واڵ ستریت ژۆرناڵ: ئێران بە جانتا دۆلار دەگەیەنێتە حـ.ـزبوڵا

دوێنێ



ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە ئیسرائیل لای لیژنەی سەرپەرشتیکردنی ئاگربەستی لوبنان کە ئەمەریکا سەرۆکایەتی دەکات، سکاڵای کردووە کە دیپلۆماتکارانی ئێران و لایەنی دیکەش دەیان ملیۆن دۆلار پارە بە جانتا بۆ حزبوڵا دەگوازنەوە بۆ دابینکردنی دارایی ئەو گرووپە بۆ ئەوە بتوانێت خۆی بەهێز بکاتەوە.
بەگوێرەی ئەو ڕاپۆرتە کە ڕۆژی هەینی 31ی مانگی یەک بڵاوکراوەتەوە و لەلایەن بەرپرسێکی بەرگری ئەمەریکاوە پشتڕاستکراوەتەوە، ئیسرائیل لە سکاڵاکەیدا ڕایگەیاندووە نێردراوانی ئێران بە جانتای پڕ لە دۆلاری ئەمەریکاییەوە لە تارانەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەیروت گەشت دەکەن.

ئیسرائیل هەروەها بانگەشەی ئەوەی کردووە کە هاووڵاتیانی تورکیاش لە ڕێگەی ئیستەنبوڵەوە پارەیان بۆ بەیروت گواستووەتەوە.
لیژنەی ئاگربەست کە بەرپرسیار نییە لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتننامەکە، ئەم سکاڵایانەیان ئاراستەی حکومەتی لوبنان کردووە. لیژنەکە نوێنەرانی ئیسرائیل، لوبنان، ئەمەریکا، فەرەنسا و نەتەوە یەکگرتووەکان لەخۆدەگرێت.
بەشێک لە بەرپرسانی وڵاتانی ئەندامی ئەو لیژنەیە ڕایانگەیاندووە کە ئاگادارن لە بەکارهێنانی فڕۆکەخانەی بەیروت لەلایەن ئێرانەوە بۆ بە قاچاخ بردنی پارە و ئەو بانگەشانە بە باوەڕپێکراو دەزانن.

بەپێی ڕێککەوتنی ئاگربەست، لوبنان پێویستە کۆنترۆڵی چوونە ژوورەوە بۆ وڵاتەکەی بکات و ڕێگری لە گواستنەوەی چەک و کەرەستەی پەیوەندیدار بۆ گروپەکانی وەک حزبوڵا بکات، بەڵام لە ڕێککەوتنەکەدا بە تایبەتی باس لە گواستنەوەی پارەی نەختینەیی نەکراوە.
حیزبوڵا گرووپێکی نیمچە سەربازییە و لە هەمان کاتدا پارتێکی سیاسییە کە بەشێکی زۆری باشووری لوبنانی کۆنترۆڵ کردووە. ئەمەریکا حزبوڵا بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانێت، بەڵام یەکێتی ئەوروپا باڵی سەربازی حزبوڵای خستوەتە لیستی رەش و پارتە سیاسیەکەی بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نازانێت. باڵی سیاسی حزبوڵای لوبنان نوێنەریشی لە پەرلەمانی لوبنان هەیە.

حکومەتی لوبنان و هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە و نوێنەرانی شاندی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حیزبوڵای لوبنان تا ئێستا وەڵامی ئەو هەواڵانەیان نەداوەتەوە. بەڵام بێهنام خوسرەوی دیپلۆماتکار لە باڵیۆزخانەی ئێران لە لوبنان لەم دواییانەدا بە میدیای دەوڵەتی ئێرانی ڕاگەیاند کە تاران فڕۆکەی نەفەرهەڵگر بۆ گواستنەوەی پارە بۆ لوبنان بەکارناهێنێت.
ڕۆژنامەی واڵ ستریت ژۆرناڵ نووسیوێتی دەسەڵاتدارانی تورکیا هەروەها جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەر جۆرە گواستنەوەیەکی پارەی بەرچاو لە فڕۆکەخانەی ئەستەنبوڵ بە ئامێری تیشکی ئێکس و ڕێوشوێنی ئەمنی دیکە دەستنیشان دەکرێت و تا ئێستا هیچ حاڵەتێکی لەو شێوەیە بەدی نەکراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار