ململانێی ئێران - ئیسڕائیل، لە دوای جەنگ، دیپلۆماتەکان دێنە ناوەوە

11 كاتژمێر لەمەوپێش
شیکاریی: برێت مەکگۆرک
و. لە ئینگلیزییەوە: ئەحمەد ڕەسوڵ
برێت مەکگورک، دیپلۆپماتکاری ئەمریکی، ئەو پیاوەی ماوەیەک سەروکاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان هەبووەو شارەزاى تەواوى کاروبارى سیاسى عێراق و هەرێمى کوردستانیشە، شیکارییەکی وورد و هەمەلایەنەو لێکدانەوەیەکى وردى بۆ ململانێی ئێران - ئیسڕائیل کردووە، هاوکات پێشبینی و دەرئەنجامەکانییشى خستوەتەڕوو، شیکارییەکە لە ماڵپەرى سی ئێن ئێن دیپلۆماتیک لە ڕۆژی ٣٠-٦-٢٠٢٥ بڵاوکراوەتەوە.
لە شیکارییەکی ووردی ماڵپەڕی سی ئێن ئێن دیپلۆماتیک بۆ مڵملانێی ئێران-ئیسڕائیل، برێت مەکگۆرک:
- دەبێت هەڵسەنگاندن بکەین بۆ چۆنێتی چانسەکانی وەرگێڕانی سەرکەوتنی سەربازیی بۆ دەستکەوتی ستراتیژیی درێژخایەن.
- لە قەیرانی ئاسایشی نیشتمانیدا، ئەوەی ڕوونادات، دەتوانێت هێندەی ئەوەی ڕوودەدات، گرنگ بێت.
- بۆ ساڵانێک شرۆڤەکاران پێشبینییان دەکرد کە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ببێتە هۆکاری شەڕێکی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەدان و بگرە هەزاران قوربانی ئەمریکی.
- من پێم وابوو ئەو بانگەشانە زیادەڕەوییان تێدایە و بەرهەمی پڕوپاگەندەی ئێرانیین تا ئەوەی هێندەی شیکارییەکی دروست بن.
- ئەمڕۆ، ئێمە تەنیا تیۆری و پێشبینیمان نییە سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشێکی ئەمریکی بەڵکو ئەزموونی کردەیی و تێدا ژیاومان هەیە.
- تیۆرییەک لە بازنەکانی سیاسەتی دەرەوەدا ئەوەیە کە هاوپەیمانییەک بە ناوی "CRINK" - چین، ڕووسیا، ئێران، کۆریای باکوور - ڕەنگە لە قەیرانێک یان ململانێیەکدا لە دژی ڕۆژئاوا یەکبگرن.
- سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕووسیا (ئێس ٣٠٠)، دەرکەوت کە بێسوود بوو و بە ئاسانی بەهۆی سیستەمی سەربازیی ئیسرائیلەوە لە ئێران لەناو دەچوو، کە بەشی زۆری سیستەمە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لەلایەن ئەمریکاوە دابینکراوە.
- ناتانیاهۆ هەڵسەنگاندنێکی بۆ ئەو دۆخە لەناکاوە ئامادە کردبوو، بە ناونیشانی: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەر وەکو لاواز هەستپێبکرێیت، دەبیت بە قوربانی.
برێت مەکگۆرک
- نێردراوی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕوونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام "داعش" (٢٣/١٠/٢٠١٥ – ٣١/١٢/٢٠١٨)
- ڕێکخەری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا (٢٠/١/٢٠٢١ – ٢٠/١/٢٠٢٥)
- ئێستا شیکەرەوەی کاروباری جیهانییە لە کەناڵی سی ئێن ئێن ی ئەمریکیی و ماڵپەڕی سی ئێن ئێن – دیپلۆماتیک.
دەقی شیکاریی:
لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە هەفتەی ڕابردوودا، پاشان سەپاندنی ئاگربەست، کاتی ئەوە هاتووە هەنگاوێک بۆ دواوە بگەڕێینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکەین کە چی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گۆڕاوە، و چانسەکانی وەرگێڕانی سەرکەوتنی سەربازیی بۆ دەستکەوتی ستراتیژیی درێژخایەن.
