مزگه‌وته‌کان بۆ ئه‌نجامدانى نوێژى هه‌ینى ده‌کرێنه‌وه
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
ژورى ئۆپراسیۆنى ئیداره‌ى گه‌رمیان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرۆنا رایگه‌یاند، له‌ژێر مه‌رج و رێنماییه‌کانى خۆپارێزیدا، مزگه‌وته‌کان بۆ ئه‌نجامدانى نوێژى هه‌ینى ده‌کرێنه‌وه.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه له راگه‌یه‌ندراوێکدا ئیداره‌ى گه‌رمیان بڵاویکردۆته‌وه، ئه‌ندامانى ژورى ئۆپه‌راسیۆنى ئیداره‌ى گه‌رمیان بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ڤایرۆسى کۆرونا کۆبونه‌وه‌یه‌کیان له‌گه‌ڵ وتاربێژه‌کانى سنوره‌که ئه‌نجامدا، باسیان له‌دۆخى ته‌ندروستى گه‌رمیان کرد.
به پێى راگه‌یه‌ندراوه‌که، "گرنگى خۆپارێزى و خه‌ڵکپارێزى بۆ مامۆستایانى ئاینى ڕونکرایه‌وه و پێیان ڕاگه‌یه‌ندرا وه‌ک چۆن موسوڵمانان و نوێژخوێنان داواده‌که‌ن ده‌رگاى مزگه‌وته‌کان بکرێنه‌وه، پێویسته له‌کاتى کردنه‌وه‌ى ده‌رگاى مزگه‌وته‌کانیشدا وه‌ک ئه‌رکێکى ئایینى و مرۆڤایه‌تى له‌پێناو پاراستنى ته‌ندروستى یه‌کتردا پابه‌ندبن به بڕیار‌و ڕێنماییه‌کان".
ئاماژه بۆ ئه‌وه‌شکراوه، مامۆستایانى ئاینى له مزگه‌وته‌کاندا که‌سى یه‌که‌مى ئیداره‌دان و ڕێکخستنى کاروباره‌کانن، پێویسته به‌باشى ڕۆڵبگێڕن بۆئه‌وه‌ى خه‌ڵک سارد نه‌بنه‌وه له به‌کارھێنانى ھۆکاره‌کانى خۆپارێزى و ھه‌ڵمه‌تى ھۆشیارکردنه‌وه‌ى نوێژخوێنان به‌گشتى به‌ئه‌رکى سه‌رشانى خۆیان بزانن.
له‌راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا جه‌ختیشکراوه‌ته‌وه، به‌کارھێنانى ده‌مامک و دورى یه‌ک مه‌تر نێوان نوێژخوێنان و هێنانى به‌رماڵ و ده‌ستنوێژشتن له‌ماڵه‌وه به‌تایبه‌تى له‌کاتى نوێژى هه‌ینی، وه‌کو مه‌رج دیارى بکرێت بۆ نوێژخوێنان.