هەسەدە و کوردەکان، ڕووبەرێکی پڕشنگدار لە تابلۆی تاریکی سوریادا

7 كاتژمێر لەمەوپێش
نووسین: ئەحمەد ڕەسوڵ
ڕاپۆرتێکی شیکاریی لەبارەی پرسی کورد و هەسەدە لە داهاتووی نادیاری سوریا و پەیوەندییە ناجێگیر و گرژییە ناوچەییەکاندا:
پەیوەندییەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات بە پێشەنگایەتی کورد و حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق وەکو تەوەرێکی سەرەکی لە داڕشتنی داهاتووی وڵاتەکەدا دەمێنێتەوە. ڕێککەوتنی مانگی ئازاری ٢٠٢٥ی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی و مەزلوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل، کە ئامانجی یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی ڕۆژاڤا بوو لەگەڵ دەوڵەتی سوریا، خاڵێکی گرنگ و وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو. بەڵام جێبەجێکردنی لەسەر بێمتمانەیی بە یەکتر و لێکدانەوە ناکۆکەکانی لامەرکەزی و فشارە دەرەکییەکان وەستاوە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات لە کۆنترۆڵکردنی ئاسایش و بەرپاکردنی سەقامگیریی و ئاشتتیی و بەڕێوەبردنی نااوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا سەرکەوتوو بووە کە دەوڵەمەندە بە سەرچاوەکان، بانگەشە بۆ سیستەمێکی دیموکراسی لامەرکەزی دەکات کە ئۆتۆنۆمی کولتووریی و ئیداریی بۆ کورد و کەمینەکانی دیکە گەرەنتی بکات. بەڵام دیمەشق پێداگریی لەسەر یەکگرتنەوەی تەواوەتی دەکات و پێی باشترە هێزە چەکدارە کوردەکان بەشێوەی تاک بە تاک لە سوپای سوریادا جێگایان بۆ بکرێتەوە، واتا بتوێنرێنەوە و کۆنترۆڵی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندیی بەسەر سنوورەکان و کێڵگە نەوتییەکان و فڕۆکەخانەکاندا پارێزراو بێت.
ڕۆڵی تورکیا و دەستێوەردانە نێگەتیڤەکانی لە وڵاتەکەدا و لە پەیوەندیی نێوان لایەنەکاندا، دیمەنەکەی زیاتر ئاڵۆز کردووە. ئەنقەرە تەماشای هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات وەکو درێژکراوەی پەکەکە و فشاری خستووەتە سەر دیمەشق بۆ ئەوەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی و لامەرکەزیی ئیداریی کوردەکان ڕەت بکاتەوە و نەیهێڵێت. بەرپرسانی تورکیا هەڕەشەی کردەوەی سەربازییان کردووە لە ئەگەری داڕمانی ڕێککەوتنی یەکگرتن، لە هەمان کاتدا ئاماژەن بۆ ئامادەیی بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ دیمەشق- کە تیشک دەخاتە سەر سروشتی مامەڵەیی دیپلۆماسی ناوچەیی.
شەڕ و پێکدادانەکانی ئەم دواییە لە دێرەزوور و ڕەقە لە نێوان بەشێک لە هێزەکانی هەسەدە و میلیشیاکانی سەر بە دیمەشق، جەخت لەسەر ناسکیی و هەستیاریی ئەو دۆخەی ئێستا دەکەنەوە. دواخستنی هەڵبژاردنەکانی حکومەتی سوریا لەو ناوچانەی کە زۆرینەی کوردن و ئیدانەکردنی کۆنفرانسی "یەکێتی پێکهاتەکان"ی حەسەکە و ناوهێنانیان وەک جوداخواز، گرژییەکان دەبەنە ئاستێکی بەرزترەوە.
لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئەکتەرە ڕۆژئاواییەکانی وەک کەنەدا مەرجی دانپێدانانی حکومەتی نوێی سوریایان بە داننان بە دەسەڵاتی دیفاکتۆی کورد لە ڕۆژاڤادا داناوە. ئەمریکا بەردەوامە لە پشتگیریکردنی هەسەدە لە ڕووی سەربازییەوە، ئەمەش هەوڵەکانی دیمەشق بۆ جەختکردنەوە لەسەر سەروەری و ناوەندێتیی دەسەڵات و ئیدارە سەختتر دەکات.
پێشبینی و سیناریۆکان:
١-سازانی فیدراڵی: گفتوگۆی ڕاستەقینە و ڕاشکاوانە، دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لە یەکلاییکردنەوەی دانوستان و ببێتە زەمینە سازیی بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی لامەرکەزی لە سوریا، کە ئەمەش گەرەنتیی پاراستنی کوردەکان و پێکهاتەکانی تریش دەکات.
٢-توندبوونەوەی ململانێکان: جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی مانگی ئازار ڕەنگە پێکدادانی فراوانتری لێبکەوێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر تورکیا دەستێوەردانی فراوانتر و لە ڕێگای میلیشیا دینییە توندڕەوەکانەوە دروستکراوی خۆیەوە ناڕاستەوخۆ یان ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپا تورکیاوە پەرەپێبدات.
٣-نێوەندگیری نێودەوڵەتی: چوارچێوەیەکی فرەلایەن کە ئەمریکا و ڕووسیا و زلهێزەکانی ناوچەکە تێیدا بەشداربن دەتوانێت دۆخەکە سەقامگیر بکات، ئەمەش بەندە بە چاکسازییەکی وورد و هەمەلایەنی دەستوریی و یاسایی چ لە ئاستی ناوخۆی سوریا و چ لە ئاستی نێودەوڵەتییدا کە گەرەنتیی پێکەوە ژیانی ئازادانە و ئارەزوومەندانەی پێکهاتە جیاوازەکانی سوریا بکات.
٤-پارچەپارچەبوون: بەردەوامبوونی دۆخی چەقبەستوویی، ئەگەری چەسپاندنی دابەشبوونە دیفاکتۆییەکان زیاتر دەکات، لەگەڵ ئەوەی هەرئێستا ڕۆژاڤا بە شێوەیەکی نیمچە سەربەخۆ ئیدارەی ژیان و کاروباری ناوچەکانی خۆی دەدات و ئاشتیی و سەقامگیریی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی لە ئاستێکی زۆر باش و پەرەسەندوودایە.
ئەو پرسیارەی دەمێنێتەوە لەبارەی دواهەمین گرژیی و پەرەسەندنەکانی دێرزور و ڕەققەیە، ئایا دەبێتە بنەمای ڕێککەوتن و سازانی تەواوەتیی یان پریشکی کڵپەکردنی جەنگێک کە درێژکراوەی ناوچەیی سەختی دەبێت و ئەمەش ئایندەی سوریا و وڵاتەکە هێندەی تر ناڕۆشن دەکات؟
ئایا بۆچوونی تۆ وەکو هاونیشتمانییەکی ئاگادار لە ڕووداوە سیاسییەکان و ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، چییە؟
