ئاهەنگێكی بە كۆمەڵ لە ئاسایش

2 كاتژمێر لەمەوپێش



رەحمان غەریب

بەشێك لەوانەی كە لەناو دەزگای ئەمنی بەهۆی نووسین لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و بەشداری ناڕەزایەتییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ كاتژمێرێك یان زیاتر دەستبەسەر كراون، دەگێڕنەوە كە لێكۆڵەری بێ ئەزموون و نەشارەزا لە پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ، خەیاڵی تەنها لای مۆبایلی دەستگیركراوانە، سەرەتای قسەكانی بریتییە لە: ئادەی مۆبایلەكەتم بدەرێ، ئەوە ئەگەر لەكاتی دەستگیركردنەكە ئاسایش بە شەق زەوتی نەكردبێت.

وای لێهاتووە ئاسانترین و خێراترین ڕێگاكانی كۆكردنەوەی بەڵگە لەسەر كەسێك كە بۆ ئاوی خواردنەوە، بۆ شەقامێكی تەخت، یان بۆ موچەیەكی دزراو، ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، یان بۆ دەرفەتی كاری یەكسان، یان كەرامەتی شكێنراوی، شەقامەكە بەڕووی هاتوچۆ دادەخات، كە دەبرێنە دەزگای ئەمنی، خەیاڵی بەشێك لە لێكۆڵەری تەمبەڵ لای مۆبایلی ئەو بەدبەختانەیە، تا لە رێی پشكنینیەوە مەترسییەكانی سەر ئاسایشی نەتەوەییمان بزانێت!

پاساوی ئەم رەفتارەیان كۆكردنەوەی زانیاری نییە لەسەر چیرۆكی ناتەواوی ئاسایشی نەتەوەیی، كە هەر بنكەیەكی ئاسایشی ئەم وڵاتە جۆرێك گێڕانەوەو خوێندنەوەی بۆ دەكات و هەر بنكەیەكی ئاسایش جۆرێك حیكایەتخوانی تیایە، بەڵكو بۆ زانینی وشەی نهێنی (پاسۆرد)ی مۆبایلی دەستبەسەركراوانە كە بە بێ ئەوە گێڕانەوەكەیان ناتەواوە.

دەستبەسەركراون ئەندامی تۆڕی مافیای دەرمانی بەسەرچوو، یان مافیای ماددەی هۆشبەر یان بازرگانی كردن بەمرۆڤەوە نەبوون، چالاكوانان و بەشداربووانی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستانن، رۆژنامەنووسان و رەخنەگرانن، كە دەستگیردەكرێن لە دامەزراوەی ئەمنییدا، مۆبایلەكانیان زەوتدەكرێت و پاسوۆردیان لێ وەردەگیرێت، ئیتر دەبێتە ئاهەنگێكی بە كۆمەڵ بۆ شكاندنی مافی پاراستنی نهێنی.

تا بەیانی هاوار بكە، "جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، گەرەنتی پاراستنی تایبەتمەندی دەكات و مۆبایلەكانیشمان بەشێكە لە ژیانی تایبەتی"، ئەو مۆبایلەكەت لێوەردەگرێت لە پشتی مۆبایلەكە ناوی سیانی و پاسوۆردەكە دەنوسێت، بێ ئەوەی فەرمانی نووسراوی دادوەرت پیشان بدرێت. كام وێنەیە كام ڤیدۆیە لە مۆبایلكەی دەرهاتووە نازانرێت، بەڵام هەندێكیان لەكاتی لێكۆڵینەوەدا لە دژییان بەكارهاتووەتەوە.

ئینجا ئەندامانی پارتی و یەكێتی ئەوانەی وەك خەمخۆری كوردایەتی و مافی مرۆڤ خۆیان نمایش دەكەن، هەر دامەزراوەی بیركردنەوەو مەعریفەتیان، تا مەكتەبەكانی میدیا و رێكخراوی جەماوەری و دیموكراتییەكانیان، بۆ رازی و ناڕازییان: ئەرێ جیاوازی ئەم رەفتارە و سانسۆری عەریفێكی دایرەی ئەمنی بەعس چییە؟

تەنها زەمان گۆڕاوە لە سانسۆری تەلەفونی ئەرزی، بۆ تەلەفونی دەستی، ئەو بە نهێنی سانسۆری لەسەر تەلەفونی ماڵان دادەنا، ئێستا بە ئاشكرا ئەم مۆبایل دەپشكنێت.

پشكنینی مۆبایلەكان، كە فەرمانی دادوەری هەبێت زۆر دەگمەنە، ئەوەی بەربڵاوە، لە دەستی دادوەرەوە كەوتووەتە دەستی ئەوانی تر. كاتی ئەوە هاتووە وەك خەمێكی گشتی و شكاندنی ماف و تایبەتمەندی هاووڵاتی كوردستان تەماشای بكەین و ئەم فەرهەنگە بگۆڕین.

رەنگە ئەمجارەیان ئاسایشێك بە تۆ بڵێت: ئادەی خێرا مۆبایل و پاسوۆردەكەت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار