ئەوانەی بە سوپای سوریا و دەزگا ئەمنیەکان ناسراون کێن!!!

2 كاتژمێر لەمەوپێش



شاهۆ پاڵانی

هەڵبەتە ڕوخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا، بە وەرچەرخان و خاڵێکی مێژوویی و دەستپێکی قۆناغێکی نوێ دادەنرێت بۆ سوریەکان و ناوچەکەش. سەرەتا یەکێتی ئەوروپاو ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوا بەگشتی خوێندنەوەو هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆیان بۆی هەبوو و بە ووردی و تەنانەت بە گومانیشەوە چاودێری دۆخە نوێیەکەیان دەکرد. هۆکاری ئەمەش ئەوە بوو کە ئەو لایەنەی کۆنترۆڵی دیمەشقی گرتە دەست ( هەیئەی تەحریر شام HTS) و گروپە چەکدارەکانی تری هاوپەیمان و سەر بەو ڕێکخراوە بوون، بە سەرۆکایەتی ئەبو محەمەد جۆلانی ،  کە تا ئەو کاتەش لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانانەوە، وەک سەرکردەیێکی توندڕەوی جیهادی و تیرۆست داواکراو بوو.

یەکەمین سەردانی وڵاتانی ئەوروپاش بۆ سوریای دوای ڕووخانی بەشار ئەسەد بریتی بوو لە سەردانەکەی وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا کە بە دیاریکراوی لە بەرواری 03.01.2025 بوو، کە تەنها بیست و شەش ڕۆژ بەسەر ڕوخانی ڕژێمی بەعسی سوریا تێپەڕی بوو. لەو سەردانەدا وەزیرانی دەرەوەی ئەڵمانیاو فەرەنسا، چەند پەیامێکی ڕوونیان بەناوی یەکێتی ئەوروپاوە بە ئەحمەد شەرع دا. ئەوان خواست و ئومێدی یەکێتی ئەوروپایان گەیاندە دەسەڵاتی نوێ، کە خوازیارن حکومەتی داهاتووی سوریا حکومەتێکی دیموکراسی فرەیی بێت و مافی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبییەکانی تێدا پارێزراو بێت.

(ئەحمەد شەرع) یان لەوەش ئاگادار کردەوە، کە، گەرەنتیکردنی ئاسایشی کورد لای ئەوان گرنگەو پێویستە مافەکانیان وەکو پێکهاتەیەکی سەرەکی لە سوریا پارێزراوبێت، لەم سۆنگەیەوە هانی دەسەڵاتی نوێیاندا، بە زووترین کات گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات بکەن، بۆ بتەوکردنی زەمینەی سەقامگیری و بەدیهێنانی ئاشتی لە سوریادا. بۆ ئەمەش هاوکاری و پشتیوانی یەکێتی ئەوروپایان نیشادا، بەڵام بەڕاشکاویش پێیان گووت بە بێچەوانەوە یەکێتی ئەوروپا هەرگیز نابێتە هاوکارو پشتیوان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی.

ئەوەی من مەبەستمە لەم وتارەدا باسی بکەم و لەو دەرگایەوە پێکهاتەی بەناو سوپاو دەزگای ئەمنی سوریا بخەمە بەر وردبینی و هەڵسەنگاندن و شڕۆڤە،  هێرشە چەکداریەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی (تەدمور) ە کە بوە هۆی کوژرانی دوو سەرباز و وەرگێڕێکی ئەمریکی و چەند ئەندامێکی هێزی ئەمنی سوری. سەرەتا هەوڵی پەردەپۆشکردنی پێشهاتەکە درا، بەوەی گوایە ئەم هێرشە لە لایەن شانە چەکدارە نهێنبیەکانی داعشەوە ئەنجامدراوە، بەڵام هەر زوو ڕاستی ڕووداوەکە ئاشکرا بوو و وەزارەتی ناوەخۆش دانی بەوەدا نا، کە ئەو کەسەی هێرشەکەی ئەنجامداوە ئەندامی هێزە ئەمنیەکانی سەر بە وەزارەتی ناوەخۆی سوریا بوە.

ئەگەر لەو گۆشەنیگایەوە خوێندنەوەیەکی شیکاری و هەڵسەنگاندن بۆ سوپاو دەزگا ئەمنیەکانی سوریا بکەین، ناکرێ ڕابردوو، پاشخانی فکری و ئایدیۆلۆژی پێکهاتەکەی فەرامۆش بکەین، کە خۆی لە کۆمەڵێک گروپی میلیشیای توندڕەوی سەلەفیزمی جیهادیدا دەبینێتەوە. ئەم گروپە میلیشیایانە کاتێک لە قۆناغی بەرەنگاری و ئۆپۆزسیۆنیدا دەگوازنەوە بۆ قۆناغی دەسەڵات و حکومڕانی، ڕەنگە شێوەو فۆرمی جیاواز لەناو سیستەمی حکومڕانیدا بە ڕواڵەت وەربگرن، بەڵام ئەوە بەو مانایە نایێت کە ئیتر بیرو ئایدیۆلۆژیای ڕابردوویان جێهێشتبێت و جیاوازتر لە جاران هەڵسوکەوت بکەن و بیربکەنەوە.

خۆ ئەگەر بە ووردی سەنج بدەین، سوپای سوریا و دەزگا ئەمنیەکانیەکانیشیان تەنانەت لە شێوەو ڕواڵەتیشدا لە هێزی نیزامی دەوڵەت ناچن، ئەوان هێزێکی پۆشتەو یەکپۆش و ڕێکپۆش نین و سەرو بیچمیشیان هەمان سەرو سەکوتە ترسناکەکەی جارانەو مرۆڤ سڵیان لێ دەکاتەوە. هەر ئەوش نا، بەڵکو لە هێرشەکانی سەر عەلەویەکانی کەناراوەکان و سوەیدای دروزەکان، ڕووی ڕاستەقینەی کردار و ئاکاری خۆیان بە کۆمەڵکوژی بەربەریانەی خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچانە، تەنها لەسەر بیرو باوەڕی جیاواز، نیشانی ڕای گشتی جیهان دا، خۆ ئەگەر کوردانی ڕۆژئاوا خاوەنی هێزێکی پۆشتەو خاوەن ئەزموون و بەتوانای وەکو هەسەدە نەبونایە، هەمان چارەنووسی عەلەوی و دروزەکانیان بەسەر ئەواندانیشدا دەهێنا. 

بەشێک لەو گروپانەی لە ئێستادا بوونەتە پێکهاتەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوەخۆی ڕژێمی نوێی سوریا، بریتین لە ( کەتائیبی تەوحید و جیهاد، ئەنسارول تەوحید، پاشماوەکانی داعش، بەرەی نوسرە بە سەرۆکایتی جۆلانی، جەیشی ئیسلام و چەند گروپێکی سەر بە ئیخوان و قاعیدە و هی تریش) کە بە هەشت بۆ دوازدە گروپی چەکدار دەخەمڵێنرێن. بەشێک لەو گروپانە خەڵکی بیانی لەخۆدەگرن کە سوری نین، وەکو: هەندێک توندڕەوی وڵاتانی ئەوروپایی وەک فەرەنسا و بەلجیکا، ڕەوەندی بەڵکان، کە پێکهاتبوون لە کۆمەڵێک چەکداری خەڵکی کۆسۆڤۆ، ئەلبانیا و باکورری مەقدۆنیا، گروپی چەکداری تری ئاسیای ناوەڕاست بەتایبەت (ئۆیگۆر و چیچانی) کە پێشتر ئەبو محەمەد جۆلانی توانی هەموو ئەو گروپ و میلیشیایانە بە پشتیوانی هەندێک وڵاتی ئیقلیمی لە چوارچێوەی هەیئەی تەحریری شام (HTS) دا ڕێکبخات و خۆی سەرکردایەتیان بکات.  

هەموو ئەو گروپانەش بیرو باوەڕیان دەگەڕێتەوە بۆ یەک سەرچاوەی توندڕەوی، ئەویش سەلەفیزمی جیهادیە. هەڵبەتە ئەو گروپە جیاوازانە لە ڕابردوودا و لەسەردەمی ململانێکاندا پێش یەکگرتنیان، ململانێ و شەڕ و پێکدادان لە نێوانیاندا هەبوە و لە پێشبڕکێی ڕاستەوخۆدا بوون لەگەڵ یەکتر لەسەر فراوانخوازی، دەسەڵاتی زیاتر و بەدەستهێنانی پشتیوانی دەرەکی. بۆیە ئەم ڕکابەریانە بەفەرمانێکی ئیداری و ڕێکخستنی ئەو گروپانە لە چوارچێوەی وەزارەتێکدا کۆتاییان پێنایەت و هەموو کاتێک ئەگەری سەرهەڵدانەوەی هەیە، بەتایبەتیش لەئێستای سەردەمی حکومڕانیدا بۆ بەدەستهێنانی پلەو پۆست و دەسەڵات و دەسکەوتی زیاتر. 

سەرباری ئەمانەش لە کاتی کەوتنی دیمەشق زۆربەی بەندیخانەکان شکێنران، ئەمەش بوە دەرفەتێک بۆ ئازادبوونی ژمارەیەکی زۆری سەرکردەو چەکدارانی گروپە توندڕەوەکان، کە پاشان چوونەوە ناو گروپەکانیان و دواتریش تێکەڵی وەزارەتەکانی ناوەخۆ و بەرگری کران. هەموو ئەمانەش فاکتەری جیددین بۆ نەبوونی دیسیپلین و پرەنسیپی دڵسۆزی و پارێزگاری لە نیشتیمان و پاراستنی ئاسایشی خاک و خەڵکەکەی. هەر بۆیەش( ئەحمەد شەرع ) ی سەرۆکی ڕاگوزەری سوریا، لە ئێستادا بۆی ئاسان نیە کۆنترۆڵ و باڵادەستی بەسەریاندا هەبێت. 

لەلایەکی تریشەوە ئەحمەد شەرع پێگەێکی بەهێزی نیە وەک سەرۆکی وڵاتێک، هۆکاری ئەوەش نەبوونی پشتیوانی بنکەیێکی جەماوەری بەهێزە لەناو سوریەکاندا، چونکە ئەو تەنها سەرۆکی میلیشیایەکی توندڕەوی چەکدار بووەو سەرئەنجامی ئاڵنگاری و گۆڕانکاریە خێراکانی ناوچەکە، بە پشتیوانی هەندێ وڵاتی هەرێمی وەک تورکیا و قەتەر دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و بە دیفاکتۆ خۆی کرد بە سەرۆکی سوریا. بۆیە ئەو بە هەر نرخێک بێت خواستی مانەوەی لە دەسەڵاتدا هەیەو هەر ئەمەشە وایکردوە سازشی زۆر بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا بکات لە ئێستادا، بۆ قایمکردنی پێگەی خۆی.

سەردانەکەی ئەم دواییانەی بۆ ئەمریکاو چاوپێکەوتنی لەگەڵ ترەمپ دەرخەری ئەو ڕاستیەیە و هەر لەوێش ڕەزامەندی خۆی نیشاندا بۆ چوونە ناو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لە دژی داعش و تیرۆر. ڕەنگە ئەوەی لە تەدمور ڕوویدا، یەکەمین کاردانەوەی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئایدیۆلۆژیای داعشی بێت لە بەرامبەر ئەو بڕیارەی ئەحمەد شەرع دا، ئیتر ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن، کە لەمەودوا ئەو جۆرە ‌هێرشانە لە شوێنە جیاوازەکانی سوریادا دووبارە ببنەوەو تەشەنە بکات، دووریش نیە پەلبکێشێت بۆ لێکترازان و شەڕی ناوەخۆش.

بۆیە تێکەڵکردنی میلیشیاکانی پێشووی ژێر کاریگەری بیری توندڕەوی داعشی و سەلەفیزمی جیهادی، وەک بەردی بناغەی سوپا و دەزگا ئەمنیەکان، هەرگیز نابنە سوپایەکی نیشتیمانی  پارێزەری سەروەری وڵات و دەزگای پاراستنی ئاسایشی هاونیشتیمانیان. بەڵکو لە درێژخایەندا مەترسیەکی جیددی لەسەر دامەزراندنی سوریایەک دروستدەکات، کە بە سەروەری یاسا و دەستوور بەڕێوەبچێت و بڕوای بە ئازادی و دیموکراسی و مافی تەواوی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبیەکان هەبێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار