دەست لەناو دەست و جەنگ لە شاشەکان؛ ئایا پارتی و یەکێتی گەیشتوونەتە بنبەست؟

کاتژمێرێک لەمەوپێش



لەو کاتەدا کە دوێنێ پارتی و یەکێتی لە کۆبونەوەدا بوون سەبارەت بە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، میدیاکانیان هێرشی ئاگرینیان دەکردە سەر یەکتری و دەستیان لە ئاراستەکردنی دەستەواژەی زبر و ناوناتۆرە نەدەپاراست.

لە دیمەنێکی پڕ دووفاقییدا کە بۆ چاودێرانی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان نامۆ نییە، دوێنێ شاندە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ژوورە داخراوەکاندا خەریکی گفتوگۆ بوون بۆ "کاراکردنەوەی پەرلەمان" و "پێکهێنانی کابینەی دەیەم"، کەچی هاوکات لە دەرەوەی ژوورەکە، ماشێنی میدیایی هەردوولا بە توندترین شێواز و بە بەکارهێنانی زبرترین دەستەواژە، "تەخوین"ـی یەکتریان دەکرد لەسەر ڕووداوەکانی گوندی لاجان.

ئەم دوو ئاراستە پێچەوانەیەی دیپلۆماسیەتی نەرم لە ژوورەوە و جەنگی سەخت لە میدیاکانەوە، پرسیارێکی جەوهەریی هێناوەتە ئاراوە: ئایا ئەمە نیشانەی گەیشتنە بە بنبەستی سیاسی، یاخود تەنها تاکتیکێکی دانوستاندنە بۆ بەرزکردنەوەی سەقفی داواکارییەکان؟

دیپلۆماسیەت لەژێر ڕەحمی بۆردومانی وشەدا

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی دوێنێدا کە لە ماڵی قوباد تاڵەبانی لە هەولێر بە ئامادەبونی هۆشیار زێباریی لە پارتی، باس لە کێشەی نێوان هەردوو حزب و ڕێککەوتن کراوە بۆ پێکهێنانەوەی پەرلەمان و حکومەت.
بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەدا، کەناڵ و پەیجە فەرمی و سێبەرەکانی هەردوو حزب، دۆسیەی نوێ و کۆنیان هەڵدەدایەوە.

میدیاکانی سەر بە یەکێتی ڕووماڵێکی خەستی ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجان و لێکەوتەکانیان دەکرد، پارتیان بە ڕاگواستن و تاکڕەویی تۆمەتبار دەکرد.  

لەبەرامبەریشدا میدیای پارتی باسی لە ئاژاوەگێڕیی یەکێتی و دەستێکەڵکردن لەگەڵ حەشدی شەعبیدا دەکرد.

ئەم دۆخە، دوو گریمانەی زەقی هێناوەتە بەرباس، کە لەخوارەوە ئاماژەی پێدەکەین:

گریمانەی یەکەم: بنبەستی سیاسی و نەمانی متمانە

بۆچوونێک کە بەشێک لە شرۆڤەکاران جەختی لێدەکەنەوە، پێیوایە ئەوەی ڕوودەدات تاکتیک نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بێ متمانەیی قوڵـە. ئەویش بەم هۆکارانە:

* شکستی ڕێککەوتنەکانی پێشوو:
هەردوو لا هەست دەکەن ڕێککەوتنەکانی ڕابردوو جێبەجێ نەکراون. یەکێتی پێیوایە پەراوێز خراوە، پارتیش پێی وایە یەکێتی لەمپەر بۆ حکومەت دروست دەکات.

* شەڕی مانەوە:
هێرشە میدیاییەکان دەریدەخەن کە کێشەکە تەنها لەسەر پۆست نییە، بەڵکو لەسەر شێوازی حوکمڕانی و کۆنترۆڵی جومگە هەستیارەکانی ئابوری و ئەمنییە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە دانوستانەکان لە چەقی خۆیاندا چەقیبن و کۆبوونەوەکان تەنها بۆ ڕازیکردنی شەقام و دۆستە دەرەکییەکان بێت.

گریمانەی دووەم: تاکتیکی کاتیی

لە بەرامبەردا، خوێندنەوەیەکی دیکە هەیە کە پێیوایە ئەم هەڵمەتە میدیاییە بەشێکە لە تاکتیکی سیاسی، ئەویش بۆ بەدییهێنانی ئەم
ئامانجانە:

* بەرزکردنەوەی سەقفی داواکاریی:
کاتێک میدیاکانت ئاگرین دەکەیت، پەیامێک بە بەرامبەر دەدەیت کە "ڕازیکردنی بنکەی جەماوەریمان ئاسان نییە، بۆیە دەبێت سازشی گەورەتر بکەن."

* شەرعیەتدان بە سازشەکان:
هەردوو حزب پێویستیان بەوەیە لەبەردەم جەماوەری خۆیاندا وا دەربکەون کە "بە زەحمەت" و دوای "ململانێیەکی سەخت" دەستکەوتیان بەدەستهێناوە، نەک بە ئاسانی سازشیان کردبێت.

دەرئەنجام؛ حکومەتێک لەسەر زەمینەیەکی لەرزۆک

ئەم دۆخە تاکتیک بێت یان بە بنبەست گەیشتن، دەرئەنجامەکەی بۆ داهاتووی کابینەی دەیەم کە ژانی پێکهێنانی درێژترینە لە مێژوی هەرێمی کوردستاندا، مەترسیدارە.

چونکە پێکهێنانی حکومەتێک کە هێشتا پێکنەهێنراوە و پێکهێنەرەکانی خەریکی هاڕینی ئێسکی یەکتری بن لە میدیاکانەوە، ئاماژەی ئەوە دەدات کە سەقامگیریی سیاسی لە چوار ساڵی داهاتوودا لەژێر پرسیاردا دەبێت.

خۆ ئەگەر کۆبوونەوەکان بۆ بنیاتنانی متمانە بن، ئەوا "ناوناتۆرە" میدیاییەکان، ئەو متمانەیە دەڕوخێنن بەرلەوەی دروست ببێت.

یان پێدەچێت ئەم دۆخە گوزارشت لەو دیمەنە بکات کە جارێکیان ڕۆژنامەنووسێکی بیانی لە وەسفی دۆخی کوردیدا وتی: "کوردەکان لە بەیانیاندا دەستی یەک دەگرن و لە ئێواراندا خەنجەر لە سێبەری یەک دەدەن!"

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار