نەوەى نوێ: لەزیندان تەندروستى شاسوار عەبدولواحید تێکچووە
.jpg)
3 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ نیوەڕۆى ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند، ڕەوشى تەندروستى شاسوار عەبدولواحید سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەزیندان تێکچووەو بارودۆخى تەندروستى ناجێگیرە.
کوردەوان جەمال سەرۆکى فراکسیۆنى نەوەى نوێ لەپەرلەمانى کوردستان، لەوبارەیەوە وتى: دایکى و هاوسەرەکەى بینیویانەو بارودۆخى تەندروستى تێکچووە، بەڵام بەهۆى ئەوەى رێگرى دەکرێت و چاودێرییەکى وردو پاسەوانیەتێکى زۆرى لەسەرە نەتوانراوە بیبین.
بەپێى ئەو زانیاریانەى سەرۆکى فراکسیۆنەکە باسى کردوە پێشتر چەند جارێک کەسوکارەکەى ویستویانە سەردانى بکات نەیانهێشتوەو پارێزەرەکەشى ویستویەتى بیبنێت بەڵام نەیانهێشتوە.
لەلایەکى دیکەوە، سروە عەبدولواحید- سەرۆكی فراكسیۆنی (نەوەی نوێ) لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت: زانیاریمان پێگەیشتووە لە زینداندا دۆخی تەندروستی (شاسوار عەبدولواحید)ی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تێكچووە.
وتیشى: لەكاتێكدا حزبەكەی تاڵەبانی سورە لەسەر پێشێلكردنی یاساو رێگریكردن سەردانی كەسوكارو هاوڕێكانی. ئەم رەفتارە هەڕەمەكی و نایاساییانە ئەوە پشتڕاستدەكەنەوە كە دۆسیەكە بەتەواوەتیی سیاسییەو شەقام لەم پێشێلكارییانە بێدەنگ نابێت.
تائێستا لایەنە فەرمیەکان لەزیندان و تەندروستى هیچ زانیارى و لێدوانێکیان لەسەر ئەم زانیاریانەو تەندروستى شاسوار عەبدواحید نەخستوەڕوو
شەوی ١٢ـی ئەم مانگە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەى نەوەى نوێ لەلایەن هێزێکی پۆلیسەوە لەماڵەکەى خۆى لەسلێمانى دەستگیرکرا.
پێنجشەممە ٢١ـی ئابی ٢٠٢٥، دواى نۆ رۆژ لە دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بردرایە بەردەم دادگا و وتەی لێوەرگیرا، ناوبراو لەبەردەم دادوەر سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کرابوون رەتکردەوە.

