لەباشورەوە بارانی هەڵبەست

خەونی شێرکۆ بێکەس

4 ساڵ لەمەوپێش




 

هاوڵاتى- تایبەت

بەڕێزەوە..

״با״یەک ئەنووشتێتەوە بۆ پاییز

بەڕێزەوە..

پاییز ئەنووشتێتەوە بۆ عاشق

عاشق بۆ عەشق

عەشق بۆ خەیاڵ

خەیاڵ بۆ من و

منیش بۆ شیعر!

نەک هەر بۆ شیعر نووشتایەوە، بەڵکو هەموو ژیانی بەخشی بەشیعر. گەر لەساتێک لەساتەکاندا، یان لەیەکێک لەوەرچەرخانەکانی مێژوودا یاخود لەشوێنێکدا بێ خواستی خۆی کات و وزەی بەشتێکی تریش بەخشی بێت، زوو هەستی کردووە ئەو جگە لەشیعر نابێت سەرقاڵی شتێکی دیکە بێت. ناکرێت یەک رۆژ لەشیعر وەربگرێتەوەو بیدات بەشتێکی دیکە. ئەوە شێرکۆ بێکەس بوو. شاعیر هەموو ژیانی پێشکەش کرد بەشیعر، بەپەیامی ئازادی و بەلێکۆڵین و هەڵکۆڵین لەنێو چارەنووس و بوون و مانەوەی نەتەوەکەیدا. ئەو هێشتا تەمەنی لەناوەڕاستی بیستەکاندا بوو کە سترانی بۆ باکورو رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی دەگوت.

حەزی دەکرد لەتەنها بەشێک نا، بەڵکو لەئاسمانی هەموو کوردستان شیعرەکانی بجریوێنن و وەکو باڵندەی ئازاد لەفڕینی بەردەوامدا بن، بێ ئەوەی سنوورەکان ببن بەڕێگر. خەونی شێرکۆ بوو سەرجەمی بەرهەمەکانی بەزاری کرمانی سەروو چاپ بکرێن و بڵاوببنەوە. ساڵی ٢٠١٠ سیروان رەحیم کۆمەڵێکی زۆر لەشیعرەکانی شێرکۆ بێکەس بەکرمانجی سەروو ئامادە دەکات. پاشان موحسین ئۆزدەمیر بەشێوازی گۆڕینی هەموو شیعرەکاندا دەچێتەوە، لەو سۆنگەیەوە ناوی موحسین ئۆزدەمیریش وەکو یەکێک لەوەرگێڕەکان لەسەر ئەم پرۆژە گرنگە ئەدەبییە دەنووسرێت. پاش تەواوبوونی کارەکە، هەردوولا بڕیار لەسەر بڵاوکردنەوەی دیوانەکە دەدەن. کۆمەڵێک ئاستەنگ وادەکەن چاپکردنی دیوانەکە دوابکەوێت. لەسەرووی هەموو ئاستەنگەکانەوە کێشەی بودجە دێتە پێشەوە. رۆژانی کۆتایی ساڵی ٢٠١٣ لەدانیشتنێکدا لەشاری ئامەدی باکوری کوردستان، بەبەشداری هەردوو وەرگێڕ، خاوەنی دەزگای هاوڵاتى تاریق فاتیح و مەمەد رۆناهی بەرپرسی وەشانخانەی رۆناهی لەشاری ئامەد، پێکەوە بڕیاری چاپکردن و بڵاوکردنەوەی دیوانەکە دەدەن. رۆژنامەی هاوڵاتى سەرجەم تێچوونی چاپی دیوانەکە دەخاتە سەرشان و بەو جۆرە دیوانەکە چاپ دەبێت. 

ناسنامەی دیوانەکە:

دیوانی شێرکۆ بێکەس: بەشێوەزاری کرمانجیی سەروو، بەپیتی لاتینی.

ناو: ژ باشور بارانا هەلبەستێ «لەباشورەوە بارانی هەڵبەست».

گۆڕینی: موحسین ئۆزدەمیر و سیروان رەحیم.

وەشان: وەشانخانەی رووناهی.

ئەرک و تێچوونی چاپ: رۆژنامەی هاوڵاتى.

شوێن و ساڵی چاپ: ئامەد ٢٠١٤

ژمارەی لاپەڕە ٤٢٠

ژمارەی نێونەتەوەیی دیوانەکە:

9786058552975

جێگەی داخە چاپکردنی دیوانەکە بەو جۆرە نایابە کەوتە پاش مردنی شاعیرەوە، بەڵام چاپکردنی ئەو بەرهەمە بەشێوەزاری کرمانجیی سەروو و لەشاری ئامەد، خەونی لەمێژینەی شێرکۆ بێکەس بوو. خەونێک هەرچەندە درەنگ، بەڵام هاتەدی.

بۆیە هەموو بەشدارانی ئەم پرۆژە نایابە هەستیان دەکرد کەهاوپشک و بەشدارن لەبەدیهێنانی یەکێک لەحەزو خواستەکانی شێرکۆ بێکەسدا. حەزو خواسێک کە لەخۆشەویستی نیشتمانەکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو.

بەداخەوە کەئێمە نەمانتوانی هەموو خەونە گەورەکەی شێرکۆ بێکەس بەدی بێنین کەدەیان جارو لای دەیان کەس ئەم خەونەی خۆی باس کردووە، ئەوەی ئێمە پێمانکرا ئەم بەشە بچووکە بوو لەخەونەکەی، بۆیە بەدیهێنانی ئەم خەونە گەورەیە ئەرکی هەرکەسو دامودەزگایەکە کەبتوانێت لەئاییندەدا بیهێنێتە دیو نموونەیەک لەسەرجەم شیعرەکانی خۆی بەزاری کرمانجی بەدیاری بۆ ببەنە سەر مەزارەکەی، بۆ ئەوەی تا ئەبەد رۆحی شێرکۆ ئاسوودە بێت.

 

بۆ ئیسماعیل بێشکچی

دارێک گوتی:

ئێمە ئێستاکە ناتوانین

شەقامێکی دیاربەکر بەناوی تۆوە ناوبنێین

گوڵێک گوتی:

ئێمە ئێستاکە ناتوانین

باخچەیەکی نێو قامیشلی بەناوی تۆوە ناوبنێین

شیعرێک گوتی:

ئێمە ئێستاکە ناتوانین

کتێبخانەیەکی سابڵاخ بەناوی تۆوە ناوبنێین

بەردێک گوتی:

ئێمە ئێستاکە ناتوانین

لەسنگی بابەگوڕگوڕا پەیکەرێکت بۆ داتاشین...

دواتر کوردستانم گوتی:

ئەوەی ئێستاکە، ئێمە دەتوانین بیکەین

هەر ئەوەیە

وەک گوڵ و شیعر و ئازادی

 لەگیانماندا هەڵتگرین..

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار