هەڵمەتی ئازادیی کوردستان

4 ساڵ لەمەوپێش



سوارە محەمەد

دەستەى بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەڕاگەیاندراوێکی چڕوپڕدا رایگەیاند، لە ١٢ی ئەیلولەوە بەدروشمی «کۆتایی بەگۆشەگیری، فاشیزم و داگیرکەری دەهێنین! کات کاتی ئازادییە» دەست بەهەڵمەتێک دەکەن. کەجەکە لەڕاگەیاندراوەکەیدا سەرنج دەخاتەسەر دۆخی ناوچەکەو کوردستان. ئەو شەڕەى ئێستا بەڕێوەدەچێت بەجەنگی جیهانیی سێیەم ناوی دەبات. ئەوە دەستنیشان دەکات، کەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم لەسیستمی جیهانی و ناوچەکەدا گۆڕانکاریی گەورە روویاندا. لەبەرئەوەش دوای جەنگی جیهانیی سێیەم، کەناوەندەکەى کوردستانە، دیسانەوە سیستمێکی نوێ دادەمەزرێندرێت. باشە، دۆخی گەلی کورد چۆن دەبێت؟ باشە گەلی کورد لەو سیستمە نوێیەدا وەک کوردو کوردستان جێی خۆی دەگرێت یان نا؟ باشە لەو پرۆسە گرنگەدا ئامادەکاریی گەلی کورد بەسە یان نا؟ لەبەر ئەوانەش راگەیاندراوەکە سەرنجی خستووەتە سەر مەترسییەکان و دەرفەتەکانیش. راستە ئەو سیستمە، کەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم دامەزرا گەلی کوردی بێ پێگەو کیان کردو خستییە ژێر چەپۆکى سڕینەوەو پاکتاوکردنەوە. کوردستانی کرد بەچوار بەشەوەو یەکگرتوویی و یەکپارچەیی وڵاتەکەى لەناوبرد، گەلی کوردی رووبەڕووی سڕینەوەو پاکتاوکردنی جەستەیی و کولتوری کردەوە. دوای جەنگی جیهانیی دووەمیش، لەپێگەى گەلی کورددا هیچ گۆڕانکارییەک رووی نەدا. کۆماری دیموکراتیکی مەهاباد لەئەنجامی سەوداو مامەڵەى دەوڵەتەکاندا رووخێنرا.

بەکورتی ئەوە سەد ساڵە، هەڵسوکەوت و نزیکایەتیی داگیرکەران و سیستمی هەژمونگەراو باڵادەست هەوڵدەدا، کەکوردو کوردستان نەبن بەهیچ، بەڵام بێگومان ئەگەر بەشێوەی یەکپارچەیی و یەکگرتووانەش نەبووبێت، هەر کورد لەهەر چوار پارچەى کوردستاندا بەرخودان و بەرەنگارییان پێشخستووە، بەڵام بەداخەوە سەرباری پێشکەشکردنی سەدان هەزارو بگرە زیاتر لەملیۆنێک شەهید، هێشتاش پێگەو کیانی کوردستان مسۆگەر نەکراوە.

 یان ئەگەریش بڵێین، دڵنیاییەک بۆ باشووری کوردستان هەیە، بەڵام هەر سێ پارچەکەى تر لەیاساو دەستووری دەوڵەتەکاندا هیچ مافێکى گەلی کورد قبوڵ نەکراوە. لەباکووری کوردستان هەبوونی گەلی کورد قبوڵ ناکرێت. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەپشتیوانیی و هاوکاریی هێزە باڵادەستەکان هەوڵدەدات، گەلی کورد لەڕیشەوە دەربهێنێت. لەوێدا هەموو کردەوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەبازنەى سڕینەوەو پاکتاوکردندایەو لەدەرەوەى ئەو سیاسەتە هیچی تر قبوڵ ناکات. لەڕۆژئاوای کوردستان گەلی کورد لەناو پێشهاتەکانی شەڕی ناوخۆی سوریادا شۆڕشی خۆی ئەنجامدا. لەدژی هەموو هێرشەکان بۆ لەناوبردن و تێکشکاندن بەرخودان و بەرەنگارییەکى مێژوویی ئەنجامداو وەک ئەستێرەیەک لەجیهاندا درەوشایەوە. سەرباری ئەوەى بەتێپەڕبوونی کات بووە شۆڕشی جیهانی و لە (١٠)هەمین ساڵی خۆیدایەتی، بەڵام هیشتا مەترسیی لەناوبردنی لەسەرەو هەوڵ بۆ لەناوبردنی دەدرێت. بەهۆی ھێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە، هەبوونی شۆڕش هێشتا نەبووەتە هەبوونێکی یاسایی و فەرمی.

 لەڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرباری ئەوەى سەد ساڵ بەرخودان و بەرەنگاری کراوە، بەڵام مافی گەلی کورد قبوڵ نەکراوە، حزب و رێکخستنەکانی کورد لاواز کراون. رژێمی ئێران بەقسەى ‹ئێمە برای یەکترین› لەلایەکەوە کار بۆ تواندنەوە دەکات و لەلایەکی تریشەوە هەموو جۆرە گوشارو هێرشێک بۆ سڕینەوەو پاکتاوکردن ئەنجامدەدات. لەباشووری کوردستان تاوەکو ئاستێک پێگەو کیانێک دەستەبەر کراوە. بەرخودان لەباشووری کوردستان، دەرفەتە ئافرێنراوەکانی تێکۆشانی بزووتنەوەى ئازادی و دۆخی قەیران و هاوسەنگیی نێودەوڵەتی یەکانگیر بوون و لەئەنجامدا پیگەو قەوارەی باشووری کوردستان پەسەند کرا. مافی گەلی کورد لەدەستووری عێراقدا چەسپێنرا، بەڵام لەبەرئەوەى کێشەى کوردو کوردستان کێشەیەکى یەکپارچەیەو پەیوەستن بەیەکەوە، هەڵوێستی دوژمنانی گەلی کوردیش بەرامبەر بەگەلی کورد یەک هەڵوێستە، بەو هۆیەوە پێگەو قەوارەی باشووری کوردستان بەتەواوەتی مسۆگەرو دڵنیاکەرەوە نییە. لەبەر ئەوانەش، وادیارە دۆخی کوردستان وەک دۆخی سەردەمەکانی جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم نەبێت، چونکە دۆخەکە گۆڕاوە. نە دوژمنانی گەلی کورد وەک خۆیان ماونەتەوەو نە گەلی کوردیش وەک پێشترە. بەپێی ئەو دۆخەى لەگۆڕێدایە، گەلی کورد لەهەموو کاتێک زیاتر خۆی بە رێکخستن کردووە. لەهەر چوار پارچەشەدا بەرخودانێک و بەرەنگارییەک هەیە، تەنانەت لەتێکۆشانی بزووتنەوەى ئازادیدا ئەو بەرخودانەی ئێستا لەئاستی بەرخودانی هاوبەشدا بەڕێوەدەچێت، بەڵام سەرباری ئەوەش مەترسییەکان زۆرن. بەتایبەت لەلایەن دەوڵەتی تورکیای داگیرکەرەوە، کە فەرماندەیی و پێشەنگایەتیی هێزە داگیرکەرەکان دەکات و هەوڵدەدات پێگەى باشوورو هەموو دەستکەوتەکانی تری کوردو کوردستان لەناو ببات. ئێمە ئەو راستییەمان لەهەموو روویەکەوە لەکاتی ریفراندۆمی ٢٠١٧دا بینی. دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا زیاتر لەعێراق کاردانەوەى نیشانداو دەستی بەجموجوڵ کردو بووە هۆکاری تێکشکاندنی ئەنجامەکانی ریفراندۆمەکە. ئەو رووداوانەشی لەدوای ریفراندۆم روویاندا روون و ئاشکران. دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لەبنەڕەتدا لەبەر دوو هۆکار ئەو کارانە ئەنجام دەدات.

یەکەم: ئەو دەوڵەتە لەسەر بنەمای عەقڵیەتی نەتەوە – دەوڵەت دامەزراوە. لەو عەقڵییەتدا جگە لەتورک و تورکایەتی هیچ کەسێکی تر مافی هەبوونی نییە. هەر خۆی هەموو راپەڕینەکان لەمێژووی کۆماری تورکیادا بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێنەوە. بەکورتی تورکیای داگیرکەر، هەبوونی گەلی کورد قبوڵ ناکات، بۆیە دەبێت گەلی کورد هیچ مافێکى نەبێت.

دووەم: ئەو هەڵسوکەوت و نزیکایەتییە نەک تەنها لەباکوور، بەڵکو دەیەوێت لەهەموو شوێنەکانی کوردستاندا پێشیبخات. هەر خۆی جگە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەرسێ پارچەکەى تر بەخاکی خۆی دەزانێت. بەپێی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، رۆژئاواو باشووری کوردستان بەشێکن لەسنوورە میللییەکانی. ئەوەش تاوەکو دێت زیاترو بەشێوەیەکى ئاشکراتر باسی لێدەکەن و هەوڵدەدەن تاوەکو ٢٠٢٣ رۆژئاواو باشووری کوردستان بخەنە ناو سنوورەکانی خۆیانەوە. ٢٠٢٣ هەم سەد ساڵەى دامەزراندنی کۆماری تورکیایەو هەمیش کاتی هەڵبژاردنی گشتییە لەتورکیا. بۆیە مەترسی و دوژمنایەتیی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا نەک تەنها بۆ باکووری کوردستان، بەڵکو بۆ سەر رۆژئاواو باشووری کوردستانیش هەیە. هەر خۆی کاتێک مرۆڤ لەوتەو کردەوەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ورد دەبێتەوە ئەوەی بەهەموو شێوەیەک بۆ روون دەبێتەوە. هاوکات دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لەو بڕوایەدایە، کە بەدروستکردنی پەیوەندییەکى بەهێز لەگەڵ ئێراندا دەتوانێت رێگری لەوە بکات، کە لەڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بۆ هەبوونی گەلی کورد شتێکی باش و ئەرێنی پێش بکەوێت. هەر خۆی لەهەموو پەیوەندییەکانیدا ئەوە وەک کارو ئەرکێکی بنەڕەتی و سەرەکی بۆ خۆی دەزانێت و کاری بۆ دەکات.

 بەکورتی لەدۆخی ئێستادا دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر گەورەترین مەترسییە بۆ هەموو کوردستان. بێگومان دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر کاتێک ئەو هەموو کارانە دەکات، لەلایەن هێزە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتیوانی زۆر بەهێزی لێدەکرێت. ئەویش لەو بڕوایەدایە، کە دەوڵەتێکى گرنگ، بەهێزو خاوەن پەیوەندیی ستراتیژییە لەگەڵ هێزە گەورەکاندا. بۆ ئەوەش هیچ یەک لەو هێزە گەورانە جگە لەهەندێک رەخنە هیچ کارێکی گرنگ لەبەرامبەریدا ئەنجام نادەن. لەمێژووی گەلی کورددا نمونەى ئەو هەڵسوکەوت و رەفتارەی زلهێزەکان زۆرو زەوەندە. دیسانەوە لەپارچەبوونی کوردان زۆر سوود وەردەگرێت. لەئێستادا سەرباری ئەوەی، کە رۆژانە بکوژی گەلی کوردە، بەڵام دیسانەوە دەتوانێت هەندێک کورد بەلای خۆیدا رابکێشێت.

 بەداخەوە پارچەبوونی ناوماڵی کورد بووەتە هۆی ئەوە هێزە داگیرکەرەکان هەندێک کورد بەلای خۆیاندا راکێشن و لەبەرامبەر کوردانی تر بەکاریان بهێنن. لەو دۆخەى ئێستادا ئەوەى، کە بەزۆری دەوڵەتە داگیرکەرەکان بەتایبەتی دەوڵەتی تورکیا پەنای بۆ بردووەو ئەنجامی دەدات راکێشانی هەندێک کوردە لەدژی هەندێک کوردی تر. بەداخەوە ئەوەش لەلایەن پارتییەوە ئەنجامدەدرێت. پارتی لەو بڕوایەدایە بەو شێوەیە لەجموجوڵ و هەڵسوکەوتکردن دەتوانێت پێگەکەى ئێستای بپارێزێت، بەڵا بەداخەوە بەو شێوەیە نابێت، چونکە محەمەد عەلی یونس گەورە راپەڕیوی کورد (لەچیای ساسۆن لەسەرەتای سەدەی ٢٠ لەباکووری کوردستان) دەڵێت «ئەگەر ئێمە بکەن بەخواردنی بەیانی، تۆ دەکەن بەخواردنی نیوەڕۆ» رێک باسی ئەوە دەکات، کەدوژمن کار بۆ ئەوە دەکات یەک بەیەک لەسەر دەستی یەکتر لەناومان ببات. لەبەرئەوەش دەبێت بەخێرایی کورد یەکگرتووانە بجوڵێتەوە و لەبەرامبەر دەوڵەتی تورکیای داگیرکەردا خۆی بکاتە خاوەن یەک هەڵوێست و یەک وەستانەوە. ئەوە تاکە شتە، کە دڵنیایی هەبوونی گەلی کورد مسۆگەر دەکات. هەڵوێست و وەستانەوەی وڵاتپارێزیش هەر ئەوەمان بەسەردا دەسەپێنێت. لەبەرئەوەیە راگەیاندراوەکەى کەجەکە بە تەواوەتی پشت بەو جۆرە هەڵوێست و وەستانەوەیە دەبەستێت. لەبەرامبەر دوژمنی هاوبەش، بەرخودانی هاوبەش. لەدژی هێرشکاری بۆ سەر هەموو شوێنێک، بەرخودان لەهەموو شوێنێکدا.

دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت، کە تێکۆشان لەدژی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لەپێش هەموو شت و هەموو کەسێکەوە بۆ خۆی پێویستە. نابێت هیچ کەس و هیچ پارچەیەکى کوردستان خۆی لەدەرەوەى ئەو هێرشانە و لەدەرەوەى ئەو بەرخودانە ببینێت. هێرش بۆ سەر هەموو کەسێکە و بۆ سەر هەموو شوێنێکە، دەبێت بەرخودانیش بەو شێوەیە بێت. بۆیە دەبێت هیچ کەسێک ئەو هەڵمەتە، کە لەلایەن کەجەکەوە دەستیپێکردووە بەهەڵمەتی حزبێک، یان پارچەیەکی نەزانێت، بەڵکو دەبێت هەموو کەسێک ئەو هەڵمەتە بۆ ئازادیی کوردستان بەهەڵمەتێکی ناچاری بۆ خۆی بزانێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار