٢٠٢٥ چ ساڵێک بوو؟

2 كاتژمێر لەمەوپێش



د سەردار عەزیز

٢٠٢٥ ساڵێکی ناوازەبوو. ساڵێک بوو کە تیایدا لە ئاستی سیستەم و بیر و هێزدا لە دونیادا وەرچەرخانی گەورە ڕویدا.
گەورەترین وەرچەرخان کۆتایی چیرۆکی ئەمریکا بوو. لە سەردەمانێکی زۆرەوە، ئەمریکا وەها خۆی دەبینێت کە ناوازە یان ئیکسێپشناڵە. بەڵام بەهاتنی ماگا یان ڕاستڕەوە توندڕەوەکانی ئەمریکا، ئەم چیرۆکە کۆتایی هات. ئەمە بە زەقی لە ستراتیژی ئیدارەی ترەمپدا نوسراوە.

ئیدارەی ترەمپ بە پێچەوانەی هەموو ئیدارەکانی پێشوو وەها دەبینینێت کە بونی ئەمریکا لە دونیادا، مایەی زیانە بۆ ئەمریکا. ئەم وەرچەرخانە سەرجەم وڵاتانی تری خستوەتە بەردەم بژاردەی سەخت. ئایا ئەمریکا چیدی کەس ناپارێزێت، چیدی بایەخ بە قەیرانەکانی دونیادا نادات، چیدی دۆستی کەس نیە، چیدی جێگای متمانە نیە. 

وەرچەرخانی ئەمریکا لە هەموو ئاستێکدایە. لە ئاستی فەلسەفی، سەردەمێکی زۆر  باوەڕ وەها بوو کە دەکرێت هەموو مرۆڤەکانی دونیا وەک یەک بن، بەرەو داهاتویەک بچن کە لەیەکەوە نزیک بنەوە.

ئەم دیدە، بەلای نوخبەی دەسەڵاتدارانی ئەمریکای ئێستاوە، مایەی نیگەرانییە. بە پشت بەستن بە دیدی خەڵکانی وەک ڕێنێ جێرارد، هەندێک ڕاڤەی تایبەتی لیو شتراوس، نوخبەی ئێستای ئەمریکا بڕوای وەهایە کە یەکسانبونی مرۆڤەکان مایەی قەیرانە، بۆیە دەبێت ڕێگریی بکرێت لە یەکسان بونی مرۆڤەکان.

ئەم دیدە نوێ نیە. هەزاران ساڵە مرۆڤەکان بە زۆری خۆیان بە باڵاتر دەزانن لە ئەوانیتر و لە ئەنجامدا نامرۆڤانە مامەڵەی ئەوانیتر دەکەن. ئایا دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی پلەبەندی مرۆڤەکان؟

لە ئاستی ناوچەکەدا، هەڵکشانی کەنداو وەک مۆدێل و هێز، ڕوداوێکی گەورەیە. ئەم ڕوداوە بە هێند وەرناگیرێت، بەڵام کاریگەری کوشندەی هەیە لە سەر ناوچەکە، نەک هەر بەوەی لە سوریا و یەمەن و سودان ڕودەدات بەڵکو زۆر ڕەهەندی تر. کەنداو نزیکە لە مۆدێلی فاشیزمی ئەمریکییەوە بەوەی مرۆڤەکان پلەبەندن، کەسێک کەمترە لە کەسێکی تر. ئافرەت تەنها دیکۆرە. تەنها بەهایەک مرۆڤ هەیبێت پارەیە، نەک عەقڵ یان ئەخلاق، یان هونەر یان فیکر.

کەنداوییەکان شکستپێهێنەری بەهاری عەرەبی بوون، هەروەها ئەزمونی دیموکراسی ئەمریکی لە عێراق. ئەوان کەسێکی وەک ئەحمەد شەرعیان پێ باشە. 
دیارە هاتنی ئەحمەد شەرع وەک ڕوداوی گەورەی ساڵی ڕابوردووبوو. گەرچی شەرع لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٤دا هات، بەڵام لە درێژایی ساڵی ڕابوردودا جێ پێی قایم کرد.
شەرع ئەو ناوەندەیە کە نە بەتەواوی جیهادییە نە دیموکراسخواز. ئەو کەسەیە کە چیدی نایەوێت جیهادی بێت، بەڵام ناتوانێت دیموکراسیش بێت. دیموکراسی بە مانای فەلسەفییەکەی بەوەی خەڵک سەرچاوەی شەرعیەتەو حوکمداری لە پێناو خەڵکدایە و خەڵک بڕیاردەرە لە باش و خراپ.

شەرع مایەی بە سوننی بونەوەی دیمەشقە.  ئەمە تەنها وەرچەرخانێکی تایفیی نیە، بەڵکو جیوپۆلەتیکیشە. دژە پرۆژەیەکە، کە دەیخواست ناوچەکە بە شێوازێکی جیاوازبێت. هۆکاری سەرەکی پشتگیرییکردنی شەرع لەوەدایە کە ناتوانێت یان بە تەواوی دژ بە پرۆژەی ئێرانییە. ئەم دژایەتییە دینییە کە دەبێتە بنەمای جیوپۆلتیک تێکەڵکردنی یان بەکارهێنانی دینە بۆ مەبەستی جیوپۆلەتیک. بەمجۆرە ئەوانەی لە پشت پرۆژەکەوەن دڵنیاییەکیان بۆ دروست دەبێت بەرامبەر پرۆژەی ئێرانی.

ئەم وەرچەرخانە لە دیمەشق مایەی ترسێکی گەورەیە لە بەغدا. پرۆژەی بەغدا لە ناوەوە کلۆربوە. ئەوەی ڕایگرتوە پارەی بەردەوامی نەوتە. وەک نەخۆشێک وەهایە لە سەر ئامێر بژی. بەڵام بە کەمبونی پارەکە نامرێت، بەڵکو شێوازی دەگۆڕێت. تازە جارێکی تر ناتوانرێت  زۆرینەیەکی شیعە لە عێراقدا لە دەسەڵات دوور بخرێنەوە. 

وەک چۆن لە سوریاش ناتوانرێت زۆرینەی سوننە دوور بخرێتەوە. بەلام لە هەمانکاتدا ئەم دوو زۆرینەیە، ناتوانن دەسەڵاتی خۆیان بە سەر پانتایی وڵاتدا بسەپێنن. هەروەها هەردوکیان، پرۆژەی دەرەکین. وەک چۆن زۆرینەی شیعە لە شەرعیەت بەتاڵبوەتەوە، لە داهاتویەکی نزیکدا شەرعیش بەهەمانشێوە دەبێت. هەر دەسەڵاتێک لە شەرعیەت بەتاڵبوەوە هەر زوو پەنا دەباتە بەر توندوتیژی یان ڕازیکردنی مادیی ئەگەر بۆی بکرێت.

لە کوردستان ساڵی ڕابوردوو دەتوانین بڵێین ساڵی مردن بوو. مردنی ئۆپۆزسیون. مردنی سیاسەت. مردنی کەلتور و ڕۆشنبیریی و بەهاکان. ئێستا ئاسۆکان تاریکن بەڵام ئیرادەی سیاسی نەماوە.
لە داهاتودا ذەێمەوە سەر ئەم بابەتەی کە چۆن کۆمەڵگای کوردی دادەڕمێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار