ورده‌کارى هه‌وڵه‌کانى به‌رهه‌م ساڵح بۆ رێکه‌وتنى نێوان حکومه‌تى عێراق و هه‌رێم

به‌غدا 300 ملیار دینار ده‌نێرێت... پارتى هێشتا یه‌کلانه‌بووه‌ته‌وه‌

4 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
گفتوگۆو دانوساندن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ خاڵى کۆتایى یه‌کجارى به‌"رێککه‌وتن یان شکستهێنان"، سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار له‌سه‌رۆکایه‌تى کۆمار بۆ هاوڵاتى ئه‌وه‌ى ئاشکرا کرد که‌"کازمى ته‌نها 250 ملیار یدنارى مانگانه‌ ده‌نێرێت له‌به‌رانبه‌ر رێککه‌وتن له‌سه‌ر نیوه‌ى داهاتى خاڵه‌ گومرگییه‌کان، به‌ڵام به‌رهه‌م ساڵح پێى کردووه‌ته‌ 300 ملیار دینار". 

سه‌ردانى شه‌ش جارى وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و بۆ گفتوگۆو لێکتێگه‌یشت و رێککه‌وتن له‌گه‌ڵ حکومه‌تى عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ خاڵى کۆتایى له‌ئێستادا به‌غدا چاوه‌ڕێى هه‌ولێر ده‌کات بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر پێشنیاره‌کانى.

به‌پێى به‌دواداچونه‌کانى هاوڵاتى که‌ له‌ دوو سه‌رچاوه‌ ده‌ستى که‌وتووه‌ یه‌کیان له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و ئه‌وى دیکه‌ له‌ سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق که‌ پێشنیازه‌کانى به‌غدا وه‌ڵامى یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى ده‌وێت.

سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار له‌ سه‌رۆکایه‌تى کۆمارى عێراق له‌لێدوانێکدا بۆ هاوڵاتى وتى:" به‌رهه‌ک ساڵح سه‌رۆک کۆمارى عێراق له‌یه‌که‌م رۆژى ده‌ستبه‌کاربوونى مسته‌فا کازمییه‌وه‌ تا ئێستا له‌هه‌وڵه‌کانى به‌رده‌وام بووه‌ بۆ گه‌یشتن به‌رێککه‌وتن و رۆژانه‌ نوێنه‌رانى حکومه‌تى هه‌رێم و به‌رپرسه‌کانیان په‌یوه‌ندى ته‌له‌فونیان له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامداوه‌".

هه‌روه‌ها وتیشى:" به‌غدا کۆتا پێشنیارى داوه‌ته‌ حکومه‌تى هه‌رێم که‌ رێککه‌وتنه‌ له‌سه‌ر خاڵه‌ گومرگییه‌کانى هه‌رێم که‌ نیوه‌ى داهاته‌که‌ى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ به‌غداو حکومه‌تى عێراق فه‌رمانبه‌رى ژمێریارى و کارگێرى ره‌وانه‌ى خاڵه‌ سنورییه‌کان بکات، به‌ڵام تائێستا پارتى یه‌کلانه‌بۆته‌وه‌".

هاوکات، جه‌ختى له‌وه‌شکرده‌وه‌ که‌" تا ئێستا پارتى له‌گه‌ڵئه‌وه‌دا نییه‌ که‌ تیمى فه‌رمانبه‌رى حکومه‌تى عێراقى بچێته‌ خاڵه‌ گومرگییه‌کان".

ده‌رباره‌ى ورده‌کارى گفتوگۆکانى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق، سه‌رچاوه‌که‌ى سه‌رۆکایه‌تى کۆمار جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ "مسته‌فا کازمى سه‌ره‌تا رازى بووه‌ به‌وه‌ى که‌ مانگانه‌ ته‌نها 250 ملیار دینار ره‌وانه‌ى حکومه‌تى هه‌رێم بکرێت له‌به‌رانبه‌ر نیوه‌ى داهاته‌کانى خاڵه‌ گومرگییه‌کان، به‌ڵام به‌هه‌وڵه‌کانى سه‌رۆکایه‌تى کۆمار کراوه‌ته‌ 300 ملیار دینارى مانگانه‌، به‌ڵام هێشتا حکومه‌تى هه‌رێم یه‌کلاینه‌بۆته‌وه‌و په‌رله‌مانتارانى کورد له‌به‌غداو وه‌فدى حکومه‌تى هه‌رێمیش چاوه‌ڕى بڕیارى پارتى ده‌کات".

له‌لایه‌کى دیکه‌وه‌، سه‌رچاوه‌یه‌کى ئاگادار له‌ تیمى یه‌کێتى له‌کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێم له‌به‌ر هه‌ستیارى دۆخه‌که‌ نه‌یویست ناوى بهێندرێت بۆ هاوڵاتى وتى:" ئێمه‌ چاوه‌ڕێى بڕیارى مه‌سرور بارزانى سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمین بۆ سه‌ردانى به‌غداو واژۆکردنى رێککه‌وتنه‌که‌".

هه‌روه‌ها ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ به‌غدا بۆ هه‌موو ئه‌و ده‌روازه‌ سنورییانه‌ى هه‌رێم که‌ فه‌رمین و فیدڕاڵین به‌رپرس و فه‌رمانبه‌رى ژمێریارى و ئیدارى و پۆلیسى پاراستنى تیمى حکومه‌تى عێراقیشیان له‌گه‌ڵدا ده‌بێت، وتیشى:" هه‌وڵ هه‌یه‌و ئیشه‌ڵا رێککه‌وتنه‌که‌ ده‌کرێت، با چاوه‌ڕێى هه‌فته‌ى داهاتوو بین بۆ یه‌کلابونه‌وه‌".

 


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار