نرخى ئه‌مپێرى موه‌لیده ئه‌هلییه‌کان بۆ مانگى ته‌مموز دیاری‌کرا
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
نرخى یه‌ک سه‌عات ئه‌مپێرى کاره‌باى موه‌لیده له مانگى ته‌موز (33) دینار و نیو ده‌بێت و به‌پێى خشته‌ى پێدانى کاره‌با، بۆ هه‌ر ئه‌مپێرێک له‌نێوان 6 هه‌زارو 250 بۆ 7 هه‌زارو 250 دیناردا ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 5ى ئابى 2020 لیژنه‌ى دیاریکردنى نرخى موه‌لیده ئه‌هلییه‌کان کۆبوه‌وه، به پێى نرخى گازوایل نرخى کاتژمێرێک ئه‌مپێرى موه‌لیده به (33.5) سى و سێ دینار و نیو بۆ مانگى حه‌وت دیاری‌کرا.
ئاماژه به‌وه‌شدرا که به‌تێکڕایى موه‌لیده ئه‌هلییه‌کان له‌نێوان (210) بۆ (220) سه‌عات کاریان کردووه، به‌مه‌ش نرخى ئه‌مپێرێک کاره‌با له‌نێوان شه‌ش هه‌زار و (250) دینار بۆ حه‌وت هه‌زار و (250) دینار ده‌بێت.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو که به‌پێى پێدان و دابینکردنى کاره‌با بۆ هاوڵاتیان له‌لایه‌ن موه‌لیده ئه‌هلییکانه‌وه، نرخى ئه‌مپێڕێک کاره‌با له گه‌ڕه‌کێک بۆ گه‌ڕه‌کێکى دیکه جیاواز ده‌بێت.
سه‌باره‌ت به‌به‌رنامه‌ى کارکردنى موه‌لیده‌کان بۆ مانگى ته‌موز، لیژنه‌ى دیاریکردنى نرخى موه‌لیده ئه‌هلییه‌کان رایگه‌یاند که هه‌رکاتێک کاره‌باى نیشتمانى کوژایه‌وه پێویسته موه‌لیده ئه‌هلییه‌کان کاره‌با بۆ هاوڵاتیان دابین بکه‌ن.
له‌کۆبونه‌وه‌که‌شدا ئه‌و خاڵه دوپاتکرایه‌وه، که پێویسته پاش کوژانه‌وه‌ى کاره‌باى نیشتمانى (10) خوله‌ک زیاتر به‌سه‌ر کارپێکردنى موه‌لیده تێنه‌په‌ڕێت، به‌پێچه‌وانه‌وه، سه‌رپێچیکار روبه‌ڕوى یاسا ده‌کرێته‌وه.