڵوێرانییه‌كانی بووته‌ هۆی گیانله‌ده‌ستدان و ئاوارەبوونی سه‌دان هه‌زار كه‌س، له ‌جیهانی ئه‌مرۆشدا پاڵنه‌ره‌كانی هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگه‌كان پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه‌، بۆ راگرتنی جه‌نگیش مه‌رجی سه‌ره‌كی پاراستن و ره‌چاوكردنی به‌رژه‌وه‌ندی وڵاته‌ زلهێزه‌كانه‌، كۆی به‌ها مرۆییه‌كانی تر له‌سه‌ر مێزی دانوستانه‌كانه‌كان هیچ به‌هایه‌كیان نه‌ماوه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار