هەڵبژاردنی عێراق؛ لە دیزاینەوە تا بایکۆت

3 كاتژمێر لەمەوپێش



بڕیارە ڕۆژی 11ـی مانگی داهاتوو، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، پرۆسەکە لە دۆخێکی ناسەقامگیر و پڕ لە کێشمەکێشی ناوخۆیی و ئیقلیمیدا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش ترس و گومانی دروستکردووە.

بایکۆت 

شەقامی عێراقی و هەرێمی کوردستان لەڕووی بەدەنگەوە چوونی پرۆسەی هەڵبژاردنەوە جۆرێک لەیەکچوونی پێوە دیارە، نائومێدی لە گۆڕانکاری و بانگەشەی بایکۆت سیمایەکی لەیەکچووی هەردوو گۆڕەپانەکەن.

ڕەوتی سەدر لەسەر ئاستی عێراق بەهێزترین ئۆپۆزسیۆنی لایەنە شیعەکانە و لە دەرەوەی گۆڕەپانەکەیە، لەسەر ئاستی هەرێمیش فشاری سەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان تاڕادەیەک پاشە کشەی پێکردوون، لەکاتێکدا شەقامی هەردوولا وەک یەک نائومێد و ڕەشبینن.

پێشبینییەکان بۆ ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵکی عێراق لە هەڵبژاردن دا زۆر و جیاوازن، هەندێک پێیانوایە ڕێژەی بەشداریکردن ناگاتە 35% و هەندێکی تریش ئاماژە بە ڕێژەیەکی زۆر کەمتر دەکەن، ئەم پێشبینییانەش لە نائومێدی خەڵکی عێراقەوە لە گۆڕانکاری سەرچاوەیان گرتووە.

بە وردبوونەوە لە دۆخی سایکۆلۆژی خەڵکی کوردستان و ساردوسڕی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئەو بۆچوونە دروست دەبێت بەشداریکردنی خەڵکی کوردستانیش لە هەڵبژاردن دا ناگاتە ئاستێکی بەرز بەو پێیەی گەرمی بانگەشە پێشتر جۆشدەری شەقام بووە.

هاوشێوەی بانگەشەکەی ڕەوتی سەدر بۆ بایکۆتکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانیش چینێکی دیاریکراو و دەستەبژێر لەگەڵ بایکۆتدان و پێیانوایە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن جگە لە شەرعیەت دانەوە بە هەمان دەسەڵات هیچی تری لێ سەوز نابێت.

بایکۆت لە نێوان یار و نەیاردا

لەکاتێکدا چینێکی دیاریکراو و دەستەبژێر داوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردن دەکەن، بەڵام لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی هەرێم لەم هەوڵانە نیگەرانن و پێیانوایە ئەمە جۆرێکە لە خزمەتکردنی بێ مەبەست بە دەسەڵات، بەو پێیەی بایکۆتکاران دەنگدەری دەسەڵات نین.

هەرچەندە پاڵپشتیکارانی بایکۆت دەیانەوێت بەم ڕێگەیە گومان لەسەر شەرعیەتی هەڵبژاردن دروست بکەن، بەڵام بەپێی یاسا بەرکارەکانی عێراق ڕێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە هەر ئاستێکدا بێت گرفتی یاسایی بۆ پرۆسەکە دروست نابێت.

ڕەوتی سەدر ڕژدە لەسەر بایکۆتکردنی گۆڕەپانی سیاسی، لەکاتێکدا پێشتر عەرەبی سونە بەم وێستەگەیەدا تێپەڕیووە و دووچاری زیانێکی گەورە بووە، کاتێک لە دوای ڕووخانی بەعس پرۆسەی سیاسییان بایکۆت کرد.

لە نێوان پاڵپشتیکارانی بایکۆت و نەیارانیدا بۆچوونێکی تریش هەیە و پێیوایە، هەرچەندە هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێم گۆڕانکاری سیاسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی لێناکەوێتەوە، بەڵام چۆڵکردنی گۆڕەپانەکە بۆ لایەنە حوکمڕانەکان و نەمانی دەنگی ناڕازی پەشیمان بوونەوەی بەدواوەیە.

دیزاین

یەکێک لەو دەنگۆیانەی کە باڵی بەسەر شەقامی عێراق و هەرێم دا کێشاوە مەسەلەی دیزاینکردنی پێشوەختی هەڵبژاردنە، هەرچەندە کۆمیسیۆن و لایەنە فەرمییەکان ئەمە ڕەتدەکەنەوە.

بەڕای چاودێرانی سیاسی، دوورخستنەوەی بە لێشاوی کاندیدی حزب و لایەنەکان کە ژمارەیان گەیشتووەتە نزیکەی 900 کاندیدی دوور خراوە، جۆرێک لە دیزاینی پێشوەختەی پێوە دیاربوو.

بەپێی بڕیارێکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوورخستنەوەی کاندید بەردەوامی دەبێت تا کاتی سوێند خواردنی کاندیدە دەرچووەکان، ئەمەش دەستی کۆمیسیۆن کراوە دەکات بۆ دوورخستنەوەی کاندیدی دەرچووش.

جۆری ڕێوشوێنەکانی کۆمیسیۆن ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە هەر کاندیدێکیان بە دڵ نەبێت دەتوانن دوای هەڵبژاردن و پێش سوێند خواردن دووری بخەنەوە، بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەک بۆ دیزاینکردن و دابەشکردنی پێشوەختی کورسییەکان دەرنەکەوتووە.

حزب و لایەنەکان بەردەوامن لە هەڵمەتی بانگەشە و پارەیەکی زۆر خەرج دەکەن، ململانێی نێوان لایەنە عێراقییەکانیش قوڵ و پڕ لە کێشمەکێشە، هەرچەندە خۆیان بەدوور دەگرن لە هێرشی قورس بۆ سەر یەکتری.

لایەنە عێراقییەکان پێشینەی دیزاین و ساختەکارییان هەیە، بەڵام بەڕای چاودێران کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە وردی چاودێری پرۆسەکە دەکات، ئەو وڵاتەش کە پێشتر دەستی هەبووە لە دیزاین کردندا تا ڕادەیەکی زۆر ڕۆڵی لاواز بووە.

چاودێران پێیانوایە ڕوودانی ساختەکاری و دیزاینی ڕێژەیی پێشبینیکراوە، بەڵام دیزاینکردنی کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن و دابەشکردنی پێشوەختەی کورسییەکان ئەگەرێکی قورس و دوورە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار