ئێران یۆرانیۆم

5 كاتژمێر لەمەوپێش
دانا هەمزە
١- ئێران
ئێران، رێژەی هەوێنکردنی یۆرانیۆمی U235 گەیاندۆتە زتاتر لە 60%. بەپێی زانیاریەکانی موساد، ئێران تەنها چەند هەفتەیەکی دەوێت بۆ دروستکردنی نۆ بۆمبی ئەتۆم.
ئێران یەك ویستگەی کارەبای هەیە کە بە وزەی ئەتۆم کاربکات، ئەویش ویستگەی بوشەهر ە لەسەر دەریای خەلیج، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی ئەم جۆرە ویستگەیە پارێزراو و سەلامەتە و نابێت لە هیچ دۆخێکدا بوردومانبکرێت.
دوو گرنگترین ویستگەی بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم ی U235 لە ئێران، هەردوو ویستگەی "نەتەنز" لە نزیك قوم و ویستگەی "فوردۆ" یە لە نێوان ئەراك و قوم.
ئیسرائیل ویستگەی نەتەنز ی بۆردومان کردوە و بەتەواوی پەکی خستوە، هەندێك تیشکی ئەلفای کوشندە لە قاتی سەرەوەی ویستگەکە بڵاوبۆتەوە بەڵام بەپێی ئاژانسی نێودەولەتی وزەی ئەتۆم، بەئاسانی کۆنترۆڵ دەکرێت.
ویستگەی ئەتۆمی فوردۆ، لە شوێنێکی سەختی ژێر شاخ دایە، ئەم ویستگەیە بوردومان نەکراوە، چونکە بۆردومانکردنی ئەم شوێنە، قورسە و تەنها بە موشەکی ستراتیجی و تەنها بە ئەمریکا دەکرێت! با چاوەڕێ بین بزانین ترەمپ دەڵێت چی؟!
ئێران، هیچ پڕۆژەیەکی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی هایدرۆجین نیە، کە زۆر لە یۆرانیۆم ئاڵۆزتر و کاریگەرترە.
٢- یۆرانیۆم
یۆرانیۆم، ڕەگەزێکی کیمیایی زۆر گرنگە، وەك سوتەمەنی بۆ دروستکردنی وزەی کارەبا و چەکی ئەتۆمیش بەکاردێت. نزیکەی لە 10% ی وەزەی کارەبای جیهان سوتەمەنیەکەی یۆرانیۆمە، هاوکات زۆربەی بۆمبە ئەتۆمیەکانیش لە یۆرانیۆم دروست دەکرێن و هەندێکیشیان لە هایدرۆجین!
یۆرانیۆم کانزایەکی قورسە، چڕییەکەی کەمێك لە خوار چڕی ئاڵتونەوەیە، بە جۆرێک بارستایی (قورسایی) یەك مەتر سێجا لە یۆرانیۆم، زیاتر لە 19 تەنە، لە کاتێکدا قورسایی هەمان قەبارە لە ئاسن تەنها 7 تەن و 780 کیلۆ گرامە.
ڕەنگی یۆرانیۆمی سروشتی، خۆڵەمێشیە و لە زۆربەی شوێنەکانی سەرزەوی هەیە بە کوردوستانیشەوە. یۆرانیۆمی سروشتی، بە شێوەی سێ فۆرم یان سێ ئایزەتۆپ هەیە، یۆرانیۆم U234 ،U235 ،U238.
زیاتر لە 99% ی یۆرانیۆمی سروشتی لە جۆری (U238)ە لە کاتێکدا تەنها لە 0.7% ی (U235) و ڕێژەیەکی زۆر کەمیشی لە جۆری (U234)ە.
یۆرانیۆم، یەکێکە لە هەرە بارستە ئەتۆمیە بەرزە ناجێگیرە تیشکدەرەوەکان، ئەم خەسڵەتەشی وایکردوە بەپێی هاوکێشەی گۆڕینی بارستایی بۆ وزە (E=mc²) لە ڕێگەی پەرتکردنی ناوکی گەردیلەکانیەوە بایەخدار بێت بۆ دروستکردنی وزەی بەرز!
هەموو جۆرەکانی یۆرانیۆم، تیشکدەرەوەن، بەڵام ئەوەی لە بەرهەمهێنانی وزەدا بەکاردێت، یۆرانیۆم ی U235 ە کە بەڕێژەیەکی زۆر کەم لە U238 سوکترە. گەردیلەی ئەم جۆرەی یۆرانیۆم کە 92 (ئەلکترۆن= پرۆتۆن) و 143 نیوترۆنی تێدایە، بە ئاسانی لەت دەبێت و لە ڕێگەی زیادکردنی یەك پرۆتۆنەوە دەگۆڕێت بۆ یۆرانیۆم U236 و پاشان پەرت دەبێت و دەگۆڕێت بۆ مادەی (باریۆم و کریپتۆن) لەگەڵ جیابونەوەی سێ پرۆتۆن، یان دەگۆڕێت بۆ (زینۆن و سترۆنتیۆم) لەگەڵ جیابونەوەی دوو پرۆتۆن، هەر پرۆتۆنێکی جیابۆوەش پەلاماری گەردیلەکانی دیکەی U235 دەدات و کارلێک دەکات و پاشان زنجیرەیەکی هێشویی کارلێک دروست دەبێت و لەگەڵ هەر کارلێکێکشدا وزەیەکی گەورە بەرهەم دێت.
پرۆژەی بەرهەمهێنانی وزەی یۆرانیۆم، پرۆسەیەکی ئاڵۆز و هێواشە، بریتیە لە بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم ی U235 لە ڕێگەی هەوێنکردنی یۆرانیۆم ی U238 وە. پرۆسەی هەوێنکردن لە ڕێگەی هەزاران سەنتەفیوژەوە بۆ دەرهێنان و جیاکردنەوەی U235 لە U238 ئەنجام دەدرێت. بۆ دروستکردنی وزەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، تەنها ڕێژەی لە3% بۆ لە 20% جیاکردنەوە یان بەرهەمهێنانی یۆرانیۆم ی U235 لە یۆرانیۆم ی U238 پێویستە. بەڵام بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆم، بەرهەمهێنانی لە 90% ی یۆرانیۆم ی U235 پێویستە.
