ئێران چی لەبایدن دەوێت؟
بایدن بەختی ئێران دەکاتەوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
بڵاوبوونەوەی هەواڵەکانی ئاماژەکانی سەرکەوتنی جۆو بایدن لەئەمەریکا بووەمایەی خۆشحاڵیی بەرپەرسانی حکومەتی ئێران بەتایبەت ئەوانەی سەر بەمیانڕەوەکانن و نزیکن لەباڵی ریفۆرمخواز، چونکە ئەوان چاوەڕوانن بەهاتنی بایدن، (250) ملیار دۆلار قەرەبووی زیانی کشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) وەگرن و هاوکات زیاتر لە (40) ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران بگەڕێننەوە خەزێنەی وڵاتەکەیان، لەکاتێکدا هەندێک شارەزای ئابوریی ئاشکرایان کردووە زیاتر لە (150) ملیار دۆلاری ئێران لەبانکەکانی جیهاندا بلۆک کراوە.
بەوپێیە ئێران بەتەمایە بەهاتنی بایدن (390) ملیار دۆلاری دەستبکەوێت، کەئەمەش زیاتر بەخەونێکی بەدینەهاتوو لەقەڵەمدەدرێت و هاوکات بەرپرسانی ئێران جەختیان کردووەتەوە تا چارەنووسی تا زیانی (250) ملیار دۆلاری وڵاتەکەیان لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا روون نەبێتەوە ئامادەنین دانوستان لەگەڵ جۆو بایدن سەرۆکی نوێی ئەمەریکا بکەن و بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵەش بەهای هەر دۆلارێکی لەناوخۆی ئێراندا جارێکی دیکە بۆ (28)هەزار تمەن بەرزکردەوە، کە پێشتر بەهۆی سەرکەوتنی بایدنەوە بەهای هەر دۆلارێک بۆ (22) هەزار تمەن دابەزیبوو.
وڵاتان بەهۆی ئەمەریکاوە قەرزەکانی ئێران نادەنەوە
(40) ملیار دۆلار داهاتی هەناردەی کاڵاو کارەباو غازو نەوتی ئێران لەلایەن ژمارەیەک وڵاتەوە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە بلۆک کراوەو تەنها وڵاتی عێراق وەڵامی ئەرێنیی بۆ گەڕاندنەوەی قەرزەکانی لەبەرامبەر کاڵادا بۆ ئێران هەبووە.
پێگەی ئەلیکرۆنیی راگەیاندنی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندووە لەدوایین کۆبوونەی کابینەی حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کە لەگەڵ تیمی هاوئاهەنگیی دارایی بووە، پێداگریی کردووە کە لەزووترین کاتدا هەوڵی گەڕاندنەوەی (40) ملیار دۆلاری وڵاتەکەی بدەن کە «چین بە (20) ملیار دۆلار، هندستان (7) ملیار دۆلار، کۆریای باشور(8.5) ملیار دۆلار، عێراق (4) بۆ (5) ملیار دۆلار، ژاپۆن (1.5) ملیار دۆلار» زۆرترین پارەی ئێران قەرزارن و دەبێت بانکی ناوەندی و وەزارەتی دەرەوە هەماهەنگیی پێویست بکەن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارانە.
پێگەی رۆحانی روونیکردووەتەوە: رۆژانە بڕی قەرزەکانی عێراق زیاد دەکات، چونکە هەناردەکردنی غازو کارەبای ئێران بۆ ئەو وڵاتە بەردەوامە، بەڵام تەنها بەرپرسانی بەغدا بەڵێنیان داوە کەقەرزی وڵاتەکەیان بەسیستمی کاڵا لەبەرامبەر هاوردەکردنی کارەباو غاز لەئێران بدەنەوە، چونکە بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە، بەغدا ناتوانێت ئاڵوگۆڕی دراوو پارە لەگەڵ تاران بکات.
فرۆشی نەوت خەمی سەرەکیی ئێران
(50%)ی بودجەی ئێران لەڕێگەی فرۆشتنی نەوتەوە دابیندەکرێت و پێشتر داهاتی ساڵانەی گەیشتووەتە (108) ملیار دۆلار، بەڵام لەساڵی (2012) بەهۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەوە سزا بەسەر کەرتی نەوت و غازی ئێراندا سەپاو ساڵی (2017) بەهۆی کشانەوەی واشنتۆن لەڕێککەوتنی ئەتۆمیی لەسەر دەستی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، داهاتی نەوتی ئێران بووەتە (8) ملیار دۆلار لەساڵێکداو ئەو وڵاتەی خستە لێواری هەرەسهێنانی ئابورییەوە، بۆیە دوای سەرکەوتنی بایدن زۆربەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لەنوێترین لێدوانەکانیاندا گەڕانەوە بۆ بازاڕی جیهانیی نەوت بەخەمی سەرەکیی وڵاتەکەیان دەزانن.
ئاژانسی هەواڵی کاری ئێران (ئیلنا) بڵاویکردووەتەوە؛ لەگەڵ دەستبەکاربوونی بایدن وەک سەرۆکی ئەمەریکا، ئێران هەوڵدەدات بەهەر جۆرێک بووە رۆژانە تا نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت رەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکات، چونکە بایدن دەیەوێت لەچوارچێوەی پاراستنی ژینگەی وڵاتەکەیدا رێگەنەدات ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەئەمەریکا زیاد بکات و هاوکات رێگەش لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بگرێت، بۆیە بۆ ئەم مەبەستە رەنگە لەسەر بنەمای گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی رێگە بەئێران بدات ئاستی هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی بۆ نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا بەرزبکاتەوە.
بەرپرسانی ئێران جەختیان لەوە کردەووەتە، ئەگەر تەنانەت نرخی نەوت بۆ (20) دۆلار دابەزێت کە لەو کاتەدا سعودیەو عێراق قازانج لەنەوتەکەیان ناکەن، ئێران سوورە لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان، بۆیە بایدن دەتوانێت ئاسانکاریی بۆ ئەو مەبەستە بکات.
بایدنو بەرنامەی ئەتۆمی و موشەکیی ئێران
ئەرۆن کیاک یەکێک لە راوێژکارەکانی جۆو بایدن بە رۆژنامەی (جیرۆسەلیم پۆست)ی ئیسرائیلی راگەیاندووە؛ سیاسەتەکانی ترەمپ بووەتە هۆی ئەوەی رێژەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ (10) هێندەی رابردوو بەرزببێتەوە، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ تەلئەبیب و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لەناوچەکەداو دەتوانێ ببێتە هەڕەشەیەکی راستەقینە بۆ تێکچوونی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە بایدن هەموو هەوڵەکانی دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی بەرنامەی موشەکیی و ئەتۆمیی ئێران تاساڵی (2025) بەتەواوەتی سنوردار بکات و رێگە لەگەشەکردنی بگرێت، تەنانەت ئەگەر بەگەڕانەوەی واشنتۆن بێت بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1).
بایدن وەک ئۆباما نییە
پێگەی (ناشناڵ نیوز) نووسیویەتی لەسیاسەتی دەرەوەدا جۆو بایدن وەک باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا نییە، چونکە رای گشتیی ئەمەریکا دژی شەڕی ئەفغانستان و عێراق بوو، بەڵام بایدنی سەر بەدیموکراتەکان پشتیوانی لەو جەنگە کردو تەنانەت هانی جۆرج بۆشی، سەر بەکۆمارییەکان و سەرۆکی ئەوکاتی وڵاتەکەی دەدا کەهێزی سەربازیی زیاتر رەوانەی عێراق بکات و تائێستا بڕوای بەدەستوەردانی راستەوخۆی وڵاتەکەی لەو وڵاتانەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیەو تەنانەت بۆ رێگریی لەباڵادەستبوونی ئێران دڵنیایی دەداتە وڵاتانی عەرەبی کەنداو بەتایبەت ئیمارات و سعودیەو هەر لەسەر ئەو بنەمایە دانوستانی ئاشکرا لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، لەکاتێکدا ئۆباما بەنهێنی دانوستانی لەگەڵ تاران کردو هیچ دڵنیاییەکی نەدایە وڵاتانی عەرەبی.
بایدن و ترەمپ لەچەقی ململانێکانی ئێران
بەچاوخشاندنێک بە رۆژنامەو میدیاکانی ئێران لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، دەردەکەوێت کە دوو لایەنی سەرەکی کۆماری ئیسلامی ئێران واتە باڵی محافزکارو ریفۆرمخواز بەبەردەوامیی رووماڵی ئەو هەڵمەتانەو هەڵبژاردنەکانی ئەمریکایان دەکردو لەگەڵ دەرکەوتنی ئاماژەکانی سەرکەوتنی بایدن دۆلار لەئێران دابەزینی بەخۆیەوە دەبینی و لەگەڵ ناڕەزایەتی ترەمپ لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانیش دۆلار لەئێران دووبارە بەرز بووەوە، بۆیە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا گەورەترین کاریگەریی لەسەر سیاسەت و ئابوریی ئێران هەیە، چونکە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لەو وڵاتەش نزیکەی هەشت مانگی ماوەو سەرکەوتنی دیموکرات یان کۆماریی لەئەمەریکا کاریگەریی لەسەر پێگەی محافزکارو ریفۆرمخواز لەئێران هەیە.
رۆژنامەی (ئارمانێ میللی) کە سەر بەحکومەتی ئێرانەو نزیکە لە ریفۆرمخوازانەوە، سەبارەت بەهەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆک کۆماریی لەوڵاتەکەی نووسیویەتی: محافزکاران لەئێستاوە پۆستە وەزارییەکانیان لەحکومەتی داهاتوودا دابەش کردووەو دەیانەوێت بەبەشداریی کەمی خەڵک، هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی پەرلەمان سەرکەوتن بەدەستبهێنن، ئەوان تەنها مەحمودی ئەحمەدی نەژادیان هەیە کە لەمێژوودا بووبێتە سەرۆک کۆمارو دواتر پاساوو بیانویان بۆ هێنایەوە، کەئەو لەمحافزکاران نییە، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدەن سوود لەهەموو ئامرازێک ببینن بۆ ئەوەی کلیلی حکومەت وەربگرن، بەڵام ترەمپ لەقەی لە بەختی محافزکاران دا، چونکە ئەوان بەتەما بوون بەسەرکەوتنی ترەمپ خەڵکی ئێران بێهیوا ببێت و لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کەمترین ئاستی بەشداریی هەبێت، بۆ ئەوە براوەی بەشداریی کەمی خەڵک لەهەڵبژاردنەکاندا بن.
هاوکات رۆژنامەی (شەرق)ی ئێران کەنزیک لە ریفۆرمخوازانە، دوای سەرکەوتنی بایدن لەسەر وتاری خۆیدا نووسیبوی: لەئێستاد ئاماژەکانی گەڕانەوەی ریفۆرمخوازان بۆ گۆڕەپانی سیاسەت و هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی لەئێراندا بەرچاوەو گومان دەکرێت پشتیوانیی لەکاندیدبوونی محەمەد جەواد زەریف بکەن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماریی لەئێران، چونکە سەرکەوتنی جۆو بایدن هیوای بۆ گەڕانەوەی ئەمەریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) گەڕاندووەتەوەو ئەمە وادەکات بوار بۆ ریفۆرمخوازان خۆش ببێت کەحکومەتێکی ئەهلی گفتوگۆودانوستان لەداهاتووی ئێراندا پێکبهێنن و بۆ ئەم مەبەستەش پیاوی ژمارە یەکی دیپلۆماسیی ئێران باشترین بژاردەیە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماریی بەپشتیوانیی ریفۆرمخوازان.
محافزکارانی ئێران لەدیموکراتەکان تووڕەن
رۆژنامەی (جەوان) سەر بەمحافزکاران سەبارەت بەسەرکەوتنی بایدن لەهەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا نووسیویەتی: تا ئێستاش کەسانێک لەئێران هەن کەهەر شەپۆلێکی سیاسیی ئەمەریکا دەیانجوڵێنێت و باسی مانگی هەنگوینی نێوان تاران و واشنتۆن دەکەن، بەڵام ئەگەر لەمێژووی (40) ساڵ و تەنانەت پێشتری پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران بڕوانین، بۆمان دەردەکەوێت گەورەترین سزاو رووداوە ناخۆشەکان لەسەردەمی ئیدارەی دیموکراتەکاندا بەسەر ئێراندا سەپێنراوەو دیموکراتەکان دەستێکی پۆڵایینن لەدەستکێشێکی قوماشدا.
لەسەردەمی جیمی کارتەر، بیل کلینتۆن، باراک ئۆباما کە سەرۆکە دیموکراتەکانی ئەمەریکا بوون، هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئەمەریکا قەدەغە کراو دواتر بازرگانیی لەگەڵ ئێران هەڵوەشێنرایەوەو لەدوایین پێشهاتدا ئۆباما سوودی لە بلۆککردنی پارەکانی ئێران کردو دواتر شەپۆلێک سزای بەسەر تاراندا سەپاند بۆ ئەوەی ئێران ناچار بە رێککەوتنی ئەتۆمیی بکات.
هاوکات رۆژنامەی (کەیهان) کە سەر بەتوندڕەوەکانی محافزکارانە، نووسیویەتی: دوژمنایەتی ئەمەریکا لەدژی ئێران لەسەردەمی ترەمپدا دەستیپێنەکردووە تا لەسەردەمی بایدندا کۆتایی پێبێت، بەڵام بەرپرسانی ئێران کەپێشتر دەیانوت رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی (5+1) بەهۆی کشانەوەی ئەمەریکاوە هیچ دەستکەوتێکی نەبووە، ئێستاو لەگەڵ سەرکەوتنی جۆو بایدن وەک سەرۆکی کۆشکی سپی، پەیام و لێدوانی پێچەوانەی رابردوو بڵاودەکەنەوەو تەنانەت حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران و محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەو ئیسحاق جیهانگیریی، جێگری یەکەمی سەرۆک کۆمارو عەلی رەبیعی، وتەبێژی حکومەت کە بەرپرسانی دیاری وڵات و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، هاتنی بایدنیان بەئەرێنی وەسف کردووەو هیوایان لەسەر داهاتووی پەیوەندییەکانی تاران و واشنتۆن لەسەر دەستی بایدن هەڵچنیوە کەزۆر جێگەی گومانە.
بایدن و پیاوی دیپلۆماسیی ئێران
میدیاکانی ئێران تۆمارێکی ڤیدیۆییان بڵاوکردووەتەوە، کەتێیدا محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران کە بەپیاوی یەکەمی دیپلۆماسیی ئێران دەناسرێت، دەڵێت: لەو سەردەمەی لەبارەگای سەرەکی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەئەمەریکا کارم کردووە، پەیوەندییم لەگەڵ چەند سیناتۆرێکی ئەمەریکی هەبوو، جۆو بایدن یەکێک لەو سیناتۆرانە بوو کە پەیوەندیی باشم هەبوو لەگەڵی، بەڵام ئەو ئێستا بەشێکە لەحوکمڕانیی وڵاتەکەی.
ئەم وتانەی زەریف بووە هۆی لێکدانەوەی جیاوازی میدیاو رۆژنامە و شارەزا سیاسییەکانی ناوخۆی ئێران و چەند ئەگەرێکیان بۆ خۆکاندیدکردنی جەواد زەریف لەهەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماری ئێران خستووەتەڕوو، چونکە ئەگەرچی زەریف خۆی بەباڵی میانڕەو دەزانێت، بەڵام بەبەردەوامی لەلایەن ریفۆرمخوازانەوە بەرگریی لێکراوەو ئەمە وایکردووە ریفۆرمخوازان کەپێشتر بەهۆی شکستیان لەهەڵبژادنەکانی ئەمساڵی پەرلەمانی وڵاتەکەیان هیچ هەوڵێکیان بۆ بەشداریی لەهەڵبژادنەکانی سەرۆک کۆماریی ساڵی (2021) نەدەدا، بەسەرکەوتنی بایدن لەئەمەریکا کەوتوونەتە خۆیان و دەیانەوێت پشتیوانیی لەکاندیدێک بکەن کەتوانای گفتوگۆو دیپلۆماسیی زۆری هەبێت، بۆ ئەوەی رێککەوتن لەگەڵ واشنتۆن بکات و بۆ ئەم مەبەستەش جەواد زەریف وەک کۆنەدۆست و هاوڕێی بایدن باشترین بژاردەیە بۆ ریفۆرمخوازان.
چەند ئاماژەیەکی دیکە هەیە کەدەردەکەوێت زەریف بەئەگەری بەهێز ببێتە کاندیدی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆماریی لەهەڵبژاردنەکانی داهاتوودا، چونکە ئەو لەگەڵ سەرکەوتنی بایدن دەستی بەپەیام و تویت بۆ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەت سعودیە کردو لەهەفتەیەکدا دوو پەیامی ئاراستەی سعودیە کردو لەتویتێکدا نووسیی: ترەمپ (70) رۆژی دیکە دەڕوات، بەڵام ئێمە دەمێنینەوەو گرەوکردن لەسەر بیانییەکان بۆ دابینکردنی ئاسایش قومارێکی گونجاو نییە، بۆیە دەستی دۆستایەتیمان بۆ دانوستان و گفوتگۆ بەرەو دراوسێکانمان رادەکێشین.
تویتەکانی زەریف دوای سەرکەوتنی بایدن، ئاماژەیە بەوەی پێداگریی لەگفتوگۆ لەگەڵ سعودیە دەکات، چونکە دۆناڵد ترەمپ ئەو وڵاتەی هاندا بەکڕینی چەک بەمەبەستی دوژمنایەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران.
هەموو ئەم پەیام و ئاماژانە دەریدەخەن زەریف دەیەوێت وەک سەرۆک کۆمار بەردەوام بێت لەحوکمڕانیی وڵاتەکەی، بۆیە بایدن بووەتە مایەی خێرو کردنەوەی گرێی بەختی ئەو بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماریی داهاتوی ئێران و تەنانەت حەسەن رۆحانی کە لەکۆتایی دوو خولی سەرۆک کۆمارییەکەیدا هەوڵدەدات جارێکی دیکە رێککەوتنی ئەتۆمیی زیندوو بکاتەوە، چونکە بەڵێنی رێککەوتنی ئەتۆمیی دوو خول رۆحانیی لەپۆستەکەیدا هێشتەوەو لەئێستادا بەهۆی شکستی ئەو رێککەوتنەوە ئاستی خۆشەویستی و پێگەی سیاسیی لەلای خەڵک و بەرپرسانی ئێران دابەزیوە، بۆیە وتوویەتی» لەگەڵ گۆڕانکاریی ئیدارەی ئەمەریکا هیچ هەل و دەرفەتێک بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەدەستنادەین بۆ ئەوەی دۆخی ئابوریی وڵاتەکەمان ببوژێنینەوە