سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا و لێکەوتە ئەمنی و سیاسییەکانی چین؟

ئەنقەرە دەیەوێت بەغدا چ هەڵوێستێک لە دژی پەکەکە راگەیەنێت؟

2 هەفتە لەمەوپێش



ئایا وەزیری دەرەوەی تورکیا بە دەستی بەتاڵ بەغدای جێهێشت و گەڕایەوە وڵاتەکەی؟

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

سەردانەکەی هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق کە بە جیا لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دەرەوە و وەزیری بەرگری عێراق کۆبویەوە و هەر لە بەغدا چاوی بە حەسەن تۆران سەرۆکی بەرەی تورکمان کەوتووە، یەکێک لە خاڵە سەرەکیەکانی پەلکێشکردنی عێراقە بۆ شەڕ لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان.

 لەوبارەیەوە لە کۆنگرە رۆژنامەنوسییەکەی لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، زۆر بە روونی هاکان فیدان داوای لە عێراق کرد هاوبەشی لە جەنگی دژ بە پەکەکە و داعش بکات و بەرەیەکی هاوبەش پێکبهێنن، چاودێرانیش دەڵێن لەوکاتەی تیرۆریستانی داعش پەلاماری عێراقیاندا و ناوچەیەکی بەرفراوانیان کۆنترۆڵ کرد، تورکیا نەک هاوکاری عێراقی نەکرد بەڵکو سنوری وڵاتەکەی بۆ چەکدارانی داعش واڵاکردبوو، بە شێوەیەکی ناراستەوخۆش هاوکاری تیرۆریستانی دەکرد.

هاکان فیدان ئەوەشی نەشاردەوە کە وڵاتەکەی خوازیارە عێراق، پارتی کرێکارانی کوردستان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت، وەک چۆن لە ساڵی رابردوودا پەکەکەی وەک رێکخراوێکی قەدەغەکراو لەقەڵەمدا.

ئەم سەردانەی وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا هاوکاتە لەگەڵ سەردانی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بۆ دیمەشق، ئەویش بەنیازە ئیدارەی کاتی سووریا بە سەرۆکایەتی دەستەی تەحریر شام، پەلکێشی شەڕ لە دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات بکات.

ئەم پیلانەی تورکیا لە کاتێکدایە ناوچەکە دوچاری چەندین قەیران و ئاڵۆزی بوەتەوە، ئەنقەرەش بە نیازە شەڕێکی خوێناوی تر لە ناوچەکە بەرپا بکات و سوپای عێراقیش وەک ئەو چەکدارە بەکرێگیراوانە لێبکات کە لە سووریا ناوی خۆیان ناوە سوپای نیشتمانی سووریا.

لەوبارەیەوە شارەزایان دەڵێن هەرگیز ئیدارە نوێکەی سووریا ناتوانێت بچێتە ژێرباری داواکاریەکەی تورکیا و هێز لە دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەکاربهێنێت، چونکە دەزانێت لە شەڕەکەدا سەرکەوتوو نابێت و ئەمریکاش رێگە بە جەنگی لەو جۆرە نادات بە تایبەت کە هێزەکانی لە ناوچەکەدا هاوپەیمانی سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکراتە و سەرقاڵی شەڕە لە دژی پاشماوەکانی تیرۆریستانی داعش.

هەرچی عێراقیشە، کە ئێران باڵی بەسەر کۆی دامەزراوە سیاسی و سەربازییەکانیدا کێشاوە، هەرگیز ناچنە ژێرباری شەڕ لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان لە کاتێکدا تورکیا رۆڵی سەرەکی بینیوە لە روخانی رژێمی بەشار ئەسەد کە گەورەترین هاوپەیمانی ئێران بوو، بە روخانیشی تارانی تەواو لاواز کرد و کۆتایی بەو بەرەیە هات کە ئێران ناوینابوو بەرەی مقاوەمە.

کۆی پیلانە شەڕەنگێزییەکانی تورکیا لە کاتێکدایە لە ناوخۆی ئەو وڵاتە وا بانگەواز دەکات گوایە بە نیازە خولێکی تری پرۆسەی ئاشتی دەستپبکات، بە تایبەت دوای دووجار لە کۆبونەوەی شاندی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمرالی و دارشتنی نەخشەرێگای کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان لەگەڵ پەکەکە.

بەردەوامیش بەرپرسانی تورکیا هەر یەک لە عێراق و سووریا و ئێران بەوە دەترسێنن کە رووبەرووی دابەشبوون دەبنەوە ئەگەر هاوکاری تورکیا نەبن لەو شەڕەی خۆی ناوی ناوە "شەڕی دژی تیرۆر"، لەوبارەیەوە چاودێران پێیان وایە ئەوەی مەترسی راستەقینەی دابەشبوونی لەسەرە تورکیا خۆیەتی، هەر بۆیە پەلەقاژێی تێکەوتووە و لە لایەک باس لە ئاشتی دەکات و لەلایەکی تریش داوای پێکهێنانی هاوپەیمانی لە عێراق و سووریا دەکات بۆ شەڕ لە دژی پەکەکە و هێزەکانی سووریای دیموکرات، چاوەروانیش دەکرێت هیچ لایەک بە دەم ئەو بانگەوازەی ئەنقەرەوە نەچن و تاق و تەنیا بمێنێتەوە و چاوەرێی چارەنوسێکی تاریک بکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار