له‌سه‌ر دۆسیه‌ى نه‌وت ڕێکخراوى دۆر پێشنیاز ئاڕاسته‌ى حکومه‌تى هه‌رێم ده‌کات
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
رێکخراوى دۆر بۆ زانیارى نه‌وتى کوردستان، وه‌کو ڕێکخراوێکى تایبه‌تمه‌ندى بوارى زانیارى نه‌وت و غازى سروشتی،کۆمه‌ڵێک ڕاسپارده و پێشنیارى ئاڕاسته‌ى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و دیوانى چاودێرى دارایى کرد، له‌باره‌ى “وردبینکردنى گرێبه‌سته‌کانى نه‌وت”ه‌وه کردووه.
به‌پێى ڕاپۆرته‌که‌ى ڕێکخراوى دۆر بۆ زانیارى نه‌وتى کوردستان، پێویسته حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌بێ جیاوازى و به‌یه‌ک پاکێج هه‌موو گرێبه‌سته‌کان بخاته به‌رده‌ستى دیوانى چاودێرى دارایی، "نابێت هیچ گرێبه‌ستێک ببوردرێت له وردبینیکردن، به‌تایبه‌ت دۆر مه‌به‌ستیه‌تى “گرێبه‌ستى 50 ساڵه‌ى هه‌نارده‌کردنى نه‌وت، 25 ساڵه‌ى غازى سروشتی، ڕوسنه‌فت، گرێبه‌ستى ئه‌مبارکردن و هه‌نارده‌کردنى “تى پکۆ”، گرێبه‌ستى فرۆشتن” بخرێته به‌رده‌ستى تیمه‌که‌ى دیوانى چاودێرى دارایی، چونکه زۆرترین گومان له‌سه‌ر ئه‌م گرێبه‌ستانه‌یه".
هه‌روه‌ها ڕاپۆرته‌که، دواى وربینکردنى تیمی”ڕێکخراوى دۆر بۆ زانیارى نه‌وتى کوردستان بۆ به‌شێک له گرێبه‌سته نه‌وتییه‌کان، ده‌رکه‌وت "ئاڵوگۆڕ" له‌پشکى حکومه‌تى هه‌رێم و کۆمپانیاکان ڕوویداوه، به‌جۆرێک له‌هه‌ندێک شوێن پشکى کۆمپانیاکان هێنده زیاده چاوپۆشى لێناکرێت، چونکه پشکى کۆمپانیاکان بووه به ٨٠%، پشکى حکومه‌تى هه‌رێمیش بووه به ٢٠%، له‌بارى سروشتی‌دا پشکى کۆمپانیاکان ده‌بێت ٢٠% بێت.
رێکخراوى دۆر پێى وایه، جێگه‌ى پرسیاره که‌رتى نه‌وتى هه‌رێمى تا پێش ساڵى ٢٠١٤ به‌شێوه‌یه‌کى گشتى ٥٧ گرێبه‌ستى هه‌بووه، به‌پله‌ى یه‌که‌م (دى ئێن ئۆ، وێنسترین زاگرۆس، گنه‌ڵ ئینێرجى تورکی، مۆڵى هه‌نگاری، ئیم ئۆڤى نه‌مساوی، که‌ى ئین ئۆسى کۆری)سودى یه‌که‌م و دوومیان لێوه‌رگرتووه، به‌ڵام دواى ئه‌وه کۆمپانیاى گنه‌ڵ ئینێرجى تورکى له ١٤ى گرێبه‌ستى هه‌رێمى کوردستان ناوى هه‌یه و بووه به یه‌که‌مى بێ ڕکابه‌ر.
به‌ڕێوه‌به‌رى ڕێکخراوى دۆر بۆ زانیارى نه‌وتى کوردستان، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌کاته‌وه، تیمى ڕێکخراوى دۆر بۆ زانیارى نه‌وتى کوردستان که له ساڵى ٢٠١٤ وه ٢٦ ڕاپۆرتیان له‌بوارى نه‌وت و غازى سروشتى بڵاوکردووه‌ته‌وه، ئاماده‌ن وه‌کو پاشکۆى وربینکردن ئاسانکارى و هاوکارى پێشکه‌شى دیوانى چاودێرى دارایى بکه‌ن.