لە قەیرانی ئاسایشی نیشتمانیدا، ئەوەی ڕوونادات، دەتوانێت هێندەی ئەوەی ڕوودەدات، گرنگ بێت. ئەوە بە تایبەتی سەبارەت بە ململانێی ئەم دواییە لەگەڵ ئێران، ڕاستە. بۆ ساڵانێک شرۆڤەکاران پێشبینییان دەکرد کە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران ببێتە هۆکاری شەڕێکی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەدان و بگرە هەزاران قوربانی ئەمریکی و هەروەها پەرەسەندنەکان بگەنە ئەوەی کە ڕەنگە لە کۆتاییدا تاران بە هۆکاری ناهاوسەنگییەوە کۆنتڕۆڵی بکات – وەک ئەوەی کە میلیشیاکانی سەر بە ئیران لە سەرانسەری ناوچەکەدا بە چەکەکانیان کە توانای لێدانی کارمەندان و پێگەکانی ئەمریکایان هەبێت.
من پێم وابوو ئەو بانگەشانە زیادەڕەوییان تێدایە و بەرهەمی پڕوپاگەندەی ئێرانیین تا ئەوەی هێندەی شیکارییەکی دروست بن. ئەوە بە تایبەتی لەم قەیرانەدا ڕاست بوو، کە دوای نزیکەی ١٨ مانگ لە کەمکردنەوەی هێزی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە لە وەڵامی بڕیارە چارەنووسسازەکەی تاران بۆ بەشداریکردنی لە شەڕێکدا دژی ڕکابەرەکەی (ئیسڕائیل) دوای ماوەیەکی کەم لە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ دا، سەریهەڵدا.
ئەمڕۆ، ئێمە تەنیا تیۆری و پێشبینیمان نییە سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشێکی ئەمریکی — بەڵکو ئەزموونی کردەیی و تێدا ژیاومان هەیە. وە تا ئێستا دەرکەوتووە ڕەشبینەکان "ئەوانەی بیرکردنەوەکانیان ڕەشبینانە بوو" هەڵە بوون. ئێران بە شێوەیەکی لاواز و بە هێرشێکی مووشەکیی تەلەگرافییانە و شکستخواردوو دژی بنکەیەکی ئەمریکا لە قەتەر، وەڵامی دایەوە کە تەنیا خزمەتی بە یەکخستنی دەوڵەتانی کەنداو کرد بۆ سەرکۆنەکردنی ئێران. میلیشیاکانی ئێران - لە حزبوڵڵا لە لوبنانەوە کە پێشتر دوای دۆڕانی ململانێکەی لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی ڕابردوودا، تا میلیشیا عێراقییەکانی ژێر کۆنترۆڵی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئیسلامی ئێران – بێدەنگ و سەرکز مانەوە بە تەواوی.
تیۆرییەک لە بازنەکانی سیاسەتی دەرەوەدا ئەوەیە کە هاوپەیمانییەک بە ناوی "CRINK" - چین، ڕووسیا، ئێران، کۆریای باکوور - ڕەنگە لە قەیرانێک یان ململانێیەکدا لە دژی ڕۆژئاوا یەکبگرن. بێگومان ئەم کۆمەڵە دەوڵەتە ڕەنگە هاوبەشییەکی تاکتیکی و تایبەت بە پرسەکان پێکبهێنن وەک پشتیوانیکردنی کۆریای باکوور و ئێران بۆ ڕووسیا لە شەڕەکەیدا دژی ئۆکرانیا.
بەڵام کاتێک دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە ئەو ئاستە و لەگەڵ ئەوەی ئێران تووشی گەورەترین پاشەکشە سەربازییەکانی بوو لە دوای شۆڕشەکەی ساڵی ١٩٧٩ەوە، ئەم هاوبەشانە "چین، ڕوسیا و کۆریای باکور" لە هیچ شوێنێکەوە دیار نەبوون. چین بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە ئێران بە لەبەرچاوگرتنی پشتبەستنی بە هەناردەکردنی نەوتی کەنداو، نابێت بیر لە داخستنی گەرووی هورمز بکاتەوە و هەروەها کاتێک وەزیری دەرەوەی ئێران لە نێوخەرگەی قەیرانەکاندا سەردانی ڕووسیای کرد، تەنها بە بەیاننامەیەکەوە لە مۆسکۆوە گەڕایەوە، ئەوەبوو کە ڕوسیا لە بەیاننامەکەیدا داوای کەمکردنەوەی پەرەسەندنەکانی دەکرد.
جگە لەوەش ستراتیژی جەختلێکراەوەی ڕووسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ساڵی ٢٠١٥ وە بە بڕیاری سەرۆک ڤلادیمێر پوتین دەستیپێکرد، پشتگیریکردنی یەکلاکەرەوەی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا، لە پشێویی و تێکچووندایە. پوتین گرەوی لەسەر ئەوە کرد کە دەسەڵات لە سەرووی هەموو شتێکەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگە و بە هاوکاریکردنی ئەسەد، دەتوانێت ستراتیژە جەختلێکراوەکەی لەسەر هێزی سەربازی ببات بەرەو پەیوەندی قووڵتر لە سەرانسەری ناوچەکەدا، لەوانەش لەگەڵ ئیسرائیل و دەوڵەتانی کەنداو. بەڵام ئەو پلانە کاری نەکرد و سەری نەگرت.
ئەمڕۆ، لە دوای کەوتنی ڕژێمەکەی ئەسەدەوە، ڕووسییەکان بەزەحمەت خۆیان بە شاری بەندەری تارتوسی سوریادا هەڵواسیوە. سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕووسیا ئێس ٣٠٠ کە ترسناک ناسراوە، دەرکەوت کە بێسوود بوو و بە ئاسانی بەهۆی سیستەمی سەربازی ئیسرائیلەوە لە ئێران لەناو دەچوو، کە بەشی زۆری سیستەمە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لەلایەن ئەمریکاوە دابینکراوە.
لێکەوتە جیهانییەکان
بە ماوەیەکی کەم دوای هێرشەکەی حەماس لە ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، من لە ئۆڤەڵ ئۆفیس "ئۆفیسی فەرمی کارکردنی سەرۆکی ئەمریکا لە ناو کۆشکی سپی کە بەشێکە لە ئۆفیسی جێبەجێکاریی" بووم لە ماوەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لە نێوان سەرۆک جۆو بایدن و سەرۆک وەزیرانی ئیسڕائیل، ناتانیاهۆ. بە ماوەیەکی زۆر کەم دوای ئەوە، حزبوڵڵای تێرۆریستی پاشخان ئێرانی بەرەی دووەمی جەنگی لە باکورەوە کردەوە بە ڕۆکێت و مووشەکبارانکردنی باکوری ئیسڕائیل. ناتانیاهۆ هەڵسەنگاندنێکی ڕاشکاوانەی بۆ ئەو دۆخە لەناکاوە ئامادە کردبوو، بە ناونیشانی: لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەر وەکو لاواز هەستپێبکرێیت، دەکوژرێی "دەبیت بە قوربانی".
لاوازیی، دڕندەیی لێوە پەیدا دەبێت. بە تایبەت بۆ ئیسڕائیل، کە بۆ چەندین دەیە دەستوپەنجەی نەرم کردووە لە تەک پابەندبوونی ئێران بە وێرانکردن و لەنێوبردنی. ئێران هەموو ئەو کاتەی تەرخانیکردووە لە پاڵپشتییکردنی میللیشیا تێرۆریستییەکانی وەکو حزبوڵڵا و حەماس بۆ دانانی ئەوەی پێی دەگوترێ "بازنەی ئاگر" بە دەوری ئیسڕائیلدا، بە ئامانجی فشاردانانێکی بەردەوام و گەمارۆدان و خنکاندنی وڵاتەکە. ئیسڕائیل ئامادەکاری کردبوو و خۆی سازدابوو بۆ ئەم هەڕەشە لەناکاوانە، تاوەکو ٧ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣.
وەک پێشتر نووسیومە، هێرشی حەماس لە ٧ی تشرینی یەکەم، بە کوشتاری کۆمەڵی خەڵکی مەدەنی و بە بارمتەگرتنەکان، بۆ هەمیشە دۆکترینی ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیلی گۆڕی. جارێکی دیکە هەرگیز بوونی گروپە تیرۆریستییە پشتیوانیکراوەکانی ئێران لەسەر سنوورەکانی قبوڵ ناکرێت و - دوای هێرشە ڕاستەوخۆکانی تاران لە خاکی ئێرانەوە بۆ سەر ئیسرائیل لە مانگەکانی نیسان و تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوودا - هەروەها لە کاتی پێویستدا ڕاستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر ئێران. ئەمە هاوکێشەیەکی تەواو نوێیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هاوکێشەیەک کە بە بڕوای من پێدەچێت لێرەوە بمێنێتەوە.
لە بەرامبەر ئەو پاشخانەدا، ئەوەی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا لە ئێران ڕوویدا، دەرئەنجامێکی پێشبینیکراوی بڕیارەکەی ئێران بوو لە پەیوەندیگرتنەوە بە جەنگێکی فرە بەرەیی دژی ئیسرائیل لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، سەرکەوتنی بەرچاوی سەربازیی هەڵمەتەکەی ئیسرائیل حەتمی نەبوو.
ئیسرائیل لە ماوەی ١٢ ڕۆژدا پلە باڵاکانی سوپای ئێران، زانا ئەتۆمییە پێشەنگەکانی و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی مووشەک و زۆربەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی و شوێنەکانی دیکەی لەناوبرد، جگە لەوانەی کە لە قووڵایی ژێر زەویین، وەکو دامەزراوەی پیتاندنی فۆردۆ یان ناوچەی عەمبارکردنی ئەسفەهان. ئەم نمایشەی باڵادەستیی سەربازیی و هەواڵگریی دەنگدانەوە و درێژەی دەبێت لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆ ساڵانی داهاتوو. ئێستا ئیسرائیل هێزە سەربازییە باڵادەستەکەیە لە ناوچەکەدا، ئەمەش وەرچەرخانێکی گرنگی ڕووداوەکانە بە تەنیا لە ٢٠ مانگ پێشترەوە.
هەروەها ڕەنگە جەختکردنەوەکانی ئەمریکا لەسەر هێزی سەربازیی لێکەوتەی جیهانی هەبێت. فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی B-2 کە هێرشیان کردە سەر ئێران، لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و کشوەری ئەمریکاوە هەڵدران و تەقەمەنی ئاڕاستەکراویان بەردایە خوارەوە کە هیچ وڵاتێکی دیکە خاوەنی نییە بە وردییەکی بێئەندازەوە "هەڵگرتنی سەری دەرزی یان نوکی دەرزی" - هەموو ئەمانەش بەبێ پێویستبوونی بنکە یان سەکۆیەکی ناوچەیی "هەرێمی".
دیتێرەنس "واتا بەرگرتن یان ڕێگرتن لە شتێک بە تایبەت تاوان و جەنگ لە ڕێگای هەبوونی چەکی بەهێز و پێشکەوتوو یان سزادان بۆ بەکارهێنانی وەکو هەڕەشە" لە کاروباری جیهانیدا لە ڕێگەی یەکگرتنێکی ناوازەی توانا سەربازییەکانەوە لەگەڵ خواستێکی "ئیرادەیەکی" بەهێزەوە دێتە دی. ئەم جەختکردنەوەیەی ئەمریکا لەسەر هێز بەبێ ئەوەی دواتر گیرۆدەی فراوانبوونی ئامانجەکان و ناڕوونیی ئامانجەکان ببێت، لەلایەن سەرکردەکانی دیکەی جیهانەوە سەرنجی دەدرێت ئەمەش وا دەکات کە ڕەنگە ئێستا دووجار بیربکەنەوە پێش ئەوەی ئەمریکا تاقیبکەنەوە.
ئەوە سەرکەوتنی کۆتایی نییە
لەسەر بنەمای هەموو ئەوەی تا ئێستا دەیزانین، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کردووە. هاوکارەکەی پێشووم، نۆرمان ڕۆل، کە وەک بەڕێوەبەری کاروباری ئێران بۆ کۆمەڵگەی هەواڵگری ئەمریکا کاری کردووە، بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاندووە کە پێی وایە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران “زیانێکی کارەساتبار”ی بەرکەوتووە. لە کاتێکدا کە کارمەندە لێهاتوو و شارەزاکانی هەواڵگری کاردەکەن بۆ هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی ئەوەی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا ماوەتەوە، بە داخەوە ئەم پرسیارە بە سیاسی بووە، زۆرێک لە کۆمارییەکان هەوڵدەدەن پشتگیری لە بانگەشەی پێشوەختەی ترەمپ بکەن کە بەرنامە ئەتومییەکەی ئێرانی سڕیوەتەوە و لەنێو بردووە. هەروەها زۆرێک لە دیموکراتەکان هەوڵدەدەن پێشوەختە بیسەلمێنن کە ڕەنگە ئێران هێشتا بتوانێت بە خێرایی بەرنامە ئەتومییەکەی پێکبهێنێتەوە.
لەسەر پرسیارێکی وەها، ئارامگرتن و هۆشداریی گرنگە، چونکە تەنانەت لەگەڵ گشتگیربوونی هەڵسەنگاندنەکان، ڕەنگە هەرگیز بانگەوازێکی "کۆتایی" یان یەکلاکەرەوە نەبێت.
با ئەمە زیاتر ڕوون بکەمەوە.
بەگشتی سێ ئاستی هەڵسەنگاندنی زیانەکانی شەڕ هەیە، یان BDA.
یەکەمیان دوای ماوەیەکی کەم لە ئۆپەراسیۆنەکە دێت و بە پلەی یەکەم لەسەر بنەمای ئەو وێنانەیە کە ڕەنگە دەستبەجێ یان لە ماوەی نزیکەی ٢٤ کاتژمێردا بەردەست بن.
دووەمیان زانیاری زۆرتر بەردەست دەبێت، وەک ئەوەی ئایا تەقەمەنیەکان وەکو دیزاینکراون کاریان کردووە، و ئایا خاڵە تایبەتەکانی بە ئامانجگیراو پێکراون یان نا. هەروەها ئەم هەڵسەنگاندنە ڕەنگە بە تەواوی زیانە گشتییەکان بۆ ئامانجێک هەڵسەنگێنێت - لە سووکەوە، بۆ مامناوەند، تا توند.
ئاستی سێیەم جیاوازە و هەموو سەرچاوەکانی زانیاری لەخۆدەگرێت، لەوانە زیرەکیی و هەستیاریی سیگناڵەکان، هەڵسەنگاننە هاوبەشەکان و ڕەنگە سەرچاوە مرۆییەکانیش. ئەو پرۆسەیە دەتوانێت چەند هەفتەیەک بخایەنێت و بۆچوونی چەندین بەش و دەزگا لەخۆدەگرێت.
دۆخەکە لەوەش ئاڵۆزترە، کاتێک هەڵسەنگاندنەکە بەرنامەیەکی ئەتۆمییە، و دەشێت ئێران لە کاردانەوەیدا چی بکات. ئەم دۆخە بەراورد بکە بە هێرشێک کە سەرکردەیەکی تیرۆریستی دەکاتە ئامانج. هەڵسەنگاندنەکە لەو جۆرەی BDA دا لە کۆتاییدا دەبێتە دوانەیی: ئامانجەکە زیندووە، یان نا "واتا سەرکردە تێرۆریستییەکە ماوە یان مردووە، پێکراوە یان نە". تەنانەت ئاستی دووەمی BDA ڕەنگە بێ ئەنجام بێت، چونکە لەناوبردنی بینایەک یان ئۆتۆمبێلێک ناتوانێت گەرەنتی نەهێشتنی ئامانجەکە بکات. لە ئاستی 3 BDA، لەوانەیە وێنەی لاشەیەک هەبێت، یان ئامادەکاری بۆ پرسە، یان کاردانەوەی هاوتاکانی ئامانجەکە.
هێشتا، ئەوە دەرئەنجامێکی دووانەییە — مردوو یان زیندوو.
هەڵسەنگاندنی بەرنامەیەکی ئەتۆمی، ئەوەی لێی دەمێنێتەوە و ئەوەی کە ڕەنگە لە داهاتوودا ڕووبدات، زۆر جیاوازە، نادووانەییە و بارگاوییە بە گریمانە. بۆ نموونە، تەنانەت ئەگەر هەر وەکو ڕاپۆرت کراوە، ئێران ڕەنگە خاوەنی کۆگایەکی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاست بەرز بێت، ئایا هێشتا خاوەنی ئەو سێنترفیوجە "سێنترفیوج Centrifuge ، ئەو ئامێر و دەزگایانەن لە دامەزراوە ئەتۆمییەکاندا کە تەنۆلکە وورد و درشت و گەورەکان لە یەکتر جیادەکاتەوە کە هەموویان پێکەوە لە شلەیەکدان" بەهێزانەیە کە پێویستە بۆ خولاندنەوەی ئەو یۆرانیۆمە بۆ پلەی چەک؟ وە با گریمانە بکەین کە وا دەکات، ئایا ئێمە دڵنیاین کە ئێران بڕیاری مەترسیدار دەدات بۆ دانانی شلەمەنی سێنترفیوج و جوڵاندنی یۆرانیۆم لە کاتێکدا ئیسرائیل هێشتا کۆنترۆڵی ئاسمانی ئێران دەکات؟
ئایا وایدادەنێین کە ئەمە دەتوانرێت ئەنجام بدرێت بەبێ ئەوەی ئیسرائیل یان ئەمریکا بزانن — و دواتر هەنگاوی زیاتر بگرنەبەر بۆ لەناوبردنی شلەمەنییەکە، وەک سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پێشنیاری کردووە کە ئامادەیە بیکات؟ یان وایدادەنێین کە ئێران لە دۆخێکی هێندە پشێودایە کە پێناچێت بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات، یان لانیکەم بەم زووانە بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات؟ یان ئەوەی کە بەدوور نازانرێت لە ژێر هەڕەشەی هێرشی زیاتری ئەمریکا و ئیسرائیل بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات؟
تەنانەت لە خراپترین حاڵەتی هەڵسەنگاندنی BDA بۆ یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو لەگەڵ شلەمەنییەکی سێنترفیوجی پێشکەوتوو (بەدوور دەزانرێت، بەڵام لە پێناو ئارگومێنتدا)، پرسیاری زیاتر هەبوو: ئایا ئێران هێشتا خاوەنی دەزگا و ئامێری پیشەسازییە بۆ لە قاڵبدانی کانزای یۆرانیۆم، کە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبێک، و ئەگەر نا، ئەوە چەند کات دەخایەنێت بۆ پێکهێنانەوەی؟ وە ئایا ئێران دەتوانێت ئەو کارە بکات بەبێ ئەوەی ئیسرائیل یان ئەمریکا هەست بە هەنگاوێکی لەو شێوەیە بکەن و دژی هەنگاو بنێن؟
ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنانە لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە پسپۆڕانی ئەتۆمی لە کۆمەڵگەی هەواڵگریدا - وەک ئیدارەی نیشتمانی ئاسایشی ئەتۆمی لە وەزارەتی ووزە - و شیکارییە سیاسییەکان بە پلەی یەکەم لە سی ئای ئەی کە لێکۆڵینەوە و ئامانجیان پێشبینیکردنی بڕیارەکانی ئێرانە، هەروەها دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە شارەزاییە ناوازەکەی لە شیکردنەوەی هەواڵگریی سیگناڵەکان، کە زۆرجاریش دەتوانێت چەواشەکارانە بن.
لەبەر ئەم هۆکارانە، کاتێک ئەوە دەبیستی کە ئێران ڕەنگە لە ماوەی "چەند مانگ" یان "چەند ساڵ"دا بەرنامەکەی پێکبهێنێتەوە، ئەوەت لەبەرچاو بێت کە هەر هەڵسەنگاندنێکی لەو جۆرە لەسەر بنەمای گریمانەکانە کە ڕەنگە ڕاست بن یان نا، لەوانەش گریمانە لاوەکی و سێیەمینەکان کە ڕەنگە ڕاست بن یان نا، هەروەها ئەوەش کە ئەمریکا و ئیسرائیل دەتوانن کاریگەر بن لە حساباتەکانی تاراندا.
لەناو حکومەتی ئەمریکا لە ماوەی هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا، پێویستە گفتوگۆیەکی دوولایەنە لە نێوان پیشەگەرەکانی هەواڵگریی و داڕێژەرانی سیاسەتی ئاسایشی نیشتمانیدا هەبێت بۆ ئەوەی ئەوە دیاری بکرێت کە ڕەنگە چی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێراندا مابێتەوە، چی دەتوانرێت بە ئاسانی پێکبهێنرێتەوە و چی ناتوانترێت؟ دواتر چ سیاسەتێک پێویستە بۆ دڵنیابوون لەوەی مەترسیدارترین توخمەکانی بەرنامەکە - پیتاندن و کانزای یۆرانیۆم – دەستپێناکەنەوە.
هێڵی کۆتایی ئەم بەشە: ئێستا کاتی قۆناغی کۆتایی سەرکەوتن نییە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرجار دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هێرش بکەنەوە سەر سەرۆکەکان. ئێستا کاتی بەدواداچوونێکی تەرکیزکراو و یەکلاکەرەوەیە.
هاتنەناوەوەی دیپلۆماسی
پێدەچێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە چاوتێبڕینە (طموحە) ئەتۆمییەکانی ئێرانی بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشە پێ کردبێت، بەڵام گۆڕینی ئەو دەستکەوتە سەربازییە تاکتیکیانە بۆ سەرکەوتنێکی ستراتیژی پێویستی بە ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی دەبێت. ڕەنگە ئەوەندە سادە بێت کە ئێران بەڕاستی بەپێی پابەندبوونەکانی بە پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی مامەڵە بکات، کە بەپێی ئەو بەڵێنانە دەبێت هەموو ماددە و ئامێرە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕابگەیەنرێن و بخرێنە ژێر پشکنینی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی. یان دەشێت بە مانای ڕێککەوتنێکی لێکتێگەیشتن و گشتگیرتر بێت کە بۆ هەمیشە ئێران لە پیتاندنی یۆرانیۆم قەدەغە بکات، پێدەچێت لە بەرامبەر هەندێک ئاستی کەمکردنەوەی سزاکان و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ بەرنامەیەکی ئاشتیانەی وزەی ئەتۆمی بێت.
ئامانجەکە دەبێ دووەمیان بێت، وەک لە دوایین شیکاریی خۆمدا ڕوونم کردووەتەوە، دیپلۆماسی لێرەدا بونیادنراوی دوا وادەیە کە کاتەکەی بۆ گەڕاندنەوە "سناپباک" ی سزا نێودەوڵەتییەکان دانراوە، کە هەردوو فەرەنسا و بەریتانیا ئامادەن بیکەن "واتا سزای ئێران بدەن" لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی ئێران بۆ ڕێکەوتن. لەگەڵ کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی گەڕاندنەوەی سزاکان لە مانگی ئۆکتۆبەردا، سەرەتای مانگی ئەیلول وەک دوا وادە دادەنرێت بۆ دووبارە دانانی ئەو سزا فرەلایەنانە لەسەر ئێران کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی سەردەمی ئۆباما لایانبرد و تا ئەمڕۆش لابراون.
ئەمە کارتێکە کە واشنتۆن دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر بە هەماهەنگی لەگەڵ لەندەن و پاریس بەکاری بهێنێت بۆ سەپاندنی وادەیەک لەسەر دیپلۆماسی. ئێران تا گەڕانەوەی بۆ سەر مێزەکە زیاتر دوابخات، کاتێکی کەمتری دەبێت بۆ دانوستان لەسەر ڕێککەوتن بۆ دوورکەوتنەوە لە نوێبوونەوەی سزاکان و ئەگەری هێرشی سەربازیی زیاتر. ئایا باشترە ئێران ئەو ئەگەرە هەڵبژێرێت کە پێکهێنانەوەی بەرنامەی پیتاندنی ئەتۆممیەکەتی؟
ئێستاش ساتەوەختی ئاگربەستە لە غەززە.
کەناڵێکی پشتەوەیی بەرفراوان بەردەوامە بۆ دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە بەرامبەر ئازادکردنی لانیکەم نیوەی ئەو بارمتانەی کە هێشتا لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن. حەماس تا ئێستا ئەم پێشنیارانەی ڕەتکردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی کە ڕوویانداوە، هەستێکی نوێی گەشبینی هەیە کە ئەم دانوستانانە دەتوانن سەرکەوتوو بن. ترامپ خۆی ڕۆژی هەینی پێشبینی ئاگربەستی کرد لە ماوەی هەفتەیەکدا. ئەوە هەواڵێکی نایاب دەبێت، و دەبێ ئامانجەکەش بێت، هەرچەندە پێشبینی دەکەم کە ڕەنگە کەمێک زیاتر بخایەنێت لەگەڵ جێگیربوون و نیشتنەوەی تۆز و خۆڵ لە ئێران.
هەروەها گەشبینی نوێ بۆ فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام هەیە، لە کاتێکدا وڵاتانی عەرەبی هاوکێشە نوێیەکانی دەسەڵات بەلای خۆیاندا پارسەنگ دەکەنەوە و ڕەنگە هەوڵی چێژوەرگرتن لە بەرهەمی هاوکاری ئابووری و تەکنۆلۆژیا لەگەڵ ئیسرائیل بدەن، کە ئێستا وەک پێشکەوتووترین و هێزێکی تەکنۆلۆژیا بەرز لە ناوچەکەدا سەیر دەکرێت.
بە تێپەڕبوونی کات، بە بڕوای من ڕەوتێکی لەو شێوەیە ئەگەری هەیە، بەڵام تەنها ئەگەرغەززە بگەڕێتەوە قۆناغی ئاگربەست، دواجار چارەسەر دەبێت. پێناچێت ئیسرائیل بتوانێت بە تەنیا کێکەکەی هەبێت و بیخوات، چونکە ململانێی غەززە هێشتا نیگەرانییەکی توندی دانیشتووانی سەرانسەری ناوچەکەی لەگەڵدایە و کەم سەرکردەی عەرەب هەیە ئامادەبێت هەنگاوەکە بەرەو ئیسرائیل بنێت تاوەکو ئەو متمانەیەیان نەبێت کە بە تەواوی کۆتایی دێت.
دەرئەنجام
کەواتە، ئەمانە هەمووی چۆن ئەنجام دەدرێن؟
هەمیشە ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕژێمی ئێران کە ئێستا بێهیوا بووە لە مانەوەی، هەموو هەوڵێکی خۆی بدات بۆ ئەوەی، ئەوەی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەیدا ماوەتەوە، کۆبکاتەوە و پەلە بکات بۆ دروستکردنی بۆمبێک. گرنگە کۆی پڕۆسەکە و پرسەکە بپارێزین و بەدووری بگرین لە ئەگەرێکی لەو شێوەیە ، بەڵام پێدەچێت قەناعەتپێکەر نەبێت — چ لەڕووی ڕێزگرتن لەوەی کە ئێران ڕەنگە ئامادەبێت "بۆ سازش و پابەندوون بە بەڵێنەکانەوە" و ئەوەی بتوانێت بیکات بۆ ڕێککەوتن بە لەبەرچاوگرتنی پاشەکشەکانی، لەگەڵ ئەوەی کە ئیسرائیل و ئەمریکاش ڕەنگە بیبینن و بیوەستێنن.
ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا چاوتێبڕین "طموح" ە ئەتۆمییەکانی ئێرانی پاشەکشە پێکرد بە باشی و ئێستا ناوچەکە لە لێوار و دەستپێکی ڕووداوە دراماتیکی و ئەرێنییەکاندایە بۆ ئەوەی فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام لەخۆبگرێت، تەنانەت لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی ڕژێمی تیۆکراتی "ئاینیی" لە تاران، دەبێتە گۆڕانکارییەکی مێژوویی لە کاروباری جیهانیدا.
جۆری ڕووداوەکانی داهاتوو بە هەمان شێوە جێی باوەڕ نیین، بەو پێیەی کە خراپکارەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆرن، هێشتا هیچ نیشانەیەک نییە بۆ هەڵوەشانەوەی ڕژێمی ئێرانی. سیستەمەکە لە تاران بە تێپەڕبوونی کات هەوڵدەدات دووبارە خۆی گرووپ بکاتەوە و کۆنتڕۆڵی ناوخۆیی خۆی دابمەزرێنێتەوە.
بەبڕوای من ئێستا ئەگەری ئەوە زیاترە کە ئەمریکا ئێران لە هەوڵی پێکهێنانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ڕابگرێت و یارمەتی دەستەبەرکردنی ئاگربەست لە غەززە بدات و ڕێگا خۆش دەکات بۆ فراوانکردنی ڕێککەوتنە ئیبراهیمییەکان بە تێپەڕبوونی کات (ساڵان نەک چەند مانگێک).
بەرپرسێکی باڵای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ساڵانێکی زۆرە دەیناسم و متمانەم پێیەتی، ئەم قۆناغەی ئەم دواییە و تێکچوونی دەسەڵاتی ئێرانی بە ڕەخساندنی زەمینە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ وەسف کرد: سەقامگیرتر، خۆشگوزەرانتر، یەکگرتووتر و ئاسایشی زیاتر. پرسیارەکەی ئەوە بوو کە ئایا ئیدارەی ترەمپ پابەندە بە بەدواداچوون بۆ ئەو شتانەی کە کراوە، بە هەمان دیسیپلین و لێهاتوویی کە لە قۆناغی سەربازیدا دەبینرێت، بەدواداچوون بۆ دیپلۆماسییەکەشی دەکات.
پێویستە هەموومان هیوامان هەبێت و هانی وەڵامەکە بدەین کە بەڵێ بێت.
..............
سەرچاوە: ماڵپەڕی سی ئێن ئێن دیپلۆماتیک – ڕێکەوتی (٣٠/٦/٢٠٢٥) کاتژمێر ٦ ی ئێوارە.

