کۆبونه‌وه‌ى نهێنى محه‌مه‌د بن سه‌لمان و بنیامین ناتانیاهۆ ئاشکرا ده‌کرێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسرائیل به‌ ئاماده‌بوونى مایک پۆمپیۆ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌ شارى که‌ناراوى نیۆم-ى سعودییه‌ به‌ نهێنى له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ى جێنشینى ئه‌و وڵاته‌ کۆبوه‌ته‌وه‌. 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 23ى تشرینى دووه‌مى 2020، ئاژانسى هه‌واڵى رۆیته‌رز له‌ زارى کۆمپانیاى په‌خشى کان، رادیۆى سوپاى ئیسرائیله‌وه‌ رایگه‌یاند:"نه‌تانیاهۆ رۆژى یه‌کشه‌ممه‌ به‌ نهێنى سه‌ردانى سعودیه‌ى کردووه‌ و له‌وێ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ى جێنشینى سعودیه‌ و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا کۆبووه‌ته‌وه‌".

وه‌لید ئه‌لعومی، به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى فه‌له‌ستین له‌ جه‌زیره‌ رایگه‌یاندووه‌، "روون و ئاشکرایه‌ که‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ راسته‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى چاودێرى ئیسرائیل رێگه‌ى به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ى داوه‌ و خودى فڕۆکه‌که‌ش به‌رده‌وام له‌ ئه‌رکى نهێنى نه‌تانیاهۆ به‌کارهاتووه‌".

هه‌روه‌ها میدیاى ئیسرائیلى ورده‌کارى ئه‌وه‌ى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ کاتژمێرى رابردوودا روویداوه‌ و ئه‌وه‌شى ئاشکرا کردووه‌ که‌ نزیکبوونه‌وه‌ى نه‌تانیاهۆ و کۆهن له‌ سعودیه‌ و کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ شازاده‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمانى شازاده‌ى سعودییه‌ هۆکارى راسته‌قینه‌ى دواخستنى کۆبوونه‌وه‌ى له‌ناکاوى لیژنه‌ى وه‌زارى تایبه‌ت به‌کۆرونا بووه‌.

دواى رێککه‌وتنى ئیسرائیل و ئیمارات، چه‌ند جارێک بنیامین نه‌تانیاهۆ رایگه‌یاندووه‌ که‌ ده‌وڵه‌تانى عه‌ره‌ب گۆڕانکاریه‌کى بنه‌ڕه‌تییان له‌ پێگه‌ى خۆیان کردووه‌ و ئێستا پشتگیرى په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ده‌که‌ن.

وه‌لید ئه‌لعومی، به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگه‌ى فه‌له‌ستین له‌ جه‌زیره‌، ئاماژه‌ى به‌وه‌دابوو که‌ پێده‌چێت کۆبوونه‌وه‌که‌ى دوێنێ یه‌که‌م کۆبونه‌وه‌ نه‌بووبێت له‌نێوان هه‌ردوو (نه‌تانیاهۆ و بن سه‌لمان) چ له‌سعودیه‌و چ له‌ده‌ره‌وه‌ ئه‌نجام درابێت.

رادیۆى ئیسرائیل ئه‌وه‌ى دووپاتکردووه‌ته‌وه‌ که‌ سه‌رۆک وه‌زیرانى ئیسرائیل به‌ نهێنى له‌گه‌ڵ یۆسى کۆهن، سه‌رۆکى موساد سه‌ردانى سعودیه‌ى کردووه‌ و له‌وێ له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د بن سه‌لمان، شازاده‌ى سعودیه‌ کۆبوه‌ته‌وه‌.
له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا مایک پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریکا له‌تویته‌رى خۆى ئه‌وه‌ى بڵاوکردووه‌ته‌وه‌ که‌ گه‌شتێک ئه‌نجام ده‌دات به‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌راستدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار