لەڕەخنەی تەنکەوە بۆ ڕەخنەی قوڵ
حسێن محمود
4 ساڵ لەمەوپێش
حسێن محمود
پرسی پیسبونی ژینگە یەکێکە لەپرسە هەرە گرینگەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ کە مرۆڤایەتی و هەسارەی زەوی بەدەستیەوە گیرۆدەیە . لەم نێوەشدا هەڵس وکەوتی مرۆڤ بەرامبەر سروشت جێگای پرسیاری گەورەیە . بەشێوەیەکی گشتی دو دیدگا یاخود دوقوتابخانەی سەرەکی هەیە لەسەر چۆنیەتی بەرخوردی مرۆڤ لەگەڵ هەسارەی شین (زەوی) یەکەم / ئیکۆلۆجیای تەنک : جۆرێکە لە ڕەخنەی ژینگەیی کەبابەتی سەرەکی تیایدا بریتیە لە تەندروستی مرۆڤ و دابین کردنی سەلامەتی لەڕێگای پاکڕاگرتنی ژینگەو سەوزکردن و ڕیسایکلین وئەم بابەتانە .
واتا خۆشگوزەرانی مرۆڤ لێرەدا بابەتی چڕو سەنتڕاڵە . هاوکات ڕەخنەی ئیکۆلۆجی eco-criticism هاوشانی ئەم جۆرەیە لە ڕەخنەی تەنک کە زۆر جار پێشی دەگوترێ ڕەخنەی سەوز ، ئەم ڕەخنەیە بەشێکی نوێ یە لەژینگەناسی ولەتوێژینەوە ڕۆشنبیری و ئەدەبیەکانداسەری هەڵداوە، شیکردنەوەی ڕۆڵی ژینگەی سروشتیە لە دروست بون و هاتنەئارای ڕۆشنبیریەکی کۆلەکتیڤ (دەستەجەمعی ) لەساتەوەختێکی مێژوییدا ئەویش لە ڕێگەی کەشفکردنی چیەتی ژینگەوپەیوەندی بە مرۆڤەوە ، هەروەها چۆنیەتی تەوزیفکردنی ژینگە لەسیاقی (ناوکۆیی ) ئەدەبی و ڕۆشنبیری و ئیستاتیکیدا. دوەم / ئیکۆلۆجیای قوڵ: جۆری دوەمە لەژینگەناسی کەبەزاراوەزانستیەکەی پێی دەوترێ deep ecology .ئیکۆلۆجیای قوڵ تێڕوانینێکی فکری وفەلسەفیە بۆ ژینگە ، خاوەنی سەرەکی ئەم تێزە فەیلەسوفی نەرویجی( ئارنی نایس) ە ، 1912 -2009 . تێزی سەرەکی نایس بریتیە لە ڕێزگرتن لەهەمو بونەوەرێکی زیندو وەک بەهایەک لەخۆیدا . لێرەدا چەمکی ژینگەپارێزی قوڵترە لەوەی تەنیا لەخەمی خۆشگوزەرانی مرۆڤدا بێت ، بەڵکو ژینگە پارێزی زیاتر لەمەدەڕوانێ و لەخەمی هەمو هەسارەی زەویە بەهەموو بونەوەرەکانی ، بۆیەش ناونراوە ئێکۆلۆجیای قوڵ . لەژینگەناسی قوڵدا هیچ بونەوەرێک نابێت بکوژرێ چونکە هەمو بونەوەرێک هەڵگری حیکمەتێکی ئیکۆلۆجیە.
نایس لەهەشت خاڵی سەرەکیدا تێزەکەی خۆی چڕکردۆتەوەو جەخت لەوە دەکاتەوەکە گەشەسەندنی ژیانی مرۆیی و نامرۆیی لەسەر گۆی زەوی خودبەهایە واتا هەڵگری بەهای زاتیەو دەبێ ڕێزی لێبگیرێ ، بۆیە بونی فرەچەشنی ژیان جەخت لەسەر بەرواڵابون و چەسپاندنی ئەم بەهایانە دەکاتەوەو مرۆڤ بۆی نیە کاربکات بۆ کەمکردنەوەی ئەم فرەیی یە تەنیا بۆپێداویستیە سەرەکیەکانی نەبێت. لێرەشەوە جەخت لەسەر مۆڕاڵی بەرپرسیاریەتی دەکرێتەوە . ئەڵدۆ لیۆبۆڵد 1887-1948 فەیلەسوفی ئەمریکی جەخت لەسەر ڕەهەندی بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی دەکاتەوە لەبەرامبەر ژینگەدا و لەم نێوەشدا زاراوەیەکی داهێناوە بەناوی (اخلاقیات الارض) واتا مۆڕاڵی زەوی پارێزی .
هەوڵەکانی لیۆبۆڵد دابڕاێکی مەعریفی یە لە ئەخلاقیاتی ژینگەیی ،چونکە پرسارە سەرەکیەکەی ئەو بریتیە لە بارودۆخی مرۆڤ لەسەر هەسارەی زەوی ، دەبێ دۆخی مرۆڤ گۆڕانی بەسەردا بێت و لە مرۆڤێکی غازی و هێرشبەرەوە ببێتە هاونیشتیمانیەکی ئاسایی سەر گۆی زەوی ، ئەمەش پێویستی بە ڕێز هەیە ڕێزگرتن لە خود و ڕێزگرتن لە سروشت .مۆڕاڵی ژینگە پەروەری و سروشت دۆستی پێویستی بە ڕوحێکی پاک هەیە کەزۆر جار پسپۆڕانی ئەم بوارە بەجۆرێک لە سۆفیزمی ژینگەیی ناوی دەبەن ، ڕوحێک کە سنورێک دادەنێ بۆ ئەوەی چیدی ژیان ناشیرین نەبێت .