دوای 73 ساڵ سعودیە فرۆشتنی کحول ئاسایی دەکاتەوە
3 كاتژمێر لەمەوپێش
وڵاتەکە بەپێی چەند مەرجێک رێ بە فرۆشتنی ماددە کحولییەکان دەدات
ئامادەکردنی هاوڵاتی.
دوای 73 ساڵ سعودیە رێکارەکانی فرۆشتنی مادە کحولییەکان ئاسانتر دەکات، لە چوارچێوەی دیدگای سعودیە بۆ ساڵی 2030.
سعودیە کە وڵاتێکی زۆرینە موسڵمانە و زۆربەی یاساکانی لە شەریعەتی ئیسلامەوە وەرگرتووە، زیاتر لە 73 ساڵە فرۆشتن و مامەڵەکردن بە ماددە کحولییەکانەوە تێیدا قەدەغەیە، بەڵام لەژێر دەسەڵاتی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، یاسای نوێ دەردەکرێت کە خۆی بە کرانەوەی وڵاتەکەی بە رووی جیهاندا وەسفی دەکات.
پێگەی بلومبێرگ بڵاویکردووەتەوە، سعودیە دەیەوێت فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بۆ کەسانی ناموسڵمان ئاسانتر بکات بەڵام بە مەرج. یەکەم، کەسەکە دەبێت موسڵمان نەبێ. دووەم، داهاتی مانگانەی زیاتر بێت لە 50 هەزار ریاڵی سعودی کە دەکاتە زیاتر لە 13 هەزار دۆلار.
ئەمە چۆن بوو؟
لە ساڵی 1952 پاشا عەبدولعەزیز بن سعود بە فەرمی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانی لە سعودیە قەدەغەکرد و ئەگەر کڕین یان فرۆشتن یان ئاسانکاری بۆ بکرایە بە زیندانی کردنی چەند مانگ یان چەند ساڵێک کەسەکە سزا دەدرا، جگە لە سزای مادی و هەندێک جار 500 قامچیشی لێدەدرا.
ئەم بڕیارەی پاشا عەبدولعەزیز دوای ئەوە هات کە مشاری کوڕی پاشا عەبدولعەزیز بە سەرخۆشی تەقەی لە ماڵی جێگری کونسوڵی ئەوکاتی بەریتانیا کرد و لە رووداوەکەدا جێگری کونسوڵ کوژرا. سزاکەی پاشا عەبدولعەزیز بۆ کەسانی بیانی جیاواز بوو، چونکە تەنها لە وڵاتەکە دەردەکران.
بەڵام دوای فراوانبوونی دەسەڵاتەکانی محەمەد بن سەلمان و هاتنی کۆمپانیا بیانییەکان و دروستکردنی پڕۆژە گەورەکان، حکومەتی سعودیە لە 24ـی مانگی یەکی 2024 رایگەیاند، رێگە بە کردنەوەی یەک فرۆشگای خواردنەوە کحولییەکان دەدەن ئەویش لە ریازی پایتەخت لە ناوچەی باڵویزخانەکان و تەنها بۆ دیپلۆماتکار و بالیۆزەکانە دەبێت.
ئێستا ئەوەی جارێکی دیکەی میدیای عەرەبی و جیهانی سەرقاڵ کردووە هەواڵەکەی پێگەی بلومبێرگی ئەمریکییە کە باس لەوە دەکات دەبێت ئەو کەسانەی دانیشتووی سعودیەن و ناموسڵمانن، بە فەرمی بیسەلمێنن داهاتی مانگانەیان لە 50 هەزار ریاڵی سعودی زیاترە بۆ ئەوەی بتوانن بچنە فرۆشگاکەوە و خواردنەوە کحولییەکان بکڕن. حکومەتی سعودیە ناسنامەیەک بۆ ئەو کەسە بیانی و ناموسڵمانانە دەردەکات کە مەرجەکانیان تێدایە بۆ ئەوەی بە ئاسانی مامەڵە بە خواردنەوە کحولییەکانەوە بکەن.
ئێستا تەنها یەک فرۆشتگای مادە کحولییەکان لە سعودیە هەیە کە دەکەوێتە ریازی پایتەختەوە، بەڵام هەوڵی کردنەوەی دوو فرۆشگای دیکە دەدرێت لە شارەکانی جیدە و زەهران.
لە کافێیەکی ریازیش دیاردەیەکی نوێ دروستبووە و پیاوانی موسڵمان و ژنانی عەبابەسەر و نیقاب سەردانی دەکەن بۆ خواردنەوەی بیرەی بێ کحول کە بە بیرەی حەڵال ناسراوە.
کافێکە کەشێکی تەواوی وەک باڕ و یانەکانی هەیە، خاوەنی کافێکەش دەڵێت، دەمانەوێت ئەزموونێکی وا بدەین بە سەردانیکەرانمان کە بتوانن لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکانەوە بڵاوی بکەنەوە.
