بەشیر حەداد بۆ لایەنە سیاسیەکان: یەکڕیزیتان کاریگەری لەسەر ھێز و پێگەی کورد دەبێت

3 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کردووەتەوە، چونکە یەکڕیزیی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ھێز و پێگەی کورد و نوێنەرانی کوردستان دەبێت لە بەغدا.

دوای کۆبوونەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان. دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە و  ھیوای خواست ئەو کۆبوونەوەیە ببێتە ھەوێنی یەكڕیزی و یەکدەنگی نێو ماڵی کورد و دروستکردنەوەی ھاوپەیمانی کوردستانی له پەرلەمانی عێراق.

 بەشیر حەداد رایگەیاند: "ئێمە بەردەوام جەختمان لەسەر یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کردووەتەوە، چونکە یەکڕیزیی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ھێز و پێگەی کورد و نوێنەرانی کوردستان دەبێت لە بەغدا و ئەزموونی رابردووشمان سەلماندوویەتی کە تەنیا بە یەکڕیزی و یەک دەنگی دەتوانین خواست و داواکاری و مافی گەلەکەمان بەدەست بھێنین."

جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوان وەکو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە گرنگییەوە تەماشای پەیوەندی نێوان ھەولێر و بەغدا دەکەن و لایان گرنگە کە ئەو پەیوەندییە دۆستانە بێت و ھەردوو لا کار بکەن بە ئاراستەی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان و دەربازکردنی وڵات لەو قەیرانە دارایی و تەندروستیەی تێی کەوتووە".

رۆژی چوارشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند دەبن بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی 2021. 

حەداد وتی: "ئێمە پێشوازی لە ھەڵوێستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین سەبارەت بە دەربڕینی پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێكردنى ياساى بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021، داواش لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین پابەند بێت به یاسای بودجە و تەواوی ماددەکانی وەک خۆی جێبەجێ بکات."

ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی گوتووە، "تاكه‌ رێگه‌ى تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان، پاراستنى ماف و ده‌ستكه‌وته‌كان و پێگه‌ى ده‌ستوورى و فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان، ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزييه."

لە کۆبوونەوەکەدا، بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، په‌يوه‌ندييه ده‌ره‌كييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ردانى نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ فه‌ره‌نسا، رۆڵى هه‌رێمى كوردستان له‌ هاوكێشه‌ سياسييه‌ تازه‌كاندا، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ديالۆگى ستراتيژيى ئه‌مريكا ـ عێراق و به‌شدارى و رۆڵى هه‌رێمى كوردستان تێیيدا، هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق، بارودۆخى ناوخۆ و په‌يوه‌نديى نێوان پێكهاته‌ و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، تاوتوێ كراوە.

کۆبوونەوەکە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون. لە حیزبەکانیش، بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، کاوە مەحموود، سکرتێری حیزبی شیوعی کوردستان، ئایدن مەعروف لە پێکهاتەی تورکمان و ئانۆ جەوھەر لە پێکهاتەی کریستیانەکان بەشدار بوون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار