دۆسیه‌ی لاهور شێخ جه‌نگی؛ بێده‌نگیی ئۆپۆزسیۆن خۆپارێزییه یان نه‌بوونی ستراتیژ؟

6 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرچاوە: میدیای پەنجەرە
"كێشه‌ی ناوخۆی یه‌كێتی": پاساوی سه‌ره‌كیی بێده‌نگی
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانى په‌نجه‌ره، به‌پێچه‌وانه‌ی دۆسیه‌ی شاسوار عه‌بدولواحید كه به ڕوونی وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی ئۆپۆزسیۆن مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا كرا، زۆرینه‌ی لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كان، دۆسیه‌ی لاهور شێخ جه‌نگی وه‌ك "یه‌كلاكردنه‌وه‌ی حیساباتی ناوخۆیی" یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ده‌بینن. ئه‌م دیدگایه هۆكاری سه‌ره‌كییه له‌پشت هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرتنی لایه‌نه‌كانی وه‌ك: كۆمه‌ڵی دادگەری، ڕه‌وتى هه‌ڵوێست و ته‌نانه‌ت نه‌وه‌ی نوێش.
هۆكاره‌كانی ئه‌م دیدگایه بریتین له:
ڕیشه‌ی ململانێكه: كێشه‌كه له بنه‌ڕه‌تدا بریتییه له ململانێی ده‌سه‌ڵاتی نێوان باڵی لاهور شێخ جه‌نگی و باڵی بافڵ تاڵه‌بانی له‌ناو یه‌كێتیدا، كه له 8ـى ته‌مموزی 2021ـه‌وه ده‌ستی پێكرد. بۆیه ئۆپۆزسیۆن نایه‌وێت ببێته لایه‌نێك له كێشه‌یه‌ك كه به هی خۆی نازانێت.
لاهور شێخ جه‌نگی وه‌ك به‌شێك له ده‌سه‌ڵات: تا ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌مه‌وبه‌ر، لاهور شێخ جه‌نگی له لوتكه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتیدا بوو و به‌شێك بووه له‌و سیسته‌مه‌ی كه ئۆپۆزسیۆن ڕه‌خنه‌ی لێده‌گرێت. ئه‌مه وایكردووه كه لایه‌نه‌كان قورس بێت وه‌ك فیگه‌رێكی ئۆپۆزسیۆنی ته‌واو سه‌یری بكه‌ن و به‌رگری لێبكه‌ن.
خۆپاراستن له ده‌ستێوه‌ردان: هه‌ر لایه‌نێكی ئۆپۆزسیۆن ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی له به‌رژه‌وه‌ندیی لاهور شێخ جه‌نگی وه‌ربگرتایه، ڕاسته‌وخۆ ده‌بووه دوژمنی باڵی ده‌سه‌ڵاتداری ئێستای یه‌كێتی. بۆیه زۆرێك له لایه‌نه‌كان بێده‌نگییان هه‌ڵبژاردووه بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له‌م ئاڵۆزییه به‌دوور بگرن.
دوو ده‌نگی جیاواز: یه‌كگرتوو و شیوعی دێنه سه‌ر هێڵ
له‌ناو ئه‌م بێده‌نگییه گشتییه‌دا، یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان و حزبی شیوعی كوردستان هه‌ڵوێستی جیاوازیان نواند. ئه‌وان له‌بری ئه‌وه‌ی بچنه سه‌ر ناوه‌ڕۆكی كێشه‌كه، ته‌ركیزیان خسته سه‌ر "شێوازی مامه‌ڵه‌كردنه‌كه" و مه‌ترسیی به‌كارهێنانی چه‌ك و توندوتیژیی.
ڕاگه‌یه‌ندراوی حزبی شیوعی كوردستان:
حزبی شیوعی به هه‌مان ئاڕاسته، ئیدانه‌ی "به‌كارهێنانی چه‌ك و هێزی" كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان. حزبه‌كه داوای كۆتاییهێنان به دۆخه‌كه و ڕاگرتنى شه‌ڕ و توندوتیژیی ده‌كات و پێیوایه "له به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌له‌كه‌مان كۆتایی نایات".
به‌یاننامه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی:
یه‌كگرتوو له ڕێگه‌ى ئه‌مینداره‌كه‌یه‌وه نیگه‌رانیی خۆی ده‌ربڕی له ڕووداوى ده‌ستگیركردنى لاهور شێخ جه‌نگى، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ى ناوى بهێنێت. هه‌روه‌ها جه‌ختی كرده‌وه كه "په‌نا بۆ یاسا و دادگا ببرێت بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان".
هه‌ڵوێستی یه‌كگرتوو زیاتر جه‌ختكردنه‌وه بوو له‌سه‌ر بنه‌مای "سه‌روه‌ریی یاسا" نه‌ك به‌رگریكردن له كه‌سێكی دیاریكراو.
ئۆپۆزسیۆنێك به‌بێ ستراتیژی هاوبه‌ش
بێده‌نگیی زۆرینه‌ی ئۆپۆزسیۆن له دۆسیه‌ی لاهور شێخ جه‌نگیدا، جارێكی تر ئه‌و ڕاستییه‌ی سه‌لماند كه ئه‌م به‌ره‌یه خاوه‌نی دیدگایه‌كی هاوبه‌ش نییه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پێشێلكارییه بنه‌ڕه‌تییه‌كان. له كاتێكدا یه‌كگرتوو و شیوعی هه‌وڵیان دا پرسه‌كه بۆ بابه‌تێكی گشتی‌تر (سه‌روه‌ریی یاسا و دووركه‌وتنه‌وه له توندوتیژیی) به‌رز بكه‌نه‌وه، لایه‌نه‌كانی تر له چوارچێوه‌ی بێده‌نگییدا مانه‌وه.
ئه‌م جیاوازییه له هه‌ڵوێستدا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه "به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن" زیاتر له‌وه‌ی یه‌كگرتوو بێت له‌سه‌ر پره‌نسیپه‌كان، په‌رته‌وازه‌یه به‌پێی دۆسیه و كه‌سه‌كان، ئه‌م په‌رته‌وازه‌ییه‌ش له كۆتاییدا ڕه‌نگه ئه‌وه‌ى زیاتر سودی لێببینێت، خودی ده‌سه‌ڵاته.

