وه‌زاره‌تى کاره‌با: 300 مێگاوات کاره‌با زیادى کرد
"20 بۆ 21 کاتژمێر کاره‌باى نیشتمانى ده‌درێته هاوڵاتیان"
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
وه‌زاره‌تى کاره‌با رایگه‌یاند، وێستگه‌ى 300 مێگاواتى هه‌ڵمى خه‌بات به‌ته‌واویى تواناى خۆیه‌وه ده‌ستى به‌به‌رهه‌مهێنان کرد و "20 بۆ 21 کاتژمێر کاره‌باى نیشتمانى ده‌درێته هاوڵاتیان"
له راگه‌یه‌ندراوێکدا وه‌زاره‌تى کاره‌باى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌کردووه که ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ که‌مال محمد ساڵح وه‌زیرى کاره‌با سه‌رپه‌رشتى ئیشپێکردنى یه‌که‌ى دووه‌مى وێستگه‌ى 300 مێگاواتى هه‌ڵمى خه‌باتى کردوو به‌سه‌رکه‌وتوویى توانرا وێستگه‌که به‌ته‌واویى تواناى خۆیه‌وه به‌کاربخرێت، به‌مه‌ش ئاستى به‌رهه‌مهێنانى کاره‌با له‌هه‌رێمى کوردستان گه‌یشته 3400 بۆ 3500 مێگاوات.
هه‌روه‌ها ئه‌وه دووپاتده‌کاته‌وه که" به کردنه‌وه‌ى ئه‌و وێستگه‌یه توانرا به‌تێکڕا 20-21 کاتژمێر کاره‌با بدرێت به‌هاوڵاتیان".
"وه‌زیرى کاره‌با داواى له ستافى لێژنه‌ى سه‌رپه‌رشتیارى پرۆژه‌که کرد به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ تیمى ئیشپێکردنى وێستگه‌که و سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانى ئیشکگر له کۆنترۆڵ و وێستگه‌کان و چاکسازییه‌کان هه‌مووان پێکه‌وه پارێزگارى له‌م ده‌ستکه‌وته بکه‌ن و کاره‌باى پێویست بده‌نه هاونیشتمانیان"، وه‌زاره‌تى کاره‌با وا ده‌ڵێت.
مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان له14ى مانگى ته‌موزدا له‌مه‌راسیمێکدا وێستگه‌ى 300 مێگاواتى هه‌ڵمى خه‌باتى کرده‌وه و له‌قۆناغى یه‌که‌مدا به‌تواناى 150 مێگاوات وێستگه‌که کارى کرد.