‌ ‌ "میتى تورکیا 16 باره‌گاى له‌ هه‌رێمى کوردستاندا هه‌یه‌"

"میت ئیتر له‌گه‌ڵ سیخوڕه‌ هه‌رێمییه‌کان که‌ زمانى ناوچه‌که‌ ده‌زانن کار ده‌کات"

2 مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتى
به‌رپرسێکى میت که‌ له‌ باشوورى کوردستان کارده‌کات، پشتڕاستى کردووه‌ته‌وه‌ که‌ ده‌زگاى سیخوڕیى ده‌وڵه‌تى تورک، 16 باره‌گاى له‌ هه‌رێمى کوردستان هه‌یه‌ و بۆ دژایه‌تى په‌که‌که‌ کار ده‌که‌ن.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 13ى حوزه‌یرانى 2020 میدیاى رۆژنیوز نزیک له‌ پارتى کرێکارانى کوردستان(په‌که‌که‌) ده‌نگى رۆژنامه‌نوسێکى میتى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌و باسى چالاکییه‌کانى په‌که‌که‌ له‌ هه‌رێمى کوردستاندا ده‌کات. 
"ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى میت، که‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ تایبه‌ته‌کانى په‌که‌که‌وه‌ ده‌ستگیرکرابوون، پێشتر دانیان به‌وه‌دا نابوو که‌ که‌سێک به‌ ناوى چه‌تینه‌ر چه‌تین، به‌رپرسى ئه‌وان بووه‌، ناوبراو که‌ ناوه‌کانى له‌ به‌ڵگه‌کانى میتیش هاتووه‌، له‌ به‌رنامه‌یه‌کى ته‌له‌فزیۆنێکى تورکه‌وه‌، دانى به‌ هه‌بوونى 16 باره‌گاى ده‌زگاى سیخوڕیى ده‌وڵه‌تى تورک- میت، له‌ هه‌ولێر، سلێمانى و دهۆک داناوه‌".

له‌و به‌رنامه‌یه‌دا، چه‌تینه‌ر ئاشکرایکرد ماوه‌ى نزیکه‌ى چوار ساڵه‌ به‌شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆ و (فه‌رمی) له‌ هه‌رێمى کوردستان کار ده‌کات و جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ باره‌گایان له‌ پارێزگاکانى هه‌ولێرو دهۆک و سلێمانیدا هه‌یه‌.

له‌سه‌ر ژماره‌ى باره‌گاکانیان له‌ هه‌رێمى کوردستان، چه‌تینه‌ر ئه‌وه‌شى ئاشکرا کردووه‌، که‌ له‌و سێ پارێزگایه‌دا، 16 باره‌گاى سه‌ره‌کییان هه‌یه‌ و به‌هۆى ئه‌وه‌ى "ئێستا به‌شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆ و مه‌یدانى کار ده‌که‌ن، ئاسانکاریى باش بۆ سوپاى تورک ده‌که‌ن".

چه‌تینه‌ر له‌ قسه‌کانیدا ئاماژه‌ به‌ سیخوڕیکردنى خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ ده‌کات و ده‌ڵێت: "میت ئیدى له‌گه‌ڵ سیخوڕه‌ هه‌رێمییه‌کان که‌ زمانى ناوچه‌که‌ ده‌زانن و له‌وێن کار ده‌کات، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێکى باش ده‌داته‌ ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکى ناوچه‌که‌ په‌یوه‌ندى بکه‌ین".
چه‌تینه‌ر چه‌تین، که‌ وه‌ک کۆڵه‌که‌ى ڕاگه‌یاندنى میت ده‌ناسرێت، ده‌شڵێت:" له‌و باره‌گایانه‌وه‌، هاتووچۆى گه‌ریلاکانى په‌که‌که‌، هه‌روه‌ها ئامێر و ته‌له‌فۆنه‌کانیان کۆنترۆڵ ده‌کرێن".


 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار