یانەی نەورۆز ئێستا بووەتە یەکێک لە سیما دیار و گەشاوەکانی شاری سلێمانی

لاهور شێخ جەنگى سەرۆکى یانەکە دەڵێت: ئەگەر کێشەکانى زەوى یاریگاکە یەکلایی ببێتەوە، یاریگاکە فراوانتر دەکەین

13 كاتژمێر لەمەوپێش



لاهور شێخ جەنگى سەرۆکى یانەکە دەڵێت: ئەگەر کێشەکانى زەوى یاریگاکە یەکلایی ببێتەوە، یاریگاکە فراوانتر دەکەین

ئێستا هەر هەفتەیە و وێنە و دیمەنێکى یاریگا و هاندەرانى نەورۆز دەبێتە ترێندى سۆشیال میدیاى کوردستان.

ئامادەکردنی: هاوڵاتی

یانەى نەورۆزو یاریگا جوانەکەى و هاندەرە زۆرەکەى ئێستا بووەتە یەکێک لەسیما دیارو گەشاوەکانى شارى سلێمانى بۆتە باسوخواسى گەرمى زۆرینەى کۆڕو کۆبونەوەکان بەتایبەت لەناو وەرزشکاران.

ئەو ڕۆژەی یانەی نەورۆز یاریی هەبێت، سلێمانی دەڵێی لە ئاهەنگ و کەرنەڤاڵێکی گەورەدایە، هەزاران کەس ڕوویان لە یاریگەکە ناوەوە و دەیانەوێت پشتیوانی یانەکەیان بکەن.

بەدووکاتژمێر پێش دەسپێکردنى یاریەکان، جێگا نامێنێت لەناو یاریگاکەدا، بەهۆی یاریەکەشەوە لۆد و قەرەباڵغییەکی زۆر لەسەر شەقامەکان بەتایبەت بەکرەجۆ دروست دەبێت.

یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز ساڵی 2020 بەردی بناخەی دانرا و  كۆتایی ساڵى رابردوو یاریگاکە ته‌واوكرا،  شوێنی 15 هەزار هاندەر دەبێتەوە و 20 ملیۆن دۆلاری تێچووە، گەورەترین یاریگای شاری سلێمانییە و موڵکی یانەی نەورۆزە.

 

لاهور شێخ جەنگى سەرۆکى یانەکە دەڵێت: ئەگەر کێشەکانى زەوى یاریگاکە یەکلایی ببێتەوە، یاریگاکە فراوانتر دەکەین، هاوکات دەڵێت پێم ناخۆشە ئەو سەدان هاندەرەى دێن و لەبینى یاریەکە بێبەشدەبن و خەفەتى پێدەخۆم.

داواکارى سەرەکى و لەپێشینەى ئیدارەو هاندەرانى یانەکەش ئەوەیە، ئەو بەربەست و ڕێگریانەى دەسەڵاتدارانى یەکێتى و بەتایبەتى تر شارەوانى سلێمانى کۆتایی پێبهێرێت، لەبرى ئەوە هاوکارو پشتیوانى یانەکەو هاندەرە دڵگەرمەکانى بن، زیاتر لەساڵێکى بەبیانوى جۆراو جۆرەوە ڕێگە نادەن کار لەتەواوکردنى یاریگا نێودەوڵەتیەکە بکرێت.

لەیلا عومەر شارەوانى سلێمانى لەلێدوانێکى ڕۆژنامەوانیدا وتى: شوێنى یاریگاى نەورۆز گەشتیارییەو بۆ یاریگا گونجاونییە، بەڵام هەرزوو هاندەران و وەرزشکاران و زۆرینەى هاوڵاتیان ئەم قسانەى سەرۆکى شارەوانیان ڕەتکردەوەو دژى وەستانەوە، سەرۆکى یانەکەش  لاهور شێخ جەنگیش دەڵێت بە فەرمانی قوباد تاڵەبانی ئەو زەویە تەرخانكراوەو چەندین بەڵگە لەسەر تەرخانکردنى زەویەکە بۆ ڕایگشتى بڵاوکرایەوە.

هەرچەندە یاریگاکە شوێنى 15 هەزار هاندەرى تێدا دەبێتەوە، بەڵام لە زۆربەى یارییەکان نزیکەی بیست هەزار هاندەر ئامادە دەبن و سەدانى دیکە لە دەرەوەی یاریگاکە و لە رێگەی شاشە و سەیری یارییەکان دەکەن.

تەواونەبوونی پرۆژەکە بە هەموو بەشەکانییەوە وەکو شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل و هاتوچۆی خەڵک و شوێنی پشوودان، هاندەرانى نیگەران کردووە و ئیدارەی یانەکەش دەڵێن، حکومەتى خۆجێی و شارەوانی سلێمانی هاوکار نین لە تەواوکردنی پرۆژەکە.

چەند جارێک ئیدارەى یانەکەو هاندەرانیش داواى لابردنى ئەو رێگریانەیانکردوە، بەڵام دەسەڵاتدانى سنورى سلێمانى وەڵامى ئەم داواکاریەیان نەداوەتەوەو هیچ ئاسانکاریەکیان نەکردوە بۆ تەواوکردنى ئەو یاریگا نێودەوڵەتیە.

هاندەرێکى یانەکەش لەوەڵامى قسەکانى سەرۆکى شارەوانى سلێمانى دەڵێت: ئەگەر باسی سەوزایی ئەکەن ئەوا یاریگای نەورۆز سەوزترین شوێنی سلێمانییە، ئەگەر باسی گەشتیاری دەکەن یاریگای نەورۆز گەشتیاریترین شوێنی سلێمانییە کە هەفتانە لە هەموو عێراقەوە گەشتیار ڕووی تێدەکا.

ئەگەر باسی ماستەرپلانیش ئەکەن ئەوە هەموومان خەڵکی شارەکەین و ڕۆژانە ئەبینین چی ئەکرێت لەم شارەدا چۆن زەوى تەخشان و پەخشان دەکرێت و سامانى دەوڵەت بەفیڕۆدەدەن، بۆیە یاریگای نەورۆز تەنها موڵکی خەڵکی سلێمانی نییە بەڵکو هی هەموو کوردستانە.

لەسەرەتاى مانگى یەکى ئەمساڵیشدا لەکاتێکدا تیپی لاوانی یانەى نەورۆز لە خولی عێراق لەگەڵ لاوانی یانەی پێشمەرگە لە یاریگای یانەی پێشمەرگە لەنێو فەرماندەیی گشتیی خەریکی ئەنجامدانی یاریکردن بوون، هێزێکی لە یاسا دەرچوو کە خۆیان بە کۆماندۆ ناساند رێگرییان کرد لە ئەنجامدانی یارییەکە.

یاریەکانى نەورۆز جارێکى دیکە گەرموگوڕى بەخشیەوە بە یاریگاکان و هەمووانى لەدەورى خۆى کۆکردوەتەوە، سەرجەم چین و توێژ و تەمەنە جیاوازەکان بەجۆش و خرۆشەوە چەند کاتژمێرێک پێش یاریەکە دەچنە یاریگا.

ماهیر حەسەن یەکێک لەهونەرمەندە هەرە دیارەکان، لەچاوپێکەوتنێکى ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: دواى ٤٥ ساڵ دابڕان نەورۆزو یاریگاکەى وایکرد وەک هاندەرێک بگەڕێمەوە بۆ سەیرى یاریەکانى.

دانەر ئەسڵان یەکێک لەڕۆژنامەنوس و شرۆڤەکارە بەناوبانگەکانى وەرزش لەوەسفى یانەى نەورۆدا دەڵێت: هەواداران و یانەی نەورۆز هەمیشە براوەن لە نمایشی جوان و داهێنانى نوێ لە عێراق هەر زوو یاریگای نەورۆز و هاندەرەکەی و تیمەکەی بوونە باسی تەواوی عێراق و تەنانەت وڵاتانی دەوروبەریش.

یارى لەدواى یارى هەمووان وەسفى یاریگاى نەورۆز و هاندەرە زۆرەکەى دەکەن، هەر هەفتەو وێنەو دیمەنێکى یاریگاو هاندەرانى نەورۆز دەبێتە ترێندى سۆشیال میدیاى کوردستان و عێراق و بەراوردى ئامادەبوونى هاندەر و جوانى یاریگاى نەورۆز و بەیاریگاکانى ترى شارەکانى ناوەڕاست و باشورى عێراق دەکرێت.

بەشێک لەو یانانەى لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، یاریدەکەن بڕیاریانداوە یاریەکانیان بگوازنەوە بۆ یاریگای نەورۆز لە سلێمانی، یەکێک لەوانەیانەی دیالاى شارى نەجەفە.

یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز لەسەر شێواز و دیزاینی یاریگاکانی ئەوروپا دروستکراوە و چیمەنی یاریگاکە چوار وەرزە سەوزە، هەفتەى پێشوو سیستمى رووناکى و بلاجیکتۆر بۆ یاریگاکە دانراو شەوى ڕابردوش بۆ یەکەمجار یارى تێدا ئەنجامدرا.

هێرش کەمال، جێگری سەرۆکی یانەی نەورۆز، لەوبارەیەوە وتى یاریگای نێودەوڵەتی نەورۆز یەکەم یاریگایە لە عێراق سیستمى لەوشێوەیە دابنێت، چونکە ئەمە هەمان ئەو سیستمەیە، لە یاریگا نێودەوڵەتیەکانی جیهان دادەنرێ، بلاجیکتۆرەکان لە یەکێک لە پێشکەوتووترین کۆمپانیاکانی ئەڵمانیا کڕدراون.

 

ئەو وتیشى: چاوەڕێ دەکرێت لە کاتی یاریەکانی یانەی نەورۆز لە شەودا لە یاریگا نێوەدەوڵەتیەکەی، هاندەرێکی زیاتر ئامادە ببن، ئێمە وەک ئیدارەى یانەکە خەمی ئەوەمانە چۆن شوێن و جێگەى هەموو هاندەران بکەینەوە.

یانەی نەورۆز ساڵی 1994 دامەزراوە کە تاوەکو ساڵی 2008 دوو یانەی جیاواز بەناوی کەمال سەلیم و ئەزمەڕ بوون و لەوکاتەوە ناوی یانەکە کرایە نەورۆز، لەوەتەی ساڵی 2021 لە خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی دەکات و سێ وەرزە بەشداریی خولەکە دەکات ئێستا یەکێکە لە یانە بەھێزەکانی کوردستان و عێراق.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار