پڕۆفیسۆرێکی کرماشان بانگەشەی ئەوە دەکات چارەسەری دەرمانی کۆرۆنای دۆزیوەتەوە

ئێران ده‌یه‌وێت ڤاکسنى چینى و رووسى له‌سه‌ر هاوڵاتیانى وڵاته‌که‌ى تاقى بکاته‌وه‌، به‌ڵام پسپۆران و پزیشکان قایل نیین

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

زانایەکی پسپۆڕی کرماشانی رایدەگەیەنێت توانی یەکەم دەرمانی کۆتاییهێنەر بە کۆرۆنا دروستبکات و مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی دەرمانەکەی وەربگرێت. لەلایەکی تریشەوە  تاران ئامادەیی دەربڕیوە بەبەکارهێنانی ڤاکسینی چینی و روسی بەبێ رەزامەندی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئەوەش نیگەرانی لای پزیشکە پسپۆڕەکانی وڵاتەکە دروستکردووە.

پڕۆفیسۆر عەلی موستەفایی کە پسپۆڕێکی پزیشکییە لەکرمانشان بەمیدیاکانی ئێرانی وتووە دەرمانێکی داهێناوە بۆ چارەسەری کۆرۆنا کە لەسەر چەندین گیای کوردەواری ناوچەکە دروستیکردووە  کە تایبەتمەندی دەرمانییان هەیەو سودی هەبووە بۆ تووشبووەکان.

هەشت مانگ زیاترە کۆرۆنا لەئێران پەرەی سەندووەو رۆژانە ژمارەیەکی زۆر لەخەڵک بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدەن، زانایەکی کرماشانی لەدیمانەی لەگەڵ مێهر نیوز رایگەیاند کە یەکەم دەرمانی کۆتاییهێنەر بەکۆرۆنای دروستکردووە.

ئەوەشی راگەیاند کە تائێستا (٢) هەزارو (500) تووشبوو بەم دەرمانە لەکۆرۆنا رزگاریان بووە، لەبارەی پاشهاتەکانی بەکارهێنانی ئەم دەرمانەوە پڕۆفیسۆر موستەفایی وتی «دەرمانەکە گیاییە و هیچ پاشهاتێکی نییە و زەرەری نابێت بۆ ئەوانەی بەکاریدێنن».

ئەوەشی راگەیاند ئەوانەی بەسووکی تووشی کۆرۆنا بوونە بەم دەرمانە یەکسەر چاکدەبنەوەو بۆ چارەسەری ئەوانەش کە بەقورسی تووشی کۆرۆنا هاتوون زۆر بەکەڵکە و کاریگەریی ئیجابی هەیە.

مەحمود رەزا مورادی سەرۆکی زانکۆی زانستی پزیشکی کرماشان سەبارەت بە دروستکردنی ئەم دەرمانە لەلایەن پڕۆفیسۆر موستەفایی بەمێهری وت «ئەمە شانازییەکی گەورەیە بۆ کرماشان و ئێران».

راشیگەیاند ئەگەر ئەم دەرمانە دوایین مۆڵەت وەدەست بێنێت بەزووترین کات دەگاتە ناوەندە دەرمانییەکانی وڵات.

دکتۆر قوباد موحەمەدی جێگری خۆراک و دەرمانی زانکۆی زانستی پزیشکی کرماشان سەبارەت بەوەرگرتنی مۆڵەتی کۆتایی بۆ بەرهەمهێنان و دابەشکردنی ئەم دەرمانە وتی «هەموو رێوشوێنەکان گیراوەتە بەرو دۆسیەی ئەم دەرمانە نێردراوەتە تاران و رێکخراوی دەرمانی وڵات خەریکە دوایین لێکدانەوەی بۆ دەکات».

ئەوەشی وت کەپێدەچێت لەمانگی (12)دا دوایین مۆڵەتی پێویست  وەربگیردرێت و وەک یەکەم دەرمانی کۆتاییهێنەر و یەکلایی کۆرۆنا لەجیهان کەڵکی لێوەربگیردرێت.

تاران ئامادەیە ڤاکسینی چینی لەسەر هاووڵاتیان تاقی بکاتەوە

ئێران ئامادەیی دەربڕیوە هاوکاری لەگەڵ چین و روسیا بکات بۆ گەشەپێدان بەڤاکسینی کۆڤید-19، بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی ئێران بەگومانن و قایل نین ڤاکسینێکی بەرهەمهێنراوی چین یان روسیا لەسەر هاووڵاتیانی وڵاتەکە تاقیبکەنەوە بەبێ رەزامەندی رێکخراوی تەندروستی جیهانی.

ئامادەیی ئێران بۆ هاریکاری لەگەڵ چین و روسیا بۆ گەشەپێدان بە ڤاکسین بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (کۆڤید-19) هۆشداریی دروستکردووە لەنێو کۆمەڵگەی پزیشکیی ئێراندا، بەجۆرێک کەسایەتییە باڵاکان دەڵێن دەکرێت ئەو ڤاکسینە سەلامەت نەبێت.

لەپەیامێکی 10ی تشرینی یەکەمدا بۆ حکومەت و خەڵکی چین، سەرۆکی ئێران حەسەن روحانی رایگەیاند که ئێران «ئامادەیه بەشداریبکات لەبەرهەمهێنانی ڤاکسینی کۆڤید-19 لەگەڵ چین».

لەمانگی ئابدا، باڵیۆزی ئێران له روسیا، کازم جەلالی وتی ئێران و روسیا «تاووتوێی شێوازەکانی هاریکارییان کرد لەسەر گەشەپێدان بەڤاکسینێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا».

جەلالی وتی قسەیکردووە لەگەڵ بەرپرسی سندوقی وەبەرهێنانی نەختی روسیا و بیروڕایان گۆڕیوەتەوە دەربارەی ئەگەری هاریکاری.

بەڵام دوای ئەوە، روسیا رایگەیاند کە دەستیکردووە بەمۆڵەتدان بەڤاکسینی کۆڤید-19ی خۆی، بەهیچ جۆرێک باسی هاریکاریی ئێرانی نەکرد.

دوای راگەیاندنەکەی جەلالی، پسپۆڕی باڵای پەتا گوازراوەکانی ئێران، مینۆ موهراز، کەئەندامێکی باڵای لیژنەی زانستی وڵاتەکەیە بۆ شەڕکردن دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، وتی «لەتەواوی جیهاندا» ڤاکسین بەرهەمدەهێنرێت.

موهراز وتی «روسیاش کار لەسەر ڤاکسینێک دەکات، بەڵام کێشەیەک لەڤاکسینەکەی روسیادا هەیە.»

ئاماژەیکرد بەوەی «روسیا تەنیا ئەو کاڵا بایۆلۆژیانە بەکاردەهێنێت کە لە روسیا بەرهەمهێنراون و هەرگیز رادەستی دەسەڵاتێکی نێودەوڵەتییان ناکات بۆ پەسەندکردن».

دەوترێت موهرازو کەسایەتییە بەناوبانگەکانی دیکە لەکۆمەڵگەی پزیشکیی ئێران ناڕەزایی هاوشێوەیان دهربڕیوه دەربارەی ئەگەری بەکارهێنانی ڤاکسینی چینی، لەگەڵ دەرمانە بەرهەمهێنراوەکانی چین لەئێران.

هەروەها وتوویەتی بەرپرسانی تەندروستی گشتی ئێران تەنیا رێ بەدابەشکردن و مۆڵەتدان بەڤاکسینێک دەدەن کە لەلایەن دەسەڵاتی دەرمان و خۆراکی ئەمریکاو ئاژانسی دەرمانەکانی ئەوروپاو رێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە پەسەندکرابێت.

بەگوێرەی موهراز، وەزارەتی تەندروستی ئێران تەنیا متمانەی بەم سێ کیانە هەیە بۆ پەسەندکردنی دەرمانێکی بایۆلۆژی.

پزیشکەکان دژی بەکارهێنانی دەرمانەکانی چینن

پزیشکە ئێرانییەکان و نۆرینگەکان بەگشتی دژی بەکارهێنانی دەرمانە چینیەکانن، زۆرینەی جەماوەریش بەهەمان شێوە لێیان بەگومانە.

حەسەن عەلی دادستان پسپۆڕێکی دادوەریە لەوەزارەتی داد، وتی «لە 2011وە، چەندین کەیس تۆمارکراون لەلایەن ئەندامانی خێزانی ئەو کەسانەوە کە بەهۆی بەکارهێنانی دەرمانی چینییەوە مردوون.»

حەسەن عەلی دادستان وتی «هاوردەکارە نایاساییەکانی دەرمانی چینی سوودیان لەپێویستییەکانی خەڵک بینیوە لەدەمی کورتهێنانی دەرماندا. ئەمە سەری کێشاوە بۆ بەدگومانییەکی قووڵ بەرامبەر دەرمانی چینی.»

هەروەها وتی چەندین مەرگ بەهۆی بەکارهێنانی بەنجی چینییەوە روویانداوه لەکاتی نەشتەرگەریەکانی دەیەی رابردوودا، وەک نموونەیەک، باسی لە مەرگی سیپهەر مالیک- ئەحمەدی، (13) ساڵ، کرد لەساڵی 2011 لەنەخۆشخانەیەکی گشتیی بهناوبانگی تاران، وتی کەیسەکە «هێشتا کراوەیەو لێکۆڵینەوەی لێدەکرێت».

لەوتەیەکدا کە لەلایەن بڵاوکراوە میدیاییەکانی ئێرانەوە تۆمارکراوە، بەڕێوەبەری دەزگای نۆرینگەکانی ئێران، رەهبەر موژدەهی-ئازار وتوویەتی کە «فرۆشتنی دەرمانی لەچین دروستکراو بەخەڵک دەبێت لە نۆرینگەکان قەدەغە بکرێت».

وتیشی «پەیڕەوەکانی سەلامەتی دەرمانی چینی قایلکەر نین بۆمان.» ئاماژەیکرد بەوەش که ئەمە بەهۆی ئەوەیە «ئەو دەرمانانە بەشێوەیەکی یاسایی نایەنە وڵاتەکەوە».

چین و روسیا چییان دەستدەکەوێت؟

پرسیاری سەرەکی بۆ زۆرێک ئەوەیە: بۆچی روسیا و چین دەیانەوێت ڤاکسینی کۆڤید-19 بەهاریکاریی ئێران بەرهەمبهێنن؟ چییان دەستدەکەوێت؟

دکتۆر زەهرا شۆجاعپور، پسپۆڕێکی پەتا گوێزراوەکان بە مەشاریقی وت «ئەو وڵاتانەی ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەمدەهێنن مافی ئەوەیان نییە ڤاکسینە بێ مۆڵەتەکانیان لەوڵاتانی دیکە تاقیبکەنەوە.»

وتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هیشتا هیچ ڤاکسینێکی چینی یان روسی پهسهندنەکردووە، بۆیە ئەو دوو وڵاتە مەبەستیانە «هاریکاری بکهن» لەگەڵ ئێران، هەڵبەتە تەنیا بەناو، تا بتوانن ڤاکسینە بەرهەمهێنراوەکانیان بەبێ مۆڵەتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی تاقیبکەنەوە.

شوجاعپور وتی «لە ئەگەری سیناریۆیهکی هاریکاریدا، چین بەفەرمی پێکهاتە خاوەکان بۆ ڤاکسین دەنێرێت بۆ ئێران و دوای گەشەپێدانیان، ڤاکسینێکی لەئێران دروستکراو بەرهەمدەهێنرێت».

وتی دوای کۆکردنەوەی ئەو ڤاکسینە لەئێران، حکومەت دەتوانێت تاقیبکاتهوه لەسەر هاووڵاتیانی ئێرانی و ئاماژەیکرد بەوەی پرۆسەکە داهاتێکی باشیش بۆ رژێمی ئێران بەرهەمدەهێنێت.

وادیارە رژێمی ئێران ئامادەیە مۆڵەت بداتە ڤاکسینێکی روسی یان چینی لەوڵاتەکە، هەرچەندە هیچ یەک لەیەکە پزیشکی و دهرمانییهکان یان جەماوەر پشتیوانی لەم جۆرە کارە ناکەن.

حکومەتی ئێران رووبهڕووی رەخنە و بێمتمانەیی دەبێتەوە

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بەنهێنی ژمارەیەکی سنووردار لەدەرمانی ئەوروپییان هاوردە کردووە بۆ بەکارهێنانی خۆیان، بەجۆرێک خەڵک تەنیا دوای چەند راپۆرتێکی دزەکراو لەوبارەیەوە پێیانزانی.

دەربارەی چارەسەرو ڤاکسینەکان، دەوترێت بەرپرسانی ئێران دەریانخستووە کە دەرمانی خۆرئاواییان بەلاوە باشترە -- دەرمان و چاودێری تەندروستی -- نەک دەرمانی چینی یان روسی.

هەرکات بتوانن گەشتدەکەن بۆ وڵاتانی ئەوروپی بۆ چارەسەرو زۆربەی کات بێدەنگانە دەیکەن. بەڵام کاتێک نۆرەی خەڵک دێت، پێوەرو ئەولەویاتەکانیان دەگۆڕێت.

ئێران یەکێک لەخراپترین دۆخەکانی هەبوو لەناوچەکە بەدەست ڤایرۆسی کۆرۆناوەو لەسەرەتای تشرینی دووەمدا، لەنێو ئەو وڵاتانەدا بوو کەزۆرترین خەڵکیان لێدەمرد.

رژێمی ئێران هەر لەسەرەتاوە رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە بەهۆی خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەجۆرێک چاودێران بەخاوی لەوەڵامدانەوەدا تۆمەتباری دەکەن.

هەروەها تۆمەتباری دەکەن بەبەڕێوبەرێتییه‌کی ناکاراو نهێنیگه‌ری و درۆ، دەڵێن هەوڵیداوە رادەی پەتاکە بشارێتەوە و شکستیهێناوە لەهەنگاوی بەرپێگرانە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ئێرانی.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار