دواى کوژرانى زانا ئه‌تۆمییه‌که‌ ئێران هه‌ره‌شه‌ له‌م وڵاته‌ ده‌کات

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

 راوێژکارێکى عه‌لى خامنه‌یی، رابه‌رى کۆمارى ئیسلامى ئێران بۆ کاروبارى سه‌ربازى تۆمه‌تى کوشتنى موحسن فه‌خرى زاده‌، زانا ئه‌تۆمییه‌که‌ى ئێران، ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى ئیسرائیل و به‌ڵێن ده‌دات: "تۆڵه‌ له‌ ته‌لئه‌بیب ده‌که‌ینه‌وه‌".

که‌مێک له‌مه‌وبه‌ر، له‌ تویتێکدا له‌ هه‌ژمارى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى تویته‌ر، حوسێن ده‌هقان نووسیویه‌تی: "سه‌هیۆنییه‌کان له‌ دوا رۆژه‌کانى ژیانى سیاسیى هاوپه‌یمانه‌که‌یان (دۆناڵد تره‌مپ)، هه‌وڵ ده‌ده‌ن فشاره‌کانى سه‌ر ئێران زیاتر چڕ بکه‌نه‌وه‌ به‌ئامانجى هه‌ڵگیرساندنى جه‌نگێکى فراوان".

هه‌روه‌ها ده‌شڵێت:" وه‌ڵامى ئێمه‌ بۆ بکوژى (شه‌هیدى سته‌ملێکراو) وه‌ک هه‌وره‌برووسکه‌ ده‌بێت و ده‌بێت بکوژان باجى ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ بده‌نه‌وه‌".

پێشتر له‌ راگه‌یه‌ندراوێکدا وه‌زاره‌تى به‌رگرى ئێران کوشتنه‌که‌ى پشتڕاست کرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، به‌هۆى سه‌ختى برینه‌که‌یه‌وه‌ پزیشکان له‌ هه‌وڵه‌کانیان بۆ رزگارکردنى ژیانى فه‌خرى زاده‌ سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ فه‌خرى زاده‌ له‌ ده‌روازه‌ى ناوچه‌ى ئابسه‌رد هه‌ماوه‌ندى تاران له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ک چه‌کداره‌وه‌ ده‌ستڕێژى گوللـه‌ى کرایه‌ سه‌ر و به‌و هۆیه‌وه‌ ئه‌و زانایه‌ کوژرا.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار