عەلی غوڵام: لە کرێکاری ئاردەوە بۆ پاشای دۆلار

3 كاتژمێر لەمەوپێش
لە گۆشەیەکی قەرەباڵەغی بازاڕی شۆرجەی بەغداوە، چیرۆکی سەرکەوتنی "عەلی محەمەد غوڵام حسێن ئەلئەنساڕی" دەستپێدەکات، پیاوێک کە لە ساڵی 1982 لە بەغدا لەدایکبووە و ژیانی خۆی وەک کرێکار دەستپێکردووە، کە کاڵا و شمەک و لەنێویشیدا فەردە ئاردی لەناو بازاڕدا دەگواستەوە.
ئەمڕۆ "غوڵام" نازناوی "پاشای دۆلار"ـی پێدراوە و وەک یەکێک لە دەوڵەمەندترین کەسایەتییەکانی عێراق دادەنرێت، بەڵام ئەم سامانە زۆرە بە گومان و تۆمەتی قورسەوە تێکەڵاوە کە پەیوەندییان بە گواستنەوەی پارە بۆ ئێران و میلیشیاکانی عێراقەوە هەیە.
سەرەتای گەشەسەندن و قۆناغی بانکداریی
عەلی غوڵام بە خێرایی توانی لە بازاڕی عێراقدا جێگای خۆی بکاتەوە و لە کرێکارێکی سادەوە گۆڕا بۆ خاوەنکارێکی گەورە. ئێستا خاوەنی کۆمپانیای "بوابة عشتار"ـی تایبەت بە پارەدانی ئەلیکترۆنییە و هاوکات بەڕێوەبەری سێ بانکی گەورەیە لە عێراق: بانکی ئەنساڕی، بانکی قابض، و بانکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیسلامی.
بەڵام ئەم بانکداننانە قەیرانێکی گەورەی بۆ دروست بوو کاتێک بانکی ناوەندی عێراق مامەڵەکردنی دۆلاری لەگەڵیان ڕاگرت، ئەمەش بەهۆی گومانەکان لەسەر چالاکییە نایاساییەکانیان.
سەرچاوەی سامان و گومانەکانی دەوروبەری
سەرەڕای سەرکەوتنی خێرای، گومانەکان لەسەر عەلی غوڵام هەرگیز کۆتاییان نەهاتووە. میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە گۆڕانکاری لە ژیانی غوڵامدا زۆر خێرا بووە، لە کرێکارێکی ئارد بارکردنەوە بۆ خاوەنی ملیارەها دۆلار بەو زووییە، مایەی تێبینییە.
هەروەها زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە عەلی غوڵام و هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەی، پێکەوە لە ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی بانکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کار دەکەن.
تۆمەتەکان و بڕیارەکانی دادگا
عەلی غوڵام چەندین جار ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە و دەستگیرکردن بووەتەوە، لەوانە:
ساڵی 2017: دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافەی دووەم، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ غوڵام، وەک سەرۆکی بانکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تۆمەتی هەڕەشەکردن دەرکرد، بەپێی ماددەی 431ی یاسای سزادانی عێراقی.
ساڵی 2022: غوڵام بەپێی ماددەی 456ـی یاسای سزادان دەستگیر کرا، بەڵام لە هەمان ڕۆژدا ئازاد کرا. لەو کاتەدا، غوڵام ڕایگەیاند کە بێتاوانە لە تۆمەتەکانی ساختەکاری و فێڵکردن. وتیشت کە ئەم کەیسە هەوڵێکە بۆ "هەراساندن" لەلایەن کەسایەتییەکی باڵادەستەوە لە پارێزگای سلێمانی.
سزاکانی ئەمریکا و پەیوەندی بە ئێرانەوە
لە چەند ڕۆژی رابردوودا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزاکانی لەسەر عەلی غوڵام و چەندین کەسایەتی و کۆمپانیای دیکەی عێراقی توند کردەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتەکە، "غوڵام" تۆمەتبارە بەوەی پۆستەکەی خۆی لە بانکە بازرگانییەکانی عێراقدا قۆستووەتەوە بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆی و خێزانەکەی، هەروەها بۆ خزمەتکردنی "فەیلەقی قودس"ـی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و میلیشیاکانی سەر بە ئێران.
وەزارەتی گەنجینە ئاماژەی بەوەشکردووە: عەلی غوڵام "ملیۆنان دۆلاری بۆ خۆی و نوێنەرانی میلیشیاکان" بەدەستهێناوە و "کاروباری دارایی کەتائیبی حزبوڵڵای بەڕێوەبردووە"، لەوانەش وەبەرهێنانی سامانەکانی سەرکردەکانی کەتائیب حزبوڵڵا لە دەرەوەی عێراق.
هەروەها تۆمەتباری کردووە بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دارایی بە "عەسائیب ئەهلولحەق"، لەوانەش بەدەستهێنانی دۆلاری ئەمریکی و شوشتنی پارە بە بەکارهێنانی بەڵگەنامەی ساختە بۆ دوورکەوتنەوە لە وردبینی حکومەت.
وەزارەتی گەنجینە ڕاشیگەیاندووە کە غوڵام "لە دادپەروەری لە عێراق ڕزگاری بووە لە ڕێگەی گەندەڵی دەسەڵاتی دادوەرییەوە". بەم هۆیەشەوە، غوڵام خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە بەپێی فەرمانی جێبەجێکاری ژمارە 13224، کە تایبەتە بەو کەسانەی یارمەتی ماددی یان سپۆنسەری یان پشتیوانی دارایی یان ماددی یان تەکنەلۆژی یان کاڵا و خزمەتگوزاری پێشکەش بە "فەیلەقی قودس"ـی سوپای پاسداران دەکەن.
دۆلارە دزرەوەکان و کاریگەری لەسەر ئابووری عێراق
راپۆرتەکانی ئەمریکا ئاشکرایان کردووە کە سێ بانکی سەر بە عەلی غوڵام ملیۆنان دۆلاریان بە شێوەیەکی نایاسایی گواستووەتەوە بۆ ئێران و هەندێک لە میلیشیاکانی سەر بەو وڵاتە، ئەمەش لە ڕێگەی بەڵگەنامەی ساختەوە کە تایبەت بوون بە هاوردەکردنی پارچەی یەدەگ.
پرۆسەکانی وردبینی ئەمریکا ئەوەشیان دەرخستووە کە 20 بانکی عێراقی نزیکەی 80%ـی ئەو پارانەیان گواستووەتەوە کە دەگەنە تاران، سەرەڕای سزاکانی نێودەوڵەتی. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا هەندێک گۆشگیری لەسەر گواستنەوەی دۆلار بۆ هەندێک بانکی عێراقی بسەپێنێت کە گوایە تێوەگلاون لە قاچاخچێتی پارە بۆ ئێران.
لەم نێوەندەدا، سامانی عەلی غوڵام و ئەو تۆمەتانەی لەسەرین، وەک نموونەیەکی تێکچڕژاویی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان لە عێراقدا دەردەکەون، کە تێیدا سنوورەکانی ئەو دوو بوارە، زۆر کاڵ بوونەتەوە، ئەمە ئەگەر هەر مابن!
