ئێران زیندانێکی گەورەی جیهان

3 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتى

کۆماری ئیسلامی ئێران بەبیانوی جێبەجێکردنی یاساو شەرعی ئیسلامی یەکێکە لەو وڵاتانەی زیاترین سزای زیندانی بەسەر نەیاران و هاووڵاتیانی سەرپێچیکاری خۆیدا دەسەپێنێت و ئەمەش ئەو وڵاتەی کردووەتە هەشتەم زیندانی گەورەی جیهان و چوارەم زیندانی گەورەی وڵاتانی ئیسلامی.

ئامارە فەرمییەکانی ئێران دەریدەخەن کەساڵانە نزیکەی (650) هەزار کەس سزای زیندانیان بەسەردا دەسەپێنرێت و ئەگەر ئەو رێژەیە بەنێوەند وەربگیرێت ئەوا لە (42) ساڵی تەمەنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەسەر ئێراندا (27) ملیۆن کەس لەکۆی (84) ملیۆن هاووڵاتی بەتۆمەتی جیاواز لانی کەم بۆ جارێک زیندانیی کراون و لەئێستاشدا کەدۆخی ئابوریی ئەو وڵاتە لەقەیراندایە ژمارەی زیندانیانی روو لەبەرزبوونەوەیەو ئەمە وایکردووە تووێژەرانی کۆمەڵایەتی ئێران رایبگەیەنن هەر هاووڵاتییەکی ئێرانی لانی کەم دەبێت لەتەمەنی خۆیدا جارێک زیندانیی بکرێت و بەمەش ئێران دەبێتە زیندانێکی گەورە.

نەتەوەیەکگرتووەکان لەماوەی تەمەنی (42) ساڵی کۆماری ئیسلامی ئێراندا تەنها لە دوو ساڵدا بەیاننامەی لەدژی ئەو دەسەڵاتە بەهۆی پێشێلکارییەکانی لەبواری مافەکانی مرۆڤ و مافە مەدەنییەکان دەرنەکردووە، واتە لەماوەی (40) ساڵدا دەیان بەیاننامەو بڕیار لەدژی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دژی دەسەڵات و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەرکراوە.

بەپێی زایارییەکانی پێگەی ئەلیکترۆنی ناوەندی نێودەوڵەتی زیندانیانی جیهان (prisonstudies.org) لەساڵی (1980) لەئێران ژمارەی زیندانیان (10) هەزار زیندانیی بووەو دوای (13) ساڵ لەدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بەسەر ئێراندا ئەو ژمارەیە بۆ زیاتر لە (101) هەزار زیندانیی بەرز دەبێتەوەو لەساڵی (2001) دەگاتە (158) هەزار زیندانیی و لەساڵی (2018) بۆ زیاتر لە (240) هەزار زیندانیی بەرزدەبێتەوەو ژمارەکە بە بەردەوامی لەهەڵکشاندایە، بۆیە لەئێستادا ئێران بەپێی ئامارە فەرمییەکان هەشتەم وڵاتە لەجیهاندا کە زیاترین کەسی لەزیندانەکاندا هەیە .

بەرپرسانی ئێران رەتیدەکەنەوە پلەی وڵاتەکەیان لە رووی زۆری ژمارەی زیندانیان هەشتەمی جیهان بێت، بەڵام حاشا لەوە ناکەن کەچوارەم وڵاتی ئیسلامین کەزیاترین زندانیان هەیە.

زمان و زیندان لەئێران

پێگەی ئەلیکترۆنی ئەتڵەسی زیندانەکانی ئێران (united4iran.org) ئاشکرای کردووە بەپێی ئەوەی (60%)ی خەڵکی ئێران بەزمانی فارسی قسە دەکەن و بە رەچەڵەک بەفارس ئەژمار دەکرێن، دەبێت بەپێوەرە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان (60%)ی رێژەی کەسانی زیندانیکراون لەو وڵاتە لە رەچەڵەکی فارس بن، بەڵام لەئامارەکاندا دەردەکەوێت کەدوای رەچەڵەکی تورکمان، فارسەکان کەمترین کەسیان لەزیندانەکاندایەو لەبەرامبەردا زۆرترین ژمارەی زیندانیی کورد بەتۆمەتی جیاوازیی ئایینی و سیاسیی لەزیندانەکانی ئێراندان.

ئەو پێگەیە روونیکردووەتەوە کورد بەپلەی یەکەمی ژمارەی زیندانیکراوانی ئێران دێت لە رووی تۆمەتی سیاسی و ئایینەوەو فارس لەپلەی دووەمی تۆمەتی سیاسی و عەرەب لەپلەی سێیەم و بلوچ لەپلەی چوارەمی زیاترین زیندانیانی سیاسیی ئێراندا دێن.

هەروەها ئاشکرای کردوە لەماوەی (42) ساڵ حوکمڕانیی کۆماری ئیسلامیدا (541) دادوەری سەر بەدەزگای دادی ئەو دەسەڵاتە هەزاران کەسی سیاسیی و ئایینیی جیاوزایان لەئێران سزا داوەو رەوانەی زیندانەکانیان کردوون، زۆربەی زیندانیانی سیاسی بەتۆمەتی (هەوڵ و چالاکی لەدژی کۆماری ئیسلامی و ئاسایشی نیشتیمانی و جەنگ لەدژی حوکمی خوداو دروستکردنی گروپ و رێکخراوی نەیارو تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی و سیخوڕی) لە ئێران سزادراون.

هەر کەسێک لەئێران جارێک زیندان دەکرێت

ژمارەی دانیشتوانی ئێران زیاترە لە (84) ملیۆن کەس، کەساڵانە نزیکەی (650) هەزار کەس لەو وڵاتە بەتۆمەت و تاوانی جیاواز زیندانیی دەکرێن و رۆژنامەی ئاسیا کە رۆژنامەیەکی ئابوورییە و لەئێران چاپ و بڵاودەکرێتەوە بەناونیشانی  (ژمارەی زۆری زیندانیی لەئێران) نووسیویەتی: دۆخی ئابوریی و کەمبوونەوەی داهات ئاستی ژمارەی زیندانیانی لەئێران بەرزکردووەتەوەو بەپێی ئامارە رەسمییەکان بۆ هەر (100) هەزار کەس نزیکەی (290) کەس لەئێران زیندانیی دەکرێن و لەهەر ساڵێکدا نزیکەی (650) هەزار کەس لەدانیشتوانی ئێران بۆ ماوەی تەنانەت رۆژێکیش بێت زیندانیی دەکرێن، لەکاتێکدا توانای لەخۆگرتنی زیندانەکانی ئێران تەنها (88) هەزار کەسە.

رۆژنامەکە نووسیویەتی بەهۆی ئەوە ژمارەو سزای زیندانیکردن لەئێران زۆرە، پێدەچێت هەر هاووڵاتییەک تاکۆتایی ژیانی لەو وڵاتە بەلانی کەمەوە (24) سەعات زیندانیی بەربکەوێت.

ئێران وڵاتێک لەزیندان

ئێران کە لە(31) پارێزگا پێکدێت زیاتر لە (451) شارو شارۆچکە لەخۆدەگرێت و خاوەنی (268) زیندانی ئاشکرایە کە بۆ دوو شارۆچکە لەزیندانیک زیاتر دروستکراوەو نزیکەی چوار هەزار پاوانەی ئەلیکترۆنی بۆ زیندانیانی ئێران بەکار دەهێنرێن و بەرپرسانی زیندانەکانی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە ئەو ژمارەیە لەپاوانە کەمەو پێویستیان بە (40) هەزار پاوانەی ئەلیکترۆنی هەیە بەمەبەستی چاودێریی ئەو زیندانیانەی بەمەرج ئازاد دەکرێن یان سەرقاڵی کارکردنن لەدرەوەی زیندان.

لەو ژمارە زۆرەی زیندان لەئێران تەنها (108) زیندان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چاودێریی و بەڕێوەدەبرێن چونکە (51) زیندان سەر بەدەزگای هەواڵگریی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیتلاعات)ەو (29)زیندان لەژێر دەسەڵات و چاودێریی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندایە.

شەش زیندانی ئێران بەهۆی مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانیان لەلایەن ئەمەریکاوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە، کەبریتین لەزیندانی (قەرچەک، فەشافویە، عادل ئاباد، ئێوین، وەکیل ئاباد، ورمێ).

ئەگەرچی بەپێی یاساکانی ئێران نابێت هیچ تۆمەتبارێک لەژێر ئازارو ئەشکەنجەدا ناچار بەدانپێدانان بکرێت، بەڵام دەزگای دادی ئەو وڵاتە لێکدانەوەی خۆی بۆ ئەو یاسایە دەکات و جێبەجێکردنی ئازارو ئەشکەنجە بەبڕیاری دادوەری دۆسیەی تۆمەتبارەکان گرێ دەداتەوەو تائێستا بەهۆی جێبەجێکردنی ئەو شێوازە لەدانپێدانانی زۆرەملێ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان هۆشداریان داوەتە کۆماری ئیسلامی ئێران، بەڵام ئەو دەسەڵاتە تۆمەتی ئازارو ئەشکەنجەی رێکخراوو مەبەستداری لەئێران رەتکردووەتەوە.

زیندان بووەتە نەخۆشخانە

ئەسغەر جیهانگیر بەرپرسی پێشوی ناوەندی زیندانەکانی ئێران ئاشکرای کردووە لەساڵی (2020) نزیکەی (211) هەزار زیندانیی لەئێران هەبووە، کە لەو ژمارەیە دوو هەزار زیندانیی تووشی نەخۆشی ئایدز و حەوت هەزاریان تووشی ڤایرۆسی جگەر بوون کەهەردوو جۆری نەخۆشییەکە مەترسیدارەو پێویستیان بەپزیشک و پسپۆڕی چارەسەریی تایبەت هەیە، بەڵام تەنها (50) پزیشک بۆ ئەو نۆ هەزار نەخۆشە مەترسیدارە دابین کراوە.

کۆمارێکی بێبەزەیی

لەساڵی (1988) بەفەرمانی روحەڵڵا خومەینی، دامەزرێنەرو رێبەری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لەچوارهەزارو (482) زیندانیی کە بەتۆمەتی دژایەتی (کۆماری ئیسلامی) لەزیندانەکانی ئەو وڵاتە بوون، بەکۆمەڵ لەسێدارە دران و لەگۆڕی بەکۆمەڵ و نهێنیدا تەرمەکانیان شاردرایەوە.

جگە لەوەش رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بەدۆخی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی رایگەیاندووە؛ زیندانەکانی ئەو وڵاتە بێبەزەییانەو نامرۆڤانەیەو زۆربەی زیندانییەکان بێبەشن لە خزمەتگوزاریی تەندروستی و پاکوخاوێنی و جێگەی خەوتنی گونجاو.

ژمارەی ئاشکرای زیندانیان

بەپێی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتیی زیندانیانی جیهان نزیکەی (10) ملیۆن کەس لەجیهاندا زیندانیی کراون و ژمارەی زیندانیانی ساڵی (2014) لەئێران نزیکەی (225) هەزارو (290) بووە، کەدەکاتە بۆ هەر (100) هەزار کەس لەئێران (290) زیندانیی لەو وڵاتە. ژنان (3%)ی ئەو ژمارەیە لەزیندانیان پێکدێنن و نزیکەی (3%)ی زیندانییەکانیش هاووڵاتیانی بیانین، لەکاتێکدا لەو ساڵەدا توانای لەخۆگرتنی زیندانەکانی ئێران (140) هەزار کەس بووە.

ساڵی (2019) و دوای نۆ ساڵ بۆ یەکەمجار ژمارەی زیندانییەکان لەئێران دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت و بە رێژەی (20%) بۆ کەمتر لە (200) هەزار زیندانی کەم دەبێتەوە.

رێکخراوی نێودەوڵەتیی زیندانیانی جیهان ئاشکرای کردووە ژمارەی زیندانیانی ئێران لەساڵی (2020)دا (189)هەزار کەس بووە، کە بەراورد بەساڵی (2014) ژمارەی زیندانیانی ئەو وڵاتە بە رێژەی (25%) کەمی کردووەو بەرپرسانی زیندانەکانی ئێران رایانگەیاندووە زیاتر لە (52%)ی ئەو زیندانیانە پێشتر پێشینەی زیندانیکردنیان هەبووە و (47%) بۆ یەکەمجار بووە کەسزای زیندانیی بەسەریاندا جێبەجێ کراوەو رێژەی (36%)ی ئەو زیندانیانە بەهۆی سزادان لەسەر تاوانی بەکارهێنان و مامەڵە بەماددە هۆشبەرەکان بووەو رێژەی تاوانی دزین و رفاندن (29%)و تاوانی کەسی یان کێشەو دوژمنداریی کەسی (10%) بووە.

خامنەیی و لێخۆشبوون

لەبەندی (11) لەیاسای ژمارە (110)ی دەستوری ئێران ئاماژە بەوەکراوە کە تەنها یەک کەس بە راوێژ لەگەڵ سەرۆکی دەزگای دادی ئەو وڵاتە دەتوانێت لێخوشبوونی گشتی بۆ تاوانبارو زیندانیان دەربکات، کەئەویش رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران عەلی خامنەییە.

ساڵی (2019) بەهۆی یادی (40) ساڵەی دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێران  لێبوردنێکی گشتیی بەفەرمانی عەلی خامنەیی، دەردەکرێت کە (94)هەزار زیندانیی دەگرێتەوە و  نزیکەی (61) هەزار زیندانیی لەو وڵاتە ئازاد دەکرێن، بەڵام ئەمساڵ و لەیادی (42)ساڵەی کۆمارەکەدا لێخۆشبوونی بۆ سێ هەزارو (840) زیندانیی وڵاتەکەی دەرکردووە کە لێخۆشبوونەکە ئازادکردن و سوککرنی سزای ئەو ژمارە زیندانیەی لەخۆگرتووە.

خەرجیی سەرسوڕهێنەری زیندانەکانی ئێران

بەرپرسانی زیندانەکانی ئێران رایانگەیاندووە؛ ساڵانە بڕی (54) ملیۆن تمەن کەدەکاتە نزیکەی دوو هەزار دۆلار بۆ بژێویی و خزمەتگوزاریی هەر زیندانییەک تەرخان دەکرێت، کە بەپێی ژمارەی زیندانییەکان دەبێت ساڵانە نزیکەی چوار ملیار دۆلار بۆ زیندان و زینداییەکان لەئێران تەرخان بکرێت، ئەمەش کێشەی گەورەی بۆ بودجەی ئەو وڵاتە دروستکردووە و پەرلەمان حکومەتی ناچار کردووە بۆ دابینکردنی ئەو بڕە بودجەیە بەشێک لەکەلوپەل و ئامێرە حکومەییەکان بخاتە زیادکردنی ئاشکراوەو ئەمەش جێگەی گومانی زۆری میدیاو چاودێرانی دۆخی ئێرانە، چونکە دۆخی خزمەتگوزاریی بۆ زیندانیان لەو وڵاتە لەخراپترین ئاستدایە.

ئەو بڕە لەخەرجی و تێچووی خزمەتگوزاریی زیندانیان لەکاتێکدایە کە بەوتەی بەرپرسانی پەروەردە لەئێران بڕی تێچوو خەرجییەکانی یەک ساڵی هەر خوێندکارێک بۆ حکومەت لەو وڵاتە دوو ملیۆن و (700) هەزار تمەنە، کەدەکاتە نزیکەی (110) دۆلارو ئەم بڕەش بەراورد بەو پارەیەی بەناوی خەرجییەوە بۆ هەر زیندانییەک خەملێنراوە زۆر کەمترەو جیاوازییەکی سەرسوڕهێنەریان هەیە.

کۆماری پێشێلکردن

لەساڵی (1979)و دوای هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەئێران، ئەو دەسەڵاتە لەماوەی (42) ساڵ حوکمڕانیدا تەنها لەدوو ساڵدا بڕیارنامەی لەلایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بۆ دەرنەکراوەو دۆسیەی مافی مرۆڤ و مافی مەدەنیی ئەو دەسەڵاتە لەنەتەوەیەکگرتووەکان رەشە و رەنگە ئەمەش بووبێتە هۆی ئەوەی بەیەکێک لەو وڵاتانەی کە بەزیاترین پێشێلکاری و گەورەترین زیندان لەجیهاندا ناسرابێت.

رێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران (هرانا) لە راپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بەدۆخی مافی مرۆڤ لەساڵی (2020) لەئێران ئاشکرای کردووە کە لەو ساڵەدا سزای (668) هەزارو (130) رۆژ زیندانی کەدەکاتە (22) هەزارو (271) مانگ زیندانی و سزای (23) هەزارو (946) قامچی و (236) سزای  لەسێدارەدان بەسەر زیندانیانی ئەو ڵاتەدا سەپێنراوە، کە (72%)ی سزای سێدارە بەنهێنی جێبەجێ کراوەو (80%)ی سزاکەش بەسەر تاوانبارانی کوشتنی بەئەنقەستدا سەپێنراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار