نێچیرڤان بارزانی: ئافرەتانی کوردستان دڵنیادەکەینەوە لە پاراستنی دەستکەوتەکانيان و نه‌هێشتنى توندوتیژیی
3 ساڵ لەمەوپێش
ھاوڵاتی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی لە رۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان رایگەیاند "تووندوتیژی، پرسی مافی مرۆڤ و هەموو کۆمەڵگەیە. پێویستە پیاوان ڕۆڵی كاراتر ببینن، بەشێکی گەورەی چارەسەر بن و رۆڵيان له نەهێشتنی تووندوتیژيدا هه‌بێت."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دڵنیایی دەداتە ژنانی هەرێمی کوردستان کە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگی و هاوکارییان بەردەوام دەبن و راشیدەگەیێنێت "قەیرانی ئابووری و دارایی كه لێكه‌وته‌ى په‌تاى كۆڤيد_19ن، لەگەڵ گرژييه سياسييه‌كان، دەستکەوتەکانی ژنان ده‌خه‌نه مەترسییەوە، به‌ڵام ئافرەتانی کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە لەگەڵ لايه‌نه په‌يوه‌ندیداره‌كانى حکومەتی هەرێمى كوردستان کار ده‌که‌ین بۆ پاراستی دەستکەوتەکانيان و نه‌هێشتنى تووندوتیژی و مسۆگه‌رکردنی دادوەریی کۆمەڵایەتی. له هه‌ر شوێن و ئاستێكدا بێت، به‌ره‌نگارى گێچەڵ و دەستدرێژی بۆ سه‌ر ئافره‌تان ده‌بينه‌وه."
دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان
پەیامی سەرۆکی هەێمی کوردستان
بۆ ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی توندتیژی دژی ئافره‌تان
لە ساڵیادی ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی توندوتیژيی دژی ژناندا، جه‌خت له به‌رده‌واميى پشتگيرى له مافه‌كانيان و هه‌وڵ و کاری بەردەوام بۆ نه‌هێشتنى توندوتیژیی دژى ژنان دەکەینەوە. كوردستانيش وه‌ك هه‌موو جيهان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، قۆناغێکی زۆر سەخت تێده‌په‌ڕێنێت. ئافرەتان لە ماڵ و نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەیییەکان، ئەرکێكى قورسيان کەوتە ئەستۆ.
ژنان لە بەرەی پێشەوەی خەبات بوون بۆ پەروەرده‌ی منداڵ و پاراستنی هاووڵاتیان و ڕێگرى له بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تا و چاره‌سه‌ركردنى نه‌خۆش. دەستخۆشی لە پەرستار و پزیشک و کرێکار و کارمەندانی تەواوی دامەزراوە تەندروستی و پەروەردەیییەکانی کوردستان و سوپاسى ئه‌رك و ماندووبوونيان ده‌كه‌م.
قەیرانی ئابووری و دارایی كه لێكه‌وته‌ى په‌تاى كۆڤيد_19ن، لەگەڵ گرژييه سياسييه‌كان، دەستکەوتەکانی ژنان ده‌خه‌نه مەترسییەوە، به‌ڵام ئافرەتانی کوردستان دڵنیادەکەینەوە کە لەگەڵ لايه‌نه په‌يوه‌ندیداره‌كانى حکوومەتی هەرێمى كوردستان کار ده‌که‌ین بۆ پاراستی دەستکەوتەکانيان و نه‌هێشتنى توندوتیژی و مسۆگه‌رکردنی دادوەریی کۆمەڵایەتی. له هه‌ر شوێن و ئاستێكدا بێت، به‌ره‌نگارى گێچەڵ و دەستدرێژی بۆ سه‌ر ئافره‌تان ده‌بينه‌وه.
توندوتیژی، پرسی مافی مرۆڤ و هەموو کۆمەڵگەیە. پێویستە پیاوان ڕۆڵی كاراتر ببینن، بەشێکی گەورەی چارەسەر بن و رۆڵيان له نەهێشتنی توندوتیژيدا هه‌بێت. كاتى کەرەنتینە و ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ پياوان بووە مایەی هۆشیاری و بەخۆداچوونەوە کە ناوماڵ تەنها شوێنی حەسانەوە نييه، بەڵکو شوێنی کار و هاوکاری و بەجێهێنانی ئەرکەکانیشمانە بەرامبەر دایک و خوشک و هاوژین و پەروەردەی منداڵەکانمان.
ئێمە لە سەرۆکایەتیی هەرێمى كوردستان هەماهەنگی و هاوکاری له‌گه‌ڵ حکوومەت دەکەین بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر، هەروەها هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدەین کە بۆ ئه‌م پرسه بە گوڕ و تینێکی زیاتره‌وه پشتگیریی دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بكه‌ن. ئافره‌تان دڵنیادەکەینەوە کە هاوکاری و هەماهەنگیمان بۆ گه‌يشتن به ئاکامی باشتر بەردەوام دەبێت.
هيوادارم چالاکی و کارەکان تەنها لەم شازدە رۆژه‌دا قەتیس نەمێنن، بەڵکو هەمووان پێکەوە بە ژن و پیاوەوە رۆژانە کار بۆ نه‌هێشتنی تووندوتیژی و بەدیهێنانی ئامانجەکانمان بۆ ئاشتی و یەکسانی و دادوەری، بكه‌ين.
هیوای سەرکەوتن و تەندروستی بۆ هەموو لایەک دەخوازم.
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی