بێ شعوری حکومەت گەیشتە ئاستێک مامۆستا مان لە خواردن بگرێت
ماوەی شەش رۆژە ژمارەیەک مامۆستا مانیان لەخواردن گرتووە تا ئێستا حکومەت بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەچووە
4 كاتژمێر لەمەوپێش
دۆخی تەندروستی ئەو مامۆستایانە ناجێگیرە و هەرەشەی بەهاری کوردی دەکرێت ئەگەر روداوێکی نەخوازراو ڕووبدات
ئامادەکردنی: هاوڵاتی
ماوەی شەش رۆژە ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر لە شاری سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە و داوا دەکەن چیتر حکومەتی هەرێم یاری بە قوت و بژێوییان نەکات و شایستەداراییەکانیان لە کاتی خۆیدا پێبدات، شاری سلێمانی بۆ دووەم جارە مانگرتنی لەو جۆرە بەخۆیەوە ببینێت، یەکەمیان لە ساڵی ١٩٩١ و دژ بە رەفتارە نامرۆڤانەکانی حزبی بەعس، بەشێک لە گەنجان مانگرتنیان راگەیاند و داوایان دەکرد بڕیاری ٦٨٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان بسەپێنرێت کە تایبەتبوو بە ناوچەی دژە فڕین و پارێزراوبن لە سوپا دڕندەکەی حزبی بەعس، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٥ مانگرتن لە دژی حکومەتی هەرێم رێکدەخرێت، داواکارییەکانیش زۆر سادە و ساکار و داواکاری تەواو سەرەتایین کە سەرجەم دەسەڵاتەکان لە جیهاندا بێ هیچ فشارێک ئەو ئەرکانەی خۆیان جێبەجێ دەکەن. کە خۆی دەبینێتەوە لە پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا و دەستپێکردنەوەی پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران.
لەسەردانێکیشدا بۆ لای مامۆشتا مانگرتووەکان لاهور شێخ جەنگی رایگەیاند بێ باکی و بێ شعوری حکومەت گەیشتە ئاستێک دۆخەکە بگاتەئەوەی مامۆستایان مانبگرن.
لاهور شێخ جەنگی وتیشی: حکومەت، تا پێنج ساڵى تر منەتی بەکەس نەماوە، ئەگەر بۆ ئەمە نەیەنە ژێربار، دەبێت بیر لەرێگەی تر بکەینەوە و پەلامارى بەرژەوەندییەکانیان بدەین تائەو کاتەى گیرفانیان زەرەرى پێنەگات، حکومەت نایەتە سەر خەت هیواداریشم نەگاتە ئەوە.
خاڵێکی لێکچووی هەردوو مانگرتنەکەی ساڵی ١٩٩١ و ٢٠٢٥ سەردانی هونەرمەندانە بۆ لای مانگرتوان، لە ساڵی ١٩٩١ زۆرێک لە بەرهەمە هونەریەکان لە شوێنی ماگرتنەکە تۆمار کران و هونەرمەندانیش پشتگیری تەواویان لە مانگرتوان دەکرد، ئێستاش پۆل پۆل هونەرمەندان سەردانی مانگرتوان دەکەن و پشتگیری داوا رەواکانیان دەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێم کە خۆی خوڵقێنەری ئەو دۆخەیە کە مامۆستا و فەرمانبەرانی تێکەوتووە سەردانی نەکردوون و گوێبیستی داواکانیان نەبووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە بە پێی راپۆرتە پزیشکییەکان دۆخی تەندروستی مامۆستا مانگرتووەکان بەرەو بارێکی مەترسیدار هەنگاو دەنێت و ئەگەر بەردەوامبن ئەوا دەگەنە حاڵەتی کۆما و بێهۆشیی.
زۆرێک لە چالاکوانەکانیش هۆشدارییان داوەتە حکومەتی هەرێم ئەگەر روداوێکی نەخوازراو رووبدات ئەوا چاوەرێی بەهاری کوردی بکەن.
ئەو بارودۆخەی دووچاری دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بووەتەوە لە بێدەنگی پێش زریان دەچێت، چاوەروان دەکرێت ئەگەر باێدرودۆخەکە بەمجۆرەی ئێستا بەردەوامبێت ئەوا دوور نییە ئەوەی ناوی لێنرابوو بەهاری عەرەبی بە شێوەیەکی درەنگ وەخت بگاتە هەرێمی کوردستان، کە دۆخەکەش گەیشتە ئەو ئاستە رەنگە جێبەجێکردنی داواکاریی مامۆستایان و فەرمانبەرانیش دادیان نەدات و نەتوانرێت ئارامی و سەقامگیری بۆ هەرێم بگەرێندرێتەوە.