نوێترین زانیاریی لەبارەی مووچەی مانگی ئاب

4 كاتژمێر لەمەوپێش
هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی نووسراوی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراقە بۆ ئەوەی 120 ملیارەکە بنێرێت، بەغدادیش چاوەڕوانی هەرێمی کوردستانە داهاتی نانەوتی رادەستی بەغداد بکات، بۆ ئەوەی تەموویلی مووچەی مانگی ئابی فەرمانبەران و مووچەخۆران هەرێم بکرێت.
نوێترین زانیاریی و بە پوختی لەبارەی مووچەی مانگی ئاب ئەمەیە، کە کەناڵ8 لە دوو وەزیری بەشدار لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەستی کەوتووە. هەردوولا چاوەڕێی یەکدین، بەغداد چاوەڕێی ئەوەیە هەرێمی کوردستان 120 ملیار دینارەکەی بۆ بنێرێت بۆئەوەی ئەویش تەمویلی مووچە بکات. لەم لاشەوە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێ 120 ملیارەکەمان ئامادەیە، بەڵام هێشتا بەشی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق نووسراوی داواکاریی بۆ ناردنی پارەکەی بۆ نەکردووین، تاوەکو بەغداش ئەو نووسراوە نەکات، هەرێمی کوردستان پارەکە نانێرێت.
بەپێی زانیارییەکانی کەناڵ8 ، هەرێمی کوردستان لە دوو هەفتەى رابردوودا 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی ئامادەکردووە بۆ رەوانەکردنى بۆ بەغداد، کە داهاتی پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆکن.
بەگوێرەى بەدواداچوونى کەناڵ8 کە لە وەزارەتى دارایى و ئابوورییەوە دەستی کەوتووە، هەرکاتێک فەرمانگەى ژمێریاریى وەزارەتى دارایی عێراق داوای ناردنی 120 ملیارەکە بکات، هەرێمی کوردستان لە ماوەى 24 کاتژمێردا دەینێرێت.
