گورگە بۆرەکان لەناو پەرلەمانی عێراق

رێکخراوێکی نەژادپەرستی تورک کە لەئــەوروپا قـــــەدەغـــــــەکراون لەناو دامودەزگا فەرمییەکانی عێراق دەردەکەون

4 ساڵ لەمەوپێش



 

   سامان مەجید

سەرۆکی بەرەی تورکمانی و سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لەپەرلەمانی عێراق،  لەناو هێزەکانی حەشدی تورکمانی هێمای «گورگە بۆرەکان» بەرز دەکاتەوە کەگروپێکی نەژادپەرستی توندڕەوی تورکن. ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا خولیسی ئاکار بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.

گروپی نەتەوەپەرستی توندڕەوی گورگە بۆرەکان، لەشەستەکانی رابردو وەک گروپێکی فاشیزم و نازی نوێ لەتورکیا دامەزرا، لەحەفتاکاندا چەندین کردەوەی تیرۆریستیی لەتورکیا ئەنجامداو دوای ئەوەش روویکردە دژایەتی کوردو تیرۆری چالاکوانانی کورد لەباکوری کوردستان، گرووپەکە لەچەندین وڵات قەدەغەکراوە.

گورگەکان سەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤ

ئەرشەد ساڵحی جگە لەوەی سەرۆکی بەرەی تورکمانیە، هاوکات سەرۆکی لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لەپەرلەمانی عێراقە، ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی یاساکان ئەرکی لیژنەی مافی مرۆڤ بەگریی کردنە لەیاساکانی تایبەت بەمافی مرۆڤ، نەک زیندووکردنەوەی بیری نەتەوەپەرستی.

ناوبراو هەفتەی رابردوو سەردانی هێزەکانی حەشدی تورکمانی کرد  لەگوندی بڵاوەی سەر بەشارەدێی یایچی تورکمان نشین، ساڵحی لەگەڵ ئەو هێزانەدا بەپەنجەکانی هێمای نەتەوەپەرستی گورگە بۆرەکانی بەرزکردەوە،  ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ سەردانەکەی وەزیری بەرگریی تورکیا خولیسی ئاکار بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق.

گروپی گورکە بۆرەکان باوەڕیان بەسەردەستیی نەژادی تورکەو هەوڵیان ئەوەیە هەموو تورکەکان لەژێر یەک ئاڵاو لەناو یەک وڵات رێکبخەن، لەم چوارچێوەیەشدا دەستیانکردووە بەدژایەتیکردنی کوردو یۆنانی و ئەرمەنی و نەتەوەکانی دیکە.

لەتایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ئەم گروپە توندڕەوەیە، کە جگە لەجوگرافیای تورکیا لەئەوروپاش رێکخستنیان هەیەو تائێستا چەندین کردەوەو هێرشیان دژی نەتەوە جیاوازەکان لەئەوروپا ئەنجامداوە، هەربۆیە لەچەند وڵاتێک هەوڵی قەدەغە کردنیان دەدەن و لەفەرەنساش هەموو جوڵەکانیان قەدەغە کراوە.

ساڵحی لەکاتی بەسەرکردنەوەی هێزەکانی حەشدی تورکمانی وتبووی، سەربازە تورکمانەکان گەلی تورکمان لەهێرشی داعش و لایەنە کوردییەکان دەپارێزن،  ئەوەش لەکاتێکدایە کەسەرۆکی لیژنەی مافی مرۆڤەو ئەو هەڵسوکەوت و قسانە بەپێی یاسا رێگەپێدراو نیە.

گورگە بۆرەکان کێن؟

گورگە بۆرەکان کەمافیایەکی راستڕەون و لەلایەن هەواڵگریی تورکیاوە هاندەدرێن و پشتیوانی دەکرێن، دەزگا ئاسایشە نێودەوڵەتییەکان فایلی ئەو مافیا توندڕەوەیان هەڵداوەتەوە، کە لەناوەڕاستی دەیەی ١٩٦٠دا لەتورکیا دامەزراوە.

گورگە بۆرەکان لەچەند وڵاتێکی ئەوروپیدا چالاکییان هەیە، بەڵام بەهۆی کاری توندڕەوانە لەهەندێک وڵات داخراون، کۆتایی ساڵی رابردوو لەفەرەنسا قەدەغە کران بەهۆی بەشداربوونیان لەهێرشەکانی ئەم دواییە دژ بەنەتەوەی ئەرمەن لەفەرەنسا، کە زیاتر جێ پەنجە و رۆڵی هەواڵگریی تورکیای لەچالاکیی کاربەدەستانی ئەو رێکخراوە مافیاگەرییەدا ئاشکراکرد.

ئەم مافیا ناسیۆنالیستییە لەدەیەی ١٩٩٠ دەستیکرد بەبەشداریی چالاکانە لەشەڕی تورکیا دژی بزوتنەوەی سیاسیی کورد، ئەمەش پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەت زیاتر ئاڵۆز کرد.

هەروەها گروپەکە سەرکەوتووبوون لەکۆنترۆڵکردنی تەواوی رێگای دەرمان لەئەفغانستانەوە بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا.

سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی نەتەوەیی تورکیا مەهمەت ئیمۆر ئاشکرایکرد، گورگە بۆرەکان لەدژی سوپای نهێنی ئەرمەنی تورکیا، پەکەکە و چەپی شۆڕشگێڕی مارکسیست بەکارهێنراون.

ئیمۆر لەدانپێدانانەکانیدا وتبووی، ئەو چالاکییانە بەکەسانی ئاسایی ئەنجام نادرێن، تورکیا پێویستی بەو پیاوانە هەیە، کەدەتوانن شتەکان بشکێنن.

لەئێستادا لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا، ئاسایشی نێودەوڵەتی کار بۆ هەڵدانەوەی دۆسیەی ئەم گروپە مافیایە دەکات.

قەدەغەکردنی گورگە بۆرەکان لەفەڕەنسا

دوای کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان ئەرمینیاو ئازەربایجان و هەڕەشەی گورگە بۆرەکان لەسەر ئەرمەنەکانی فەڕەنسا، حکومەتی فەرەنسا بەفەرمی بڕیاریدا بەقەدەغەکردنی «گورگە بۆرەکان» لەوڵاتەکەی، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کەئەم گروپە هێرش و گوشارەکانیان بۆ سەر ئەرمەنەکانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە چڕکردبووەوە.

حکومەتی فەرەنسا «گورگە بۆرەکان»ی بەوە تۆمەتبار کرد کە «سەرچاوەی کردەوەی تووندوتیژی و بڵاوکردنەوەی رق و کینەن» لەو وڵاتە.

گابرێل ئاتال، وتەبێژی حکومەتی فەرەنسا رایگەیاند، قەدەغەکردنی گروپی گورگە بۆرەکان کە بەباڵی سەربازیی حزبی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی تورکیا - مەهەپە ناسراون، لەمیانی کۆبوونەوەیەکی هەفتانەی کابینەی حکومەتی فەرەنسا بووە لەمانگی ١١ی ٢٠٢٠.

حکومەتی فەرەنسا ئەو گروپە تورکییە بە «زۆر تووندوتیژ، بڵاوکردنەوەی هەڕەشەی تووندوتیژی» تۆمەتبار کردو وتی «رق و کینە دژی دەسەڵاتداران و ئەرمەنییەکان دەوروژێنن».

قەدەغەکردنی گروپەکە لەکاتێکدابوو کە گرژییەکانی نێوان ماکرۆن و ئەردۆغان لەهەڵکشاندا بوون و لەوکاتەدا گەیشتنە لووتکە، دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا وتی «ئیمانوێل ماکرۆن پێویستی بەچارەسەری دەروونییە»، ئەردۆغان لەوکاتەدا خۆی وەکو  بەرگریکردن لەئیسلام پیشاندا.

ئەو رێگری و قەدەغەیەی فەڕەنسا دژ بەگورگە بۆرەکان، حکومەتەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغانی توڕە کرد، هەربۆیە وڵاتانی دیکەی بۆ چالاکی ئەو گروپە دیاریکرد.

دواتر پارتەکانی سەوزی ئەڵمانیا، پارتی چەپی ئەڵمانیا و ئاڵتەرناتیڤی ئەڵمانیا داوایان کرد لەئەڵمانیا رێوشوێنی پێویستی هاوشێوەی فەڕەنسا دژ بەجوڵەی گورگە بۆرەکان بگیرێتە بەر، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەنقەرە سەلماندی کە دەستبەرداری رەوەندی تورکی نابێت لەئەوروپا لەپێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی، هەروەها سەرۆکی تورکیا تۆڕێکی هەواڵگریی گەورە لەئەوروپا لەدەوری کۆبوونەوەی مزگەوت و ناسیۆلیستەکان بەڕێوە دەبات.

گورگە بۆرەکان لەئەڵمانیا

لەئەڵمانیا گوشاری سەر ئەرمەنەکان لەلایەن رێکخراوی «گورگە بۆرەکان» کە رێکخراوی لاوانی سەر بەپارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپەن لەتورکیا لەپایزی رابردوودا دەستیپێکرد بەهۆی هێرشیان بۆسەر ئەرمەنەکان لەسەروبەندی شەڕی ئەرمینیاو ئازەربایجان.

هەرچەندە شەڕی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەناگۆرۆنۆ قەرەباخ کۆتاییهات، بەڵام هەڕەشە و گوشارەکانی سەر ئەرمەنەکان لەئەڵمانیا بەردەوام بوون، گورگە بۆرەکان نامەی هەڕەشەئامێزیان لەبەردەگای ماڵی ئەرمەنەکانی نیشتەجێی ئەڵمانیا دادەنا.

لەو نامەیەدا کە بەزمانەکانی تورکی و ئەڵمانی لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە نووسرابوو «گورگە بۆرەکان بەدواتانەوەن، منداڵە قێزەوەنەکانی ئەرمینیا، هەمووتان دەدۆزینەوە، منداڵەکانتان بەرلەوەی لەگۆڕەکانی خۆیاندا بنێژرێن، دێنە سەر گۆڕەکانتان، پشتگیری لەبرا ئازەرییەکانمان دەکەین و رێگە نادەین سەگە ئەرمەنە کافرەکان لەئەڵمانیا بەئاسوودەیی بژین، ئێوە دەناسین و دەزانین منداڵەکانتان بەشەوو رۆژ لەکوێن، گورگە بۆرەکان لەپشتەملتانن».

لەئەڵمانیا کار بۆ قەدەغەکردنی بزوتنەوەی ئولکوجو دەکرێ کە بە ‹گورگە بۆرەکان› ناسراون، پارتی چەپی ئەڵمانیا دەڵێ پێویستە ئەم رێکخراوە دابخرێت.

مانگی ١١ی ساڵی رابردوو جەم ئۆزدەمیر پەرلەمانتاری پارتی سەوزی ئەڵمانیا کە بە رەچەلەک کوردە لەدیمانەیەکیدا لەگەڵ رۆژنامەیەکی ئەڵمانی ئاماژەی بەوەدا، دەستیانکردووە بەدیدار لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی بەشدار لەحکومەتدا بۆ گەیشتن بەدەستپێشخەرییەکی هاوبەش بۆ قەدەغەکردنی ئەو رێکخراوە لەئەڵمانیا.  

فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی ئولکوجوی تورکی دیموکرات کەگەورەترین دامەزراوەی گورگە بۆرەکانن لەئەڵمانیا لە 18ی حوزەیرانی 1978  لەشاری فرانکفورتی ئەڵمانیا دامەرزاوەو بەهەزاران ئەندامی هەیە.

 پەرلەمانتاری بەڕەچەڵەک کورد ”سێڤم داگدێلین”، رایگەیاند گورگە بۆرەکان لەئەڵمانیا بەناوی فیدراسیۆنی کۆمەڵەکانی دیموکراتی نمونەیی تورکەوە کاردەکەن و زیاتر لەحەوت هەزار ئەندامیان هەیە.

هەروەها کەناڵی دۆیچە وێلای ئەڵمانی بڵاویکردووەتەوە، گورگە بۆرەکان رق و کینە بڵاودەکەنەوە، هەڕەشە لەهاووڵاتیان دەکەن و هانی توندوتیژیی دەدەن، ئەلێکساندەر گاولاند سەرۆکی پارتی راستڕەوی ئەڵمانیا  وادەڵێت.

هەوڵی پێکەوەلکاندنی هەردوو ناسنامەی تورک و ئاینی ئیسلام

هەڵای تێکەڵکردن و پێکەوەلکاندنی ناسنامەی تورکی و ئاینی ئیسلام زۆر زیاتر بەو رێکخراوەوە دیارە و زۆر بەفراوانی کاری لەسەر ئەکرێت، کە ئەوەش بەخیتابی رێکخراوەکەوە زۆر بەڕوونی دەبینرێ، ئیسلام بەکاردەهێنن بۆ راکێشانی سۆزی موسوڵمانانی نەیەوەکانی تر،  ئەگەرنا دەست لەهیچ مرۆڤێ ناپارێزن کەتورک نەبێ، هەر لەڕێی ئیسلامەوە بەئاسانی کورد دەکەوێتە تەڵەکانیانەوە.

کوردیان بەدوژمنی سەرەکی و سەرسەخت و خەتەری سەرخۆیان و بوون و نەبوونی تورک گرێداوە، نەمان و نەهێشتن و توانەوەی کورد کاری لەپێشینەی ئەم رێکخراوەیە، ئەمە وێڕای دژایەتی کردنی نەتەوەکانی تری وەک ئەرمەن، عەرەب، یۆنان، بوڵگارییەکان، ئەلبانیەکان و ئاینەکانی تری وەک مەسیح و جولەکە و بوزییەکان.

لەگەڵ ئەوەی کە پێشتر بەڕێکخراوێکی تورندڕەوو ڕادیکاڵ ناسێنراو بوو بەهۆی کردەوە خراپەکانیانەوە لەساڵانی هەشتاکاندا، بەڵام ئەردۆغان جارێکی تر گورگە بۆرەکانی زیندوو کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی کورد.

ئاڵای گورگە بۆرەکان یان یەکیینەکانی مردن کە تەختێکی سوری هەیە سێ کەوانەی نیوە مانگی سپی «مانگ»ی  لەسەر کێشراوە، بەپێی باوەڕی خۆیان دەگەڕێتەوە بۆ بڵاوبوونەوەی تورک لەهەرسێ کیشوەری ئاسیا، ئەفریقاو ئەوروپا .

لەکۆڕو کۆبوونەوەو دەرکەوتنەکانیاندا  دەستی راستیان بەرز دەکەنەوە وەک هێمایەکی شەیتانی،  هەردوو پەنجە تووتە و دۆشاو مژە راست بۆسەرەوە لەشێوەی گوێچکەکانی گورگ بەرزدەکەنەوەو ئنجا هەرسێ پەنجەکەی تریان لەشێوەی سەری گورگ پێکەوە دەلکێنن و بۆ پێشەوە درێژی دەکەن، کەئەمە بێچگە لەپیشاندانی سەری گورگ بەڵکو مەبەستێکی شاراوەی تریشی لەپاڵدایە، واتە لەهەر شوێنێک تورکی لێبێ بۆی ئەچن وەک ئاماژەیەک بۆ هەرسێ نیوە کەوانە یان نیو مانگ «هلال»ی سەر ئاڵا سورەکەیان کە مەبەست لێی «ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا»یە.

هەڵبژاردنی ناوی گورگ

چیرۆکی هەڵبژاردنی گورگ وەک ناوو ناونیشان بۆ رێکخراوەکە دەگەڕێتەوە بۆ ئەفسانەیەک کەتورکەکان باوەڕیان پێیەتی و بڵاوە لەناوەڕاستی کیشوەری ئاسیادا کە گوایە گورگێکی مێینە کە ناوی «ئەسینا»بووە کەڕێبەری تورکەکانی کردووە لەڕووباری «ئەرجەنیکۆن»وە، پاش ئەوەی کەچوار سەدە لەوێ ماونەتەوە دوای ئەوەی کە لەجەنگدا دۆڕاون، کەهەر ئەم ئەفسانەیەش بنچینەیە بۆ دەرکەوتن و دروستبوونی هەردوو نەتەوەی مەنگۆلی و تورک.

گورگە بۆرەکان باوەڕیان وایە یان راستر ئەوەیە کەبڵێین وا پەروەردە دەکرێن و باوەڕیان پێدەهێنرێ کەهەموو ئەو زەوییانەی دەکەوێتە نێوان بەلقان و ئاسیای ناوەڕاست موڵکی خۆیانە و خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ تورک، کاری ئەمانە هەر فرسەتێک بێتە پێشەوە بیگێڕنەوە بۆخۆیان، هەر ئەمەشە وای کردووە کەتورک پێبخاتە خاکی هەر وڵاتێکی ترەوە هەرگیز بەئارەزوومەندانە و بەئاشتی لێی ناکشێتەوە نموونەی وڵاتی قوبرس کە لە ٢٠ی مانگی شەشی ساڵی ١٩٧٤ نیوەی خاکی ئەو وڵاتەی داگیرکردووەو تا ئێستاش چۆڵی نەکردووە.

تاساڵی ١٩٨٣ باکوری قوبرس کە لەلایەن تورکیاوە داگیرکراوە، کۆماری باکوری قوبرسی تورکی راگەیاند کەتاکە وڵات تەنها تورکیایە کە دانی پیاداناوە،  ساڵی ١٩٧٤ تورکیا لەژێر ناوی گەڕانەوەی حوکمی دەستور چووە ناو قوبرسەوە،  پاشان دەرکەوت کە مەبەست لێی داگیرکردنی ئەو وڵاتەیەو کردنێتی بەبەشێک لەو خەیاڵەی گورگە بۆرەکان کاری بۆدەکەن، کە ئەویش هەموو خاکی نێوان بەلقان و تورکستانی رۆژهەڵات خاوەندارێتی بۆ تورک دەگەڕێتەوە!

گورگە بۆرەکان هەموو دانوستانێکی سیاسی و ناسیاسی لەگەڵ کورددا رەت دەکاتەوە، تاکە چارەسەر بۆ کێشەی کورد لەلای ئەوان نەمان و بوونی کوردە کەوەک خۆیان ئەڵێن (باشترین کورد ئەوەیە مردوە) واتە هیچ کوردێک باش نیە تاڕێبکەوی لەگەڵیدا و کاتێ کۆتایی بەکێشەی کورد دێت کە وەک نەتەوە بوونی نەمێنێ.

ئەو کردەوە خوێناویانەی کەگورگە بۆرەکان ئەنجامیان داوە

هێرش کردنەسەر بیرمەندو لیبراڵ، رۆشنبران و چەپەکانی تورکیا بوو لەگۆڕەپانی تەقسیم لەئەستەمبوڵ کە بە « ١ی پێنچی خوێناوی» لەئەستەمبوڵ ناسراوە لە ١-٥-١٩٧٧ ئەنجامدرا، کە بووە هۆی کوشتنی (٤١) کەس، پاش ئەوەی کە ئەو کارەیان بۆ چووەسەر ئیتر پاش ساڵێک لەو  قەسابخانەیە هێرشیان کردەسەر «عەلەوییەکان» سەدانیان لێکوشتن کە بە «قەسابخانەی مەرعەش»  «مژبحه مرعش» ناسراوە لەساڵی  ١٩٧٨.

پاشان هەوڵدان بۆ تیرۆر کردنی پاپای فاتیکان «یوحەنا پۆلسی دووەم» ساڵی ١٩٨١ لەڕێی یەکێک لەئەندامەکانی گورگە بۆرەکانەوە بەناوی «محەمەد عەلی ئاغا».

دواتر ٢٨ی ٧ی ساڵی  ١٩٨٨ هەوڵی تیرۆرکردنی «تورگۆت ئۆزال»یاندا کە بەدامەزرێنەری تورکیای مۆدێرن دادەنرێ لەڕێی «کارتال دیمیراغ» ئەندامی گرووپی گورگە بۆرەکان،  بەڵام سەرکەتوو نەبوون، ئەمەش لەبەر دوو هۆکار: هۆکاری یەکەم و گرنگ نزیکبوونەوەی تۆرگۆت ئۆزال لەکورد و کارکردن بۆ چارەسەری کێشەکەی، کە ئەمەش لای تورکەکان کفرێکە و لێخۆشبوونی نیە.

هۆکاری دووەمیش سەردانی کردنی ئۆزال بوو بۆ یۆنان تاگرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان هێوربکاتەوەو پەیوەندییەکان ئاسایی بێتەوە.

ئیتر لەدوای ساڵەکانی ١٩٨٠وە گورگە بۆرەکان بوون بەنەیاری دەسەڵات، دوای ئەوەی کەبوون بەخاوەنی زیاتر لە (١٠٠) سەربازگەی راهێنان،  زیاتر لە هەزارو (٧٠٠) لق، کە زیاتر لە (٢٠٠) هەزار ئەندامیان هەبوو، ئیتر لێرە بەدواوە گورگە بۆرەکان بوون بەهێزی سەرەکی وڵات و دەسەڵاتدارو بەرپرس و  دەستیان کرد بەپشێوی نانەوەو تیرۆرکردن و توندوتیژی سیاسی لەتورکیا، تیرۆرو کوشتن و تەقەکردن لەسەر شەقامەکان بوو بەکارێکی ساناو ئاسان بۆیان.

لەسەرەتای نەوەدەکاندا حکومەتی تورکیا دەستپێشخەری کردو لەبری سزادانی گورگە بۆرەکان بانگی کردن و داوای لێکردن کەبەشداربن لەدژایەتی و شەڕکردن لەگەڵ کوردو پارتی کرێکارانی کوردستان «پەکەکە»، ئەو کارو مەبەستەی کەکاری سەرەکی و دڵخوازو ئامانجی هەموو تورکێکە بەتایبەتی گورگە بۆرەکان، ئیتر لەوەودوا ئەم گروپە بوون بەهاوکاری حکومەتە جیاجیاکانی تورکیا و ئەوانیش بۆ شەڕکردن لەگەڵ کورد بەکاریان دەهێنن.

ئەردۆغان و گورگە بۆرەکان

ئەگەرچی ئەم گروپە بەوە ناسراون سەر بەپارتی مەهەپەی نەژادپەرستن، سەرۆکی پارتەکەش چەندین جار هێمای ئەوانی بەرزکردۆتەوە لەکاتی وتەکانیدا، بەڵام لەهەمان کاتدا وێنەیەکی ئەردۆغانیش هەیە کە بەهەمان شێوە هێمای گورگە بۆرەکانی بەرزکردۆتەوە.

بەپێی کەناڵی دۆیچە وێلا لەکاتێکدا ئەردۆغان پێویستی بەگورگە بۆرەکان نەبوو لەوڵاتانی ئەوروپا، بەڵام کاتێک شەڕ لەنێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجاندا سەریهەڵدا، هەواڵگریی تورکیا پێویستی بەگروپێک بوو کە بۆ ماوەیەکی زۆر پشتی پێ ببەستێت.

دوای بڕیاری قەدەغەکردنی گروپەکە لەفەڕەنسا  وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رەخنەی توندی گرت لەبڕیارەکەی فەرەنسا، ئەوەش وەکو پشتگیریی ئاشکرای تورکیا لێکدرایەوە، کە  لەپشتیان وەستاوە.

ئەم رێکخراوە بەباڵی سەربازیی نافەرمی حزبی جوڵانەوەی نەتەوەپەرست یان بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا «مەهەپە»  کە «دەولەت باخچەلی» سەرۆکایەتی دەکات، کە لەئێستادا هاوپەیمانی پارتی دادو گەشەپێدانە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات.

لەمانگی شەشی ساڵی ٢٠١٦ کاتێک کەپەرلەمانی ئەڵمانیا جینۆسایدکردنی ئەرمەنەکانی لەسەر دەستی تورکەکان پەسەند کرد، بەشێکی زۆر لەو ئەندام پەرلەمانانەی کەپاڵپشتی ئەو بڕیارەی پەرلەمانیان کردبوو بەشێوەی جیاواز هەڕەشەیان لێکرا لەلایەن تورکە نەتەوەپەرست و لایەنگرانی ئەردۆغانەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی (١٢) ئەندام پەرلەمانی ئەڵمانیا لەژێر چاودێری پۆلیس بپارێزرێن.

ئیتر لەو کاتەوە ئەندامانی گروپی گورگە بۆرەکان و لایەنگرانی ئەردۆغان پێکەوە دەڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەهەر شتێک دڵخوازی ئەوان نەبێ، بەتایبەتی کارتێ هەوڵی ئینقلاب درا لە ٣١ی ٧ی ساڵی ٢٠١٦ دژی ئەردۆغان هەردوولایەن پێکەوە رژانە سەرشەقامەکانی ئەڵمانیا لەشاری کۆڵن لەڕۆژئاوای ئەو وڵاتە و ئیتر بێترس و شەرم ئاڵاو شیعارەکانی گورگە بۆرەکان بەرزکرانەوە .

پێشتر هەروەک چۆن ئەردۆغان پشتگیریی خۆی بۆ ئیخوانییەکانی میسر دەربڕی و چوار پەنجەکەی بەرزکردەوە، هەرواش پشتگیریی خۆی بۆ گورگە بۆرەکان دەربڕی و سێ پەنجەکەی ئەوانیشی بەرزکردەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار