ئایا لەساڵی تازەدا ڤاکسینی گۆڕانی کەش وهەوا دروست دەکرێ ؟

3 هەفتە لەمەوپێش



حسێن محمود

ساڵی 2021 ساڵی زاڵبونە بەسەر گەورەترین کارەساتی تەندروستی لەچاخی نوێدا ئەویش کۆرۆنایە .ئەمەش بەبەرهەم هێنانی ڤاکسینێک لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی ئەمریکی و ئەوروپی .کۆرۆنا ئاڵنگاریەک بو بۆ مرۆڤایەتی و هەزاران کەسی کردە قوربانی. یەکێکی دیکە لەو مەترسیانەی ڕوبەڕوی جیهان بۆتەوەو کێشەو گرفتێکی گەورەشە بریتیە لە گۆڕانی ئاوو هەوا (climate change) . ئەم پرسە لەبەرئەوەی کاریگەریەکانی خێرا دەرناکەون بۆیە کەمتر هەست بە مەترسیەکانی دەکرێ . قەتیس بونی گەرمی  (global warming) کە یەکێکە لە دەرهاویشتەکانی گۆڕانی ئاوو هەوا هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە لەسەر جیهان و گۆی زەوی ڕوبەڕوی کارەساتی گەورە کردۆتەوە ، هۆکاری سەرەکی لەم نێوەدا بریتیە لە چالاکیە پیشەسازیەکان و زۆربونی گازە گەرمی پارێزەکان لەبەرگە هەوادا بەتایبەتی گازی دوانە ئۆکسیدی کاربۆن کەڕۆڵی سەرەکی هەیە لە بەرزبونەوەی پلەکانی گەرمی گۆی زەوی .ساڵانە چەندین کۆنفرانس و کۆبونەوەی نێو دەوڵەتی ساز دەکرێ بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە هەستیارەو چۆنیەتی دانانی میکانیزمێک بۆ ڕوبەڕوبونەوەی . ساڵی 2015 کۆنگرەی پاریس بەسترا کە تایبەت بوو بە مەترسیەکانی گۆڕانی ئاوو هەواو تیایداسەرانی زۆرێک لەوڵاتان ئامادە بون . هاوکات بڕیارە لە تشرینی یەکەمی2021  دا کۆنگرەیەکی تری هاوشێوە لە گلاسکۆ ببەسترێ .لەم چوارچێوەیەدا (بۆریس جۆنسن) سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پێشبینی دەکا ساڵی 2021  ساڵی وەرچەرخان بێت لەچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەش و هەوادا، چونکە بەهاتنە سەرکاری جۆبایدن چاوەڕێ دەکرێ ئەمریکا هەنگاوی جدی بنێ لەم بوارەدا. پێشتر دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کەئەمریکا لە ڕێکەوتننامەی پاریس کشاوەتەوە ، ئەمەش زەبرێکی گەورەی لەڕێکەوتننامەکەدا.

یەکێک لەبەندەکانی ڕێکەوتننامەی پاریس ئەوەبوو کە دەبێ لەساڵانی 2020- 2030 وڵاتە گەورەکان ساڵانە بڕی 100ملیار دۆلار بدەن بە وڵاتە تازە گەشەکردووەکان ، بۆ کەم کردنەوەی بڵاوبونەوەی گازە گەرمی پارێزەکان .

جۆ بایدن لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا بەڵێنی داوە کە لێبڕاوانە کار بکات لەم بوارەدا ، بۆ ئەم مەبەستەش بەڵێنی داوە سەدان ملیۆن دۆلار تەرخان بکات بۆ دروست کردنی خانوی دابڕی گەرمی ( العزل الحراری ) لەپێناو کەم کردنەوەی بەکارهێنانی ووزە ، هەروەها بۆ دروست کردنی  ووزەی نوێ بۆوە لەبری وزەی لە زەوی دەرهێنراو.

بەپێی ڕێکەوتنامەکانی بواری پاراستنی ژینگە بڕیارە ساڵی 2050  ساڵی سفری کاربۆنی بێت (no carbon) ، چاوەڕوانیش دەکرێ تا ساڵی 2035 زۆربەی کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل دەست بەرداری گازو بەنزین ببن.

هەموو ئەو ڕێیوشوێنانە پابەستی تێرمێکی نوێن لە ئابوریدا کە پێی دەوترێ ئابوری سەوز (green economy)

ئامانجی ئابوری سەوز سنوردانانە بۆ مەترسیە ژینگەیی یەکان و دەستەبەرکردنی پەرەپێدانی بەردەوام بێ ئەوەی زیان بە ژینگە بگەیەنێت ، هەرەوەها پەیوەندیەکی پتەویشی هەیە بە ئابوری ژینگەیی و لەڕوی سیاسیشەوە بەهێزترە . بەرنامەی کاروباری ژینگەی سەربەنەتەوە یەکگرتوەکان UNEP دەڵێت ئابوری سەوز دەبێتە هۆی باشترکردنی خۆشگوزەرانی مرۆیی ویژدانی کۆمەڵایەتی .

لێرەوە چەمکێکی نوێ دێتە ئاراوە ئەویش چەمکی دادی کەش و هەوایی یە (العدالة المناخية) بەپێی ئەم تێڕوانینە چەمکی قەتیس بونی گەرمی ئەوەندەی کێشەیەکی سیاسی و ئەخلاقیە ، ئەوەندە کێشەیەکی ژینگەیی وسروشتی نیە .واتا قەتیس بونی گەرمی بەرئەنجامی سیاسەتی دژی ژینگەیی یە کەلەلایەن سەرمایەداری و کۆمپانیا زەبەللاحەکانەوە پیادەدەکرێ.

وەڵامی ئەو پرسیارەش کە ئاخۆ ڤاکسینی دژی گۆڕانی کەش و هەوا لەئایندەدا بەرهەم دێت دەکەوێتە سەر سیاسەتی وڵاتە پیشەسازیەکان و کۆمپانیاکان .وەڵامی ئەم پرسیارە سیاسەت و ئابوری دەیداتەوە.

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